لەم دواییانەدا سەردانی شارۆچکەیەکی بچوکم کرد لە باکوری ویلایەتی تەکساس کە دەنگ و سەدایەکی زۆری هەیە بەهۆی رێگای دایناسۆرەکانەوە. کاتیک پیاسەم دەکرد بە درێژای ڕووبارەکەدا، هەنگاوم دەنا بەسەر شوین پێى زەبەلاحەکانەوە، بیرم کردەوە ئەو داینەسۆرە زەبەلاحانە سەدان ساڵە بونیان نەماوە بەلام مرۆڤێکی وەک من بە ترس و لەرزەوە هەنگاو دەنێ بە شوینپیکەیاندا.
ئەمە وایلیکردم رەنگدانەوەی پێبدەم لە بواری پێشەی پەروەردەیى خۆمدا. ئایا من دەبێ چ تێڕوانینێک و هەستیکم جێهێشتبێ لە دڵ و مێشکی فێرخوازانمدا کە وانەم پێیان وتووە، خوازیارم ئەو یادگاری و هەستانەی جێم هێشتوون مایەی دلخۆشی بووبێتن بۆیان. یەکێک لەو هەستانەی کە ئارەزوو دەکەم بمبەخشیبێ ئەوەيە سەرکەوتوو بوبم لە توانای تێگەیاندنی فیرخوازەکانم لە وانەکەمدا.
مەبەستم چیە لە سەرکەوتن؟ سەرکەوتن بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز نیە،سەرکەوتن پلەبەندی نییە لە نێوان فێرخوازاندا ئەمما سەرکەوتن گەیشتنە بە شارەزای و زانیاری پێویست.
خوازیارم فێرخوازانم هەست بەوە بکەن کە ئەوەی فێری دەبن گرنگە لە بیریان بمێنێ و بەها بەو زانستەیان بدەن کە سودی بۆیان هەیە لە ئیستا و لەداهاتوودا. داوایان لێدەکەم ئاوڕێک لە ئەزمونی خوێندنیان بدەنەوە کە چی زۆر باش فیر بوون و لە بیریان نەچۆتەوە. وەکو مامۆستایەکی زمانی ئیسپانی چێژ دەبینم کە فێرخوازانم سەرکەشی دەکەن لە فێربونی زمانی ئیسپانیدا.ئەم سەرکەشیە دەبێتە هەوێنی هەوڵدانیان بۆ قسەکردن بەو زمانە و بەخشینەوەی شادمانی.
پلانی بەمەبەست وئەندێشە ئامێز
بۆ ئەوەی فێرخوازان بە باشی فێر ببن گەرەکە مامۆستا سەرجەم ئەزمونەکانی خۆی بەکاربێنێت بە زیاتریشەوە. هەوڵ و ماندونێکی زۆری دەوێ لەبەرئەوەى ئەو فێربوونە بە بێ هودە نایەتەکایەوە. هەوڵ دەدەم فیرخوازانم ئەوەیان بیر بمینێ کە فێری دەبن و خۆشیان بیرورای خۆیان دەرببڕن لەسەر ئەو بابەتەی وەریانگرتووە و زانیاری نوێ بەرهەم بێنن، بە ئەندازەیەک ببنە بەرهەمهێنەری زانیاری.
پێشبینی دەکەم بۆ فیرخوازەکانم کە لە رێگەی پراکتیزەکردنەوە تواناکانی زمانەوانی، لێهاتووی و کارامەییان بەرەو پێش ببەن. بەو پلانانە فێربونێكی بێشومار دێتە کایەوە، فێرخوازان دەبێت وتوێژ بکەن لەمەڕ ئەو چەمکانەی پێیان ئاشنا نین تا دەگەنە ئاستی فێربونی لە یادنەچوو.
لە کۆتایدا هەوڵ دەدەم تێبینی تەواو گونجاو دەستەبەر بکەم لەسەر پرۆسەی گەشەسەندنیان بۆ ئەوەی ئاشنابن بەوەی ئەوەی دەیزانن دەتوانن بەکاریبێنن و وتوێژی لەسەر بکەن،
تێبینیەکان دەتوانرێ وەڵامی پرسیار ، کویز،ڕۆڵگێران و وتوێژ بێت. لە دەرەنجامی ئەو فێربونەوەیە کە فێرخواز کاتێک تەوقە دەکات و لەگەڵ هەڤاڵانی وتووێژ دەکا، نانی بەیانی دەخوا چێژیان لێدەبینێ.
بنیاتنانی چێژ و بروا بەخۆبوون.
لە کۆتایدا ئەگەر خوێندکار هەستیکرد کە سەرکەوتووە لەوەی فێری بووە لە کڵاسەکانی مندا، ئەوا توانایەکی زۆر دەبەخشن پێیان کە دەرخەری دڵنیاین بۆ ئەوەی کە توانای فێربوونیان هەمیشە لە هەڵکشاندایە. هەروەها ئارامیەکی بێ وێنە بەرۆکی من دەگرێ لەو کاتەدا من حەز دەکەم لە هۆڵەکانی فێرگەکەمدا پیاسە بکەم و قسە بکەم لەگەل فێرخوازانم کە فێری زمانی ئیسپانی بوون، چ هەستێکی خۆش دەبەخشێتە من کە دەزانم فیرخوازانم لە ناخەوە ئاوێتەی ژینگەیەکی فێرکاری بوون…! کاتێک زەردەخەنە دەکەن هەست دەکەم کە چێژی فێربوونیانە بۆ زمانەکە ئەو شادمانییەی درووستکردووە.
زۆر کات فیرخوازان لەوانەی بیرکاری ئەزمونێکی ناکامیان هەیە و هەستیکیان بۆ درووست دەبێت کە هەرگیز لەو وانەیەسەرکەوتوو نابن و خۆی لێ بەدوور دەگرن بەهۆی نەڕەخساندنی ئەو ژینگە فێرکارییەوە. گەنجانێکی بی شومارمان هەیە کە نەفرەتیان لە بیرکاری کردووە بۆ هەمیشە. لە لایەکی ترەوە وانەیەکی وشکی وەکو بیرکاری لەئاکامی نەبوونی ژێنگەیەکی فێرکارییەوە فیرخواز دەخاتە باروودۆخیکی خراپەوە تا دەگاتە بارودۆخی فۆبیا یاهەر ئاریشەگەلێکی تر کە دەبێتە بەربەست لە بەردەم پڕۆسەی فێربوون ( من بەختم هەبوو کە مامۆستایەکی باشی وانەی بیرکاریم هەبوو).
فێرکردنی بەسۆزانە
هەمیشە ئیمە وروژاندن و پەرۆشی نیشاندەدەین کاتێک وانە دەلێینەوە. هەوڵدەدەین کە هەستێکی پۆزەتیڤ ببەخشین بە فێرخوازانمان کاتیک لە پۆلدا زانیاری ئاڵوگۆڕدەکەین. فێربوون بەردەوام دەبێت و گەشە دەکات بەستایشکردنی فێرخوازان،بەم شێوەیە فێرخوازان ئامادە دەکەین بۆ فێربونێکی بێکۆتا.
تەمەننا دەکەم لە پێنج بۆ دە ساڵى داهاتودا فێرخوازانم دەرەنجامی ئەو پەیوەندی و فێربونە بێ کۆتاییەیان بۆ دەربکەوێت و ئەزموونی بکەن لە ژیانی داهاتوویاندا.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه
وەرگێر: هیوا زێرە
هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد
ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا