دەمویست قسە لەگەڵ کەسێک بکەم. بەڵام کێ؟ ئەمانە وێنای ئەو کاتانەن کە پێوستی زۆرت بە کەسێکە، بەڵام جیهان لە چاوتا بچوکە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.
با چارەسەری بکەین هەمووان ناو بەناو شتێکیان هەیە بۆ وتن. فێرخوازانی زمانی دوەمیش بە هەمان شێوە. وەک فێرکارێکی زمانی دووەمی خوێندنی سەرهێڵ یاخود ناو پۆل، گرنگە وا لە قوتابیەکانت بکەیت هەست بە ئاسودەیی بکەن کاتێک قسە دەکەن. قوتابیان هەست بە شەرمەزاری دەكەن کاتێ پێیان وایە ناتوانن بە ئینگلیزیەکی ڕەوان قسە بکەن، لەوانەشە کێشەکە تەنها شەرم بێت. وەک پەروەردەکارێک، پێویستە پرسیارلە خۆت بکەیت کە چۆن کاریگەری لەسەر ژینگەی فێربوون دروست دەکەیت:
- ئایە قوتابیەکان لە ئەنجامدانی هەڵە دەترسن؟
- ئایە بابەتەکان لە ئاستی ئەواندایە؟
- بابەتەکان بەجوانی ڕووندەکەیەوە بە نمونەوە؟
- وانەکانت یەکدەگرنەوە لەگەڵ هۆکار و ڕێگای دڵخوازی فێربوون؟
- ئایە قوتابیەکانت هاندان و ئارەزوویان بۆ فێربوون هەیە؟
دوای ئەوەی ئەو پرسیارانە لە خۆت دەکەیت و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی ڕاستگۆیی خودی گۆڕانکاری لە شێوازی فێرکاری خۆت ئەنجام دەدەیت، ئەو کات دەتوانیت بە ڕێگای دیکە قوتابیەکانت هانبدەیت بۆفێربوونی زمانی ئینگلیزی.
١. ڕەوانبێژی بنیادبنێ
لە بیرت بێت گرنگترین شت ئەوەیە کە پێویستە قوتابیەکانت تا بکرێت بە ئینگلیزی قسە بکەن. چەند زیاتر ڕاهێنان بکەن، ئەوەندە باشتر قسە دەکەن. چەند باشتر قسە بکەن ئەوەندە بڕوابەخۆبوونیان زیاتر دەبێت. بە بەردەوامی ئەم خولە ڕەوانبێژی بەدەست دەهێنرێت. بابەتی ڕێزمان مەکە بە چەقی وانەکانی خۆت. مامۆستا ئاخاوتن و درێژدادڕی لە ڕوونکردنەوەی بابەتەکان ناکات. وەڵامدانەوەی بە کۆمەڵ ئەو بۆ ئەو کاتانەی کە قوتابیان هەمان وەڵام دەڵێنەوە ئامرازێکی کاریگەرە بۆ پێشخستنی کارامەیی وشەزانی کە ڕێگا خۆشکەرە بۆ تێگەشتن، جا وشەیەک، دەستەواژەیەک، ڕستەیەک، یا گفتوگۆیەک بێت. ئەم رێگەیە یارمەتی سەرکەوتنی فێرخوازان دەدات. کەواتە وا لە قوتابیەکانت بکە قسە بکەن و ڕایان بهێنە لەسەر قسەکردن.
٢. جەخت لە پێداویستیەکانی تاک بکە
لە توێژینەوە پەروەردەکانی ئەمڕۆدا ئەم بابەتە کورتکراوەتەوە لە ژێرناوی پەروەردەی جۆربەجۆر، پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی هەموو قوتابیان، یا جیاکردنەوەی ژینگەی فێربوون لە ژیانی ڕاستەقینە،هتد.، گرنگە کە تۆش جەخت لە یەک بە یەکی قوتابیان بکەیت. ئەو کارامەیە هەڵبژێرە کە بۆ قوتابیەکە پێویستە فێری ببێت و شێوازی فێرکردنت بگونجێنە لەگەڵ پێداویستی قوتابیەکە. کاتێک کە قوتابی A کێشەی هەیە لە تێگەشتن لە ئەلفوبێ و دەنگەکانی سەرەتای وشە، قوتابی B ڕەنگە وەکو قۆناغێکی چوار بخوێنێتەوە، دڵنیام توشی ئەم حاڵەتانە دەبن. بابەتەکانی خوێندن پێویستە لە ئاستی قوتابیان دابێت. دیدگای من بۆ فێربوون بریتیە لەوەی کە “هەموو قوتابیان توانای فێربوونیان هەیە بە مەرجێک شیوازی فێرکردنی گونجاو پەیڕەو بکەین.” ئەم ئەرکە لەسەر تۆیە وەک مامۆستا کە دەبێت ئەو بابەت و کارامەییە پێشکەشی قوتابیان بکەیت کە پێویستیانە.
٣. بەرزترین ڕێژەی خواست بۆ تێکەڵبوون فەراهەم بکە
هەموومان باشتر فێردەبین ئەو کاتەی کە پەیوەستین. بیر لەو ساتانە بکەوە کە پڕۆسەی فێربوون زۆر خۆش بووە لات. هەوڵبدە ئەو شێوازە فێرکاریانە چاولێبکەین. ئایا ئەوکات مامۆستاکەت بەم شێوەیە ئاوێتە بووە لەگەڵ پۆلەکە وە ئایا پەیوەندی مامۆستا لەگەڵ ئێوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن، دادپەروەری، هێمنی و قبوڵکردن بوو؟ لەوانەیە پلانی وانەکانی مامۆستا تەنها پلانێکی ناچالاک نەبووبێت. چالاکیەکانی ناوپۆل ڕەنگە جوڵەیی بووبن کە هاوکاربووبێت لە بەردەوامی ئاستی سەرنجی قوتابیان. ئایا مامۆستایەکی داهینەرت هەبووە کە ئامرازی جۆربەجۆری بەکارهێناوە وەکو فلاش کارت، یاری، گۆڤار، رۆژنامە، وێنە، سەردانی مەیدانی، پڕۆژە، تەکنەلۆجیا، ڕۆڵ نواندن، میوانداری وتاربێژان، لاسایکردنەوە، یاخود دیالۆگی پرسیار و وەڵام؟ ئایا شیوازی کارکردنی تاکە کەسی، گروپی بچووک وهەموو پۆلەکە بە یەکەوە بەکارهاتووە؟ ئایا قوتابیان ڕایان وەرگیراوە لە پڕۆسەی فێربوون و وەرگرتنی زانیاری بە پێی خواست وپێویستی؟
٤. ببە بە نمونە بۆ قوتابیان
بەستنەوەی وانەکانی ناو پۆل بە خودی قوتابیان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای ئاخاوتنیان. قسەکردن بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و ڕوون وادەکات فێرخوازانی زمانی دووەم تێبگەن. ئەو وشانە هەڵبژێرە کە ئاسانن بۆ تێگەشتن. ئامرازی فێرکاری وێنەیی بەکاربهێنە چونکە وادەکات کە قوتابیان لە هەمان کاتدا فێری ئاڕاستەکانیش ببن. بەکارهێنانی دوو شێوازی فێرکاری یان زیاتر دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی تێگەشتن و فێربوون. بە بابەتەکاندا بچۆوە و دووبارەیان بکەوە تاوەکو بەباشی فێری دەبن. هەمیشە ئەرێنی بە بەرامبەر قوتابیەکانت و بە پیاهەڵدان هانیان بدە بۆ قسەکردن. پەیوەند یەکی کراوە و پتەو بنیادبنێ کە مەبەست لێی گرینگیپێدان بێت بە تاک بە تاکی قوتابیان کە لە ئەنجامدا گشتیان کۆشش دەکەن بۆ ئەوەی ببنە جێی ڕەزامەندیت. متمانەم پێبکە کە دەبیتە خاوەنی پۆلێکی سەرکەوتووی فێرخوازانی زمانی دووەم.
٥. کات بدە بە قوتابیان
فێربوونی زمان بریتیە لە پڕۆسەیەکی گەشەسەندن. گرنگە ئەوەیە بزانی کە فاکتەرەکانی فێربوونی زمان بێشومارن. کاتێ کە گفتوگۆ دەکەیت لەگەڵ قوتابیەک، کات بدە پێی بۆ ئەوەی وەڵامت بداتەوە. هەرکاتێ قوتابیەکانت کێشەیان هەبوو لەگەڵ چەمکێک یا کارامەییەک، یارمەتیان بدە بۆ تێگەشتن. هەمووان ڕێگەیەکی جیاوازیان هەیە بۆ فێروونی شتەکان، هەرکاتیش ئەو ڕاستیەت قبوڵ کرد، ئەو کات پرۆسەی فێربوون تام و چێژی بۆ خۆت و قوتابیەکانت دەبێت.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجي
وەرگێڕ: جوتیار جلال حسن
هەڵەچن: خەبات رەفیق محمد
دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا