(iStock/evgenyatamanenko )

کام جۆرە لە ئەزموونەکانی دەنگ وا لە منداڵان دەکات بە باشترین شێوە فێربن؟

لە تاقیگەی دەمارزانی بیستن لە زانکۆی نۆرس وێسترن (Northwestern)، کراوس و هاوپیشەکانی چۆنیەتی کاردانەوەی مێشکیان ئەندازە کرد کاتێک کە دەنگە جۆراوجۆرەکان دەچنە گوێوە. بۆیان دەرکەوت کە مێشک کاردانەوەی بۆ دەنگ دەبێت لە ماوەی یەک لە ملیۆنی چرکەیەکدا، هەروەها شەپۆلەکانی مێشک تا ڕادەیەکی زۆر لە شەپۆلەکانی دەنگ دەچن. کراوس ووتی، تێگەشتن لە دەنگ یەکێکە لە کارە ژمێریارییە ئاڵۆزەکانی مێشک، کە دەریدەخات بۆچی ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشی وەک نەخۆشییەکانی زمان و هی تریش، بە ئۆتیزمیشەوە، لە ڕیگای چاودێریکردنی کارکردنی مێشک لەسەر دەنگ، دەستنیشاندەکرێن. ئەو شێوەیەی کە مێشک کاردانەوەی بۆ پێکهاتەکانی ئاستی دەنگ، جۆری دەنگ، و مەودای دەنگ دەبێت، ڕەنگدانەوەی تەندروستی مێشک و تواناکانی فێربوونە.

کراوس بۆی دەرکەوت کە کاردانەوەی مێشک بۆ دەنگ لای منداڵانی تەمەن سێ ساڵ پێشبینی توانای خوێندنەوەیان دەکات. هەروەها تاقیگەکەی دەتوانێت دەستنیشانی ئەو منداڵانە بکات کە ڕەنگە کێشەی خوێندنەوەیان هەبێت پێش ئەوەی ئەو منداڵانە نیشانەکانی کێشەی زمانیان تیادا دەرکەوێت. کراوس ووتی، ئەم جۆرە پێشبینیکردنە، دەکرێت یارمەتی خوێندنگەکان و دایک و باوکان بدات کە سەرچاوەکان ئاراستەی ئەو شوێنانە بکەن کە زۆر پێویستیانە. مێشک دەگۆڕێت لە ئەنجامی کاردانەوەی بۆ ئەو دەنگانەی کە کاریان لەسەر دەکات؛ مێشکی سێ ساڵانێک توانای خۆ گونجاندنی هەیە ئەگەر ژینگەی دەنگ بگۆڕێت.

هەرچەندە هەموو مێشکێک جێ پەنجەی خۆی هەیە لە کارکردن لەسەر دەنگ، بەڵام هەندێک ژینگەی دەنگی باشترن لە هەندێکی دیکە لە بەرەوپێشبردنی فێربووندا. کراوس ووتی، پێویستە دایک و باوکان و مامۆستایان “هانی ئەو چالاکییانە بدەن کە پەرەپێدانی دەنگ بۆ مانا بەرەوپێش دەبەن.”  بۆیە کراوس چەند پێشنیارێکی کردارییانە پێشکەش دەکات بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە ژینگەیە جا لە ماڵەوە بێت یاخود لە خوێندنگە.

ژاوەژاو کەم بکەرەوە:

پێشینەی ژاوەژاوی درێژ خایەن پەیوەندی بە چەند کێشەیەکی بیستن و فێربوونەوە هەیە: دەبێتە هۆی ژاوەژاوی پەیوەندیدار بە هەستە دەمارەوە، ئەمەش واتە ڕاهاتنی دەمارەخانەکان لەسەر ئەنجامدانی گەیاندنی کارەبایی(گەیەندنی کارەبایی ئەو چالاکییەیە کە دەمارەخانەکان پیی هەڵدەستن لە کاتی وەرگرتن یاخود ناردنی زانیاریدا، بیستنی دەنگیش ورگرتنی زانیارییە و پێویستی بە لێکدانەوە و پاشان ناردنەوە هەیە لەلایەن مێشکەوە) بەهۆی ژاوەژاوی پێشوەوە بەم شێوەیەش دەمارەخانەکەنی مێشک تەنانەت لە کاتی نەبوونی دەنگیشدا، خۆڕسکانە گەیاندنی کارەبایی ئەنجام دەدەن و ئەو گەیاندنانەش دەنگ لە ناوەوەی مێشک بەرهەمدەهێنن؛ هەستیاری مێشک بۆ دەنگ کەم دەکەنەوە؛ و گەشەی بیستن هێواش دەکەنەوە. توێژینەوەیەک لەسەر دوو پۆلی سێی جیاواز، کە یەکێکیان دەڕوانێت بەسەر ڕێگایەکی گشتیدا و ئەوی دیکەش لە تەنیشت کێڵگەیەکی بێدەنگە، دەریخستووە کە ئەنجامەکانی فێربوون بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە لای ئەو مناڵانەی کە لە ژوورە ئارامەکەدان. لەبەر ئەوەی وەرگرتنی ژاوەژاو و کەوتنە بەر ژاوەژاو دوو شتی بەیەکەوە بەستراون؛ بۆیە بەزۆری هەتا ژینگەکە ژاوەژاوی زۆرتر بێت وەرگرتن کەمتر دەبێت. دابینکردنی شوێنی بێدەنگ زۆر گرنگترە بۆ منداڵە ناکامەکان. لە خوێندنگەکاندا، ئەمە مانای بنیادنانی پۆلێکی ئارام دەگەیەنێت، بە لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندییە دەنگییەکان.

بە دەنگی بەرز بخوێنەرەوە:

تەنانەت پێش ئەوەی منداڵان خۆیان توانای خوێندنەوەیان هەبێت، گوێگرتن لە چیرۆکەکان کە لەلایەن ئەوانی ترەوە دەگێڕدرێنەوە؛ ووشەسازی گەشە پێدەدات و یادگەیەکی کارا بنیاد دەنێت. بۆ تێگەشتن لە چۆنیەتی پەرەسەندنی ڕووداوەکانی  چیرۆک، پێویستە گوێگرەکان ئەوەیان لە یاد بمێنێت کە پێشتر ووتراوە. بۆ ئەو منداڵانەی لە هەژاریدا گەورە دەبن، بەرکەوتن لەگەڵ ووشە ووتراوەکاندا بایەخی تایبەتی هەیە، وەک توێژینەوەکان ئاماژەی پێ دەدەن ئەم منداڵانە مەیلی بیستن لایان کەمتر لە ٣٠ ملیۆن ووشە دەبێت لە تەمەنی پێنج ساڵیدا. هیچ هۆیەک نییە بۆ وەستان لە خوێندنەوەی چیرۆک بە دەنگی بەرز کاتێک کە منداڵەکان بۆ خۆیان دەتوانن بخوێننەوە. کراوس ووتی، “ئەوەی کەسێک هەبێت بۆت بخوێنێتەوە شتێکی ناوازەیە،” بەتایبەت ئەگەر کەسێک کاتێکی زۆری ڕۆژەکەی لە خۆ نوشتاندنەوە بەسەر لاپتۆپ یاخود نوقوم بوون لە ناو کتێبدا بەسەر بردبێت. دەشێت گوێ بیستبوونی ئەو چیرۆکانەی کە بە باشی دەگێڕدرێنەوە؛ خوێندکار دووربخاتەوە لە کێشە ڕۆتینییەکانی و بیباتە جیهانێکی دیکە.

بۆچی خوێندکاران شتیان بیردەچێتەوە، و تۆ دەتوانیت چیبکەیت؟

هانی منداڵان بدە ئامێرێکی مۆسیقی بژەنن:

کراوس ووتی، “پەیوەندییەکی ئاشکرا هەیە لە نێوان مۆسیقا و بەهێزکردنی  کارامەییەکانی زمان، بۆیە هێشتنەوەی پەروەردەی مۆسیقا لە ناوەندی پەیڕەوی خوێندندا، دەکرێت قازانجی گەورەی بۆ تێگەشتن و، لایەنی سۆزداری و، تەندروستی پەروەردەیی منداڵان هەبێت،” دوو ساڵ فێرکردنی مۆسیقا لە خوێندنگە سەرەتاییەکان و تەنانەت لە خوێندنگە ناوەندییەکانیشدا، دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییە بایۆلۆجییەکان، لەوەی چۆن مێشک کار لەسەر دەنگ دەکات،  کە لە بەرامبەریشدا کار لە گەشەسەندنی زمان دەکات.

گوێ لە کتێبی دەنگی و تۆماری دەنگی بگرە:

ئەو چیرۆکانەی کە بە باشی دەگێڕدرێنەوە دەتوانن منداڵان ڕابکێشن و کارامەییەکانی سەرنجدان و یادگەیەکی چالاک بنیادبنێن تیایاندا. لەم ساڵانەی دواییدا ژمارە و کواڵیتی ئەم تۆمارە دەنگییانە زیادی کردووە، ئەمەش دۆزینەوەی تۆماری دەنگی باش و گونجاوی بۆ تاک و پۆلەکان زۆر ئاسانتر کردووە. کراوس ووتی،” بڕێکی زۆر گەورە لە زانیاری فێرکاری لەشێوەی تۆماری دەنگی هەیە،” مامۆستایان دەتوانن ڕاهێنانەکانی گوێگرتن بکەن بە بەشێک لە بەرنامەی وانە ووتنەوەیان.” لە خولەکەی کراوسدا کە لەسەر بناغە زیندەوەرزانییەکەی قسە و مۆسیقایە، بە نموونە، کراوس تۆمارێکی دەنگی دیاری دەکات لە بەرنامەی (WNYC)  لە ئێستگەی ڕادیۆ بە ناونیشانی دیوارەکانی جێریکۆ، بۆ ئەوەی یارمەتی خوێندکاران بدات باشتر لە یەکەی پێوانی تینی دەنگ تێبگەن.

پشتگیری فێربوونی زمانی دووەم بکە:

گەورە بوون لە ژینگەیەکی دوو زمان زانیدا وا لە مێشکی منداڵ دەکات کە توانای فێربوونی دوو زمانی هەبێت لە هەمان کاتدا. ئەو بەرەنگارییەی پێویستە بۆ تێگەشتن لە دوو زمانی جیاواز هانی پەیوەندی کردارەکانی نێوان بیستن و کۆئەندامی دەمار دەدات، و تواناکانی دەمار بۆ سەرنجدان بەهێز دەکات. هەروەها فێربوونی زمانی دووەم پەیوەندیدارە بە بەرەوپێشچوونەکان لە ڕاپەڕاندنی فرمانە  ئاڵۆزەکانی مێشکدا.

دوور بە لە ئامێرە دەنگییە سپییەکان:

لە هەوڵێکدا بۆ ئارامکردنەوەی منداڵان بۆ خەوتن، هەندێک لە دایک و باوکان ئامێرە دەنگییەکانیان لە ژوورە نووستنەکاندا داناوە. ئەم ئامێرانە، کە “دەنگی بێ مانا” بڵاو دەکەنەوە، وەک کراوس ئاماژە بە دەنگەکانیان دەکات، دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن مێشک گەشە بە سووڕی پێکەوە بەستراوی کارکردن لەسەر دەنگ دەدات.  کراوس ووتی، “مێشکی منداڵ هەمیشە بۆ مانا دەگەڕێت.” “ئەگەر تۆ دەنگی بێ مانایان بدەیتێ، پێدەچێت کاریگەری تێکدەرانەی لەسەر ڕێکخستنی مێشکیان هەبێت.”

ئەو ستراتیژانەی کە پێویستە لەگەڵ فێرخوازانی بیربڵاودا بەکاربهێنرێن

بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیا لە بەرژەوەندی خۆت بەکاربهێنە:

لەبری سکاڵاکردن لەسەر ژاوەژاو و دەنگی بەرزی بەردەوامی ژیانی ڕۆژانە، کە بەشێکی زۆری لە ئەنجامی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیاوەیە، پێشوازی لە هەلە نوێکانی دەنگ بکە کە ئەم پێشکەوتنانە دەستەبەری دەکەن. ئەو تەکنەلۆژیایانەی جیهانی بوونی دنیا لەیەک نزیک دەکەنەوە دەبنە هۆی فێربوونی زمانی دوووەم. ڤیدیۆکانی ئینتەرنێت بوار بە مۆسیقاژەنە ئارەزوومەندەکان دەدات کە گوێ بگرن یاخود فێربن لە مۆسیقاژەنەکانی دیکە کە هەمان پارچە دەژەنن. ئاسانی گواستنەوە دەرفەتی بیستنی جۆرەکانی دیکەی دەنگ دەڕەخسێنێت کە ڕەنگە نموونەیی نەبن لە ژینگەی ناوخۆییدا. ئامێرە یارمەتیدەرەکانی بیستن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە قەرەبووکردنەوەی کێشەکانی لەدەستدانی توانای بیستن و کێشەکانی زمان. دروست بەکارهێنانی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان دەکرێت لە بنیادنانی پەیوەندییەکانی دەنگ بۆ مانادا بەکاربهێنرێت. دەکرێت هێدفۆنە دەنگ پوچەڵکەرەوەکان یاخود دەمەوانە ئاساییەکانی گوێ کە پارچە پلاستیکی بچووکن بۆ داخستنی گوێ بەکار دێن، بە پێی پێویست بەکاربهێنرێن بۆ پەکخستنی دەنگە نەخوازراوەکان کە هەندێک لە تەکنەلۆژیاکان بڵاوی دەکەنەوە. 

سەرچاوەی بابەت: ئێره ببينه

سەرچاوەی وێنە: ئێره ببينه

ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: شۆخان محەمەد هادی

هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود

دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Shokhan Mohammed Hadi

شۆخان محمد هادی هەڵگری دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانکۆی سلێمانی. ئەزموونی کارکردنم لە خوێندنگا ناحکومی و پەیمانگاکانی فێرکردنی زماندا هەیە. باوەڕم بە گرنگی پەروەردە و ڕۆلی گەورەی مامۆستا هەیە. بۆیە پێم وایە پێویستە مامۆستا ئامادە بکرێت پاشان بنێردرێتە پۆلەکانی خوێندن؛ بۆ ئەمەش بە پلەی یەکەم هەوڵ و پەرۆشیی مامۆستا بۆ پیشەکەی خۆی، پاشان سیستمێکی پەروەردەیی پێشکەوتوو پێویستە کە بەردوام لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی مامۆستاو پشتگیریکردنیدا بێت. بەڵام نەبوونی سیستمێکی لەو شێوەیە هەرگیز ئاستەنگ نیە لەبەردەم خوێندنەوەو هەوڵی خۆ بەرەرەو پێشبردنی بەردەوام لە لایەن مامۆستا خۆیەوە؛ چوونکە پێم وایە مامۆستا بەرپرسی یەکەمە لە گەیاندنی زانیاری بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و لەبیر نەکراو. لە ئێستادا خوێندکاری ماستەرم لە (ئەدەبی جیهانی) لە ووڵاتی مالیزیا.

لێرەش بگەڕێ

بونيادنانى نەرمونيانى هزرى لاى خوێندكاران

له‌ ڕۆژگارى ئه‌مڕۆدا، ڕه‌هه‌نده‌كانى پێوانه‌سازيى تواناى هزريى خوێندكاران پتر له‌ جاران گرنگتر و پڕبايه‌ختربووه‌. ئه‌و …

Share via
Send this to a friend