لەزۆربەی خۆێندنگاکاندا، سەرپەرشتیارانى پەروەردەیی بە بەردەوامی سەردانی پۆلەکان دەکەن، تا ببینن كاروبارەكان چۆن دەڕۆن. سەردانە کورتەکان زۆرجار بە بێ ئاگادار كردنەوەو لەناكاوە، وە سەردانە درێژخایەنەکانيش بریتین لە چاودێری وردو بەپلان. وەک ئاماژەى بۆكراوە، لە کورتەی گفتوگۆیەکی ELT (وانەبێژی زمانی ئینگلیزی)دا، چەندین شێوازی چاودێری ورد هەیە، هەر لە چاودێری یەکترو، چاودێری خود، تا گەشەپێدان و هەڵسەنگاندن. سروشتی تەواوی سەردانە کورتەکان لە ناوەندێكەوە بۆ يەكێكى تر دەگۆڕێت، بەڵام بیرۆکە گشتیەکە سەیرکردنێکی خێرای وانەکە و فێرخوازەکان و مامۆستاکەیە.
بەکورتی، ئەوەی کە سەردانە کورت و چاودێرییە وردەکان هاوبەشن تیایدا، ئەوەیە کە کەسێکی دیکە، زۆرجار سەرپەرشتیاری پەروەردەییە، دێتە پۆلەوە بۆ بینینی بەشێک لە وانەیەکی ئاسایی.بەڵام ئایا مامۆستاو خوێندکارەکان لەکاتی سەردانەکەدا بە ئاسایی ڕەفتار دەکەن؟
ڕەفتاری مامۆستا
بەم دواييانە لە گفتوگۆيەكمدا لە گەڵ هاوڕێيەك، کە ئێستا مامۆستایە، بەڵام پێشتر فێرخوازی زمانى ئینگلیزی بووە، بۆی ڕونکردمەوە کە چۆن مامۆستای پسپۆڕی وانەکەيان، زۆربەی وانەکەی بە گفتوگۆکردن بەسەر بردووە، لەگەڵ ئامادەکاریيەکی کەم.بەڵام لەو ڕۆژانەی کە سەرپەرشتیار دەهاتە پۆلەوەو چاودێری وانەکەی دەکرد، شتەکان بە تەواوەتی دەگۆڕدران. فێرخوازەکان دەبوایە هەستن و تێکەڵ بەیەکبن، لاپەڕەی چالاکی بەسەردا دابەش دەکردین و، تەنانەت دوو دوو و بە شێوازى گروپیش کارمان دەکرد. بە ڕێگەیەکی تەواو جیاواز لەوەی پێشوتر وانەكەمان بەڕێدەكرد.
ئەمە یەکێکە لەو نموونانەی کە مامۆستایان چۆن دەکەونە ژێر کاریگەری کلتوری نواندنەوە، لە وتنەوەی زمانی ئینگلیزیدا. هۆكارى نواندنەكەش ئەوەيە كە بيسەلمێنن ئەمان ئەو كارە دەكەن، كە لێيان چاوەڕێدەكرێت. لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر مامۆستا ڕاهێنەرەکان لەوە تێنەگەن، کە لە ڕاستیدا وانەکان چۆنن؟ کەواتە چۆن دەتوانن لەو یارمەتیيانە تێبگەن، کە مامۆستایان پێویستیانە بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر. وانەیەک کە لەڕووکەشدا بەو شێوەیە نەبێت، کە خوێندنگەیەک چاوەڕێی دەکات، بە پێچەوانەوە لەوانەیە وانەیەکی زۆر سەرنج ڕاکێش بێت. بەڵام چۆن کەسێک بزانێت کە خۆی لە پشت نواندنەوە دەشارێتەوە؟ لەکورتەی ئەو گفتوگۆیەى ELTدا کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، جیم سکریڤینەر ئاماژە بە پێویستی جیاکاری نێوان “چاودێری هەڵسەنگاندن” و “چاودێری بەرەوپێشبردن” دەدات. بۆ زياتر ڕوونکردنەوەی ئەم جیاکارییە بۆ مامۆستایان، دەتوانين بڵێين ئەوەی یەکەميان لەلایەن سەرپەرشتیاری پەروەردەییەوە دەكرێت و، ئەوەی دواتر لە لايەن “مامۆستای پایەبڵند” یاخود یاریدەدەری سەرپەرشتیار. بەم شێوەيە مامۆستایان دەزانن کە دەبێت چیبکەن، وە ترسی بەرەوپێشچوونیان نابێت، کاتێک کە لەوانەیە ڕوبەڕوی کێشەی جدی ببنەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر. بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە سەرپەرشتیار ئامادە نابێت لە کاتی “چاودێری بەرەوپێشچوون”دا.
ڕەفتاری خوێندکار
زۆربەی خوێندکاران وەک مامۆستاکەیان، هەر کە پەیوەندیەکی کارکردن لە نێوانياندا چێبوو، ئيدى زۆربەی جار بە خاڵە بەهێزەکانی مامۆستاکەیان ئاشنا دەبن و، وە خاڵی لاوازی خۆیان پشتگوێ دەخەن. ئەمەش لە ئەنجامی هەبوونى ویستی سەركەوتن لە لاى مامۆستاکەوە، دروست دەبێت. بەتایبەت کاتێک کە لە شێوازی وانەوتنەوەکە ڕازیبن، وە پێی کاریگەر بن.
ئەگەر هەر گۆڕانێک لە ڕەفتاردا ڕووبدات، لە کاتی چاودێریکردندا، ئەوە ئاسایيە كە زۆرتر لە لايەن مامۆستاکەوە بێت. لەگەڵ ئەمەش گۆڕینی ڕەفتاری فێرخوازان شتێکی زۆر ئاساییە، بەتایبەت کاتێک دەزانن بەڕێوەبەر لە ناو پۆلدایە. بۆچی بیانەوێت مامۆستاکەیان بخەنە مەترسیەوەو خراپ دەرکەوێت؟! لە کاتێکدا دهزانن کە لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕینی مامۆستاکە، یان خراپتر، چاودێریکردنی زیاتر.
لە چاودێریيەکی ئەم دواییانەی پۆلێکی نهوجهوانان، کە لە دۆخى ئاسایی دا بەباشی ڕەفتاریان نەدەکرد، نمایشی فریشتە ئاسای فێرخوازەکان شایەنی خەڵاتی ئۆسکار بوو! لەو کاتەوەی کە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هاتە ناو پۆل، تا ئەو کاتەی جێیهێشتن. یەک قاچیش لە شوێنی خۆی نەجوڵا وهیچ بەرگری یاخود هیچ توانجێکی ژێرلێو نەبیسترا، وە هیچ دوودڵ نەبوون، کاتێک داوایەكيان لێدەکرا. فێرخوازەکان وەک فێرخوازی ناو دەقی کتێبەکان ڕەفتاریان دەکرد، کە هەموومان لەسەریان دەخوێنینەوە. دواتر سەرپەرشتیار ژورەکەی بەجێهێشت، بە هەستێکی خۆشی وا كە بارودۆخەكە ڕوو لە باشيدايە.
هەرچەند، كاروبارەكان تەنها لە ماوەی ئەو ٤٥ خولەکەدا بە باشی دەڕۆشتن، هێندەى نەبرد نمایشەکە کۆتای پێهات.
چەند ڕێنماییەک بۆ چاودێران”سەرپەرشتياران”
١. دەبێ ئەوەت لە بیربێت، کە ئەوەی دەیبینیت، بە پلەیەک یان زیاتر نمایشە و ٪١٠٠ پیشاندانی دۆخەکە نیە.
٢. چاودێری ڕەفتاری فێرخوازەکان بکە و، تێبینی بنووسە لەسەر ئەوەی کە کاردانەوەیان چۆنە بۆ چالاکیەکان؟ ئايا تا چەند دەیانەوێت نواندن بکەن؟ هەوڵبدە ئەوەندەى لە توانادايە تێبینی کۆبکەیتەوە. هەستەو بگەڕێ بەناو پۆلەکەدا تا ببینیت کە چەند بە باشی چالاکیەکان تەواو دەکەن. ئەگەر هەستت کرد کە لە ماوەی چاودێریەکەدا چالاکیەک نوێیە بۆ فێرخوازەکان، پرسیار لە مامۆستاکە بکە، کە تا چەند ئەم چالاکیە بەکاردێنن؟ وەتا چەند بەباشی بیری لەوە کردۆتەوە کە کاردانەوەی خۆێندکارەکان چۆنە بۆی.
٣. پێش كردارى چاودێریکردنەکە، پرسیار لە مامۆستاکە بکە سەبارەت بە فێرخوازەکان، قوتابيە بەهێز و بێهیزەکان دیاریبکەو، ئەوەی ڕەفتاری باشە لەگەڵ ئەوەی باش نیە جیابکەرەوە. پاشان لە کاتی چاودێریکردنەکەدا بزانە یەکسانە لەگەڵ ئەوەی تێبینیت کردوە! ئەگەر وەک یەک نەبوون لە مامۆستاکە بپرسە کە بۆچی وايە؟.
چەند ڕێنماییەک بۆ چاودێریکراوان”مامۆستايان”
١. ئەگەر دەتەوێت چاودێر دیمەنێکی ڕاستی فێرخوازەکان و وانەکەت ببینێت، ئەوا بەو شێوەیە پلان دابنێ کە ئاسایی دایدەنێیت، زۆر لە خۆت مەکە، چاودێر تەنها دەتوانێت یارمەتیت بدات لەوەی کە ئاسایی ئەنجامی دەدەیت، بۆيە باشترە ئەوە ببینێت کە ئاسایی ئەنجامی دەدەیت.
٢. ئەگەر هەستت بەوە کرد، كە فێرخوازەکانت ڕەفتاریان دەگۆڕن لە کاتی چاودێری کردندا، ئەوا پێشتر ئامادەیان بکەو پێیان بڵێ با وەک خۆیانبن. باشترە پێیان بڵیێت کە پاساو چیە تا وانەبن(نواندن نەكەن).
٣. بۆ خۆپاراستنت لەوەی کە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر نەبیتەوە، وا باشترە لەگەڵ چاودێرەکە پێشتر ڕێبکەون . لەسەر تەرکیز خستنە سەر هەندێ تایبەتمەندی لە کاتی چاودێریکردنەکەدا. بەم شێوەیە تەنها بۆ هەندێ بابەت پەستانت دەکەوێتە سەر و، شتەکانی تر بە ئاسایی دەبینیت.
بۆ چاودێریکردنی داهاتوو
هیوادارم ئەمە سود بەخش بوبێت و بیرکردنەوەی وروژاندبێتیت. ئەگەر مامۆستای یان بەڕێوەبەری ELT یاخود ڕاهێنەریت، بۆ هەوڵنادەیت هەندێک لەم خاڵانە بەکاربهێنیت بۆ چاودێریکردنی داهاتووت، وە کۆمێنتێکمان بۆ بنوسە کە چۆن بووە.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه
ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجي
وەرگێڕ: كانی عبداللە
پێداچوونەوە: هەردى عباس
دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا