وێنەکێشان وەک مۆدێلی وانە گوتنەوە

 لای منداڵان وێنەکێشان ئامرازێکی گەورەیە بۆ خاڵی کردنەوەی هەڵچونە دەروونیەکان و ئەو فشارە کۆمەڵایەتیانەی لەسەر منداڵ دروست دەکرێت. بەو هۆیە وێنه‌كێشان چێژێکی تایبەتی هەیە و هەستی ئاسودەیی و دڵخۆشیان پێ دەبەخشێت. ئەمە لەکاتێکدا وێنەکێشان زمانێکی دەرونیە بۆ گوزارشتکردن لەو بۆ چونە کەسیانەی لە بیر و ئەندێشەی منداڵاندا هەیە کە توانا و دەرفەتی دەربڕینیان نەبووە تا ئەم ساتەوەختە، یاخود ئەگەری هەیە فەرهەنگی وشە بەم بڕە لای ئەوان گەشەی نەکردبێت یان هەندێکیان بە هۆی هەستی شەرمنی نەتوانن بە دەربڕینی وشە گوزارشتی لێ بکەن لەبەر ئەوە لە ڕێگەی زمانی وێنەکێشانەوە دەریدەبڕن.

لەنێو پۆلدا مامۆستا مۆدێلێکی سەرنجدراوە لەلایەن فێرخوازەکانی و دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ لاسایی کردنەوەی فێرخوازەکانی. مامۆستا ئەمە وەک دەرفەت بەکاردەهێنێت و دەست دەکات بە وێنەکێشان لەگەڵ فێرخوازەکانی، فێرخوازەکانیش بە پاڵنەر و ئارەزویەکی زۆر حەزی وێنەکێشان دەکەن لەگەڵ مامۆستاکەیان، بەو هۆیە و تەواوی کاتی وانەکە دەبێتە وێنەکێشان نه‌ک تەنها وەک هەندێ لە ڕێگەکانی دیکەی وانە گوتنەوە مامۆستایان هەندێ لە زانیاریەکان لە ڕێگەی وێنەوە دەردەبڕن.

لەم پرۆسەدا مامۆستا بەتەنها وێنە ناکێشێت بەڵکو مامۆستا و فێرخوازەکان لە یەک کاتدا وەک تیمێکی یەکگرتوو هەماهەنگ وێنە دەکێشن. دەرسەکە لە ڕواڵەتدا وێنەکێشانە بەڵام ناواخن و ناوەڕۆکی بریتیە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و فێربوونی بابەتێکی زانستی. لێرەوە دەتوانین وێنەکێشان وەک مێتۆدێکی سەربەخۆ بۆ گوتنەوەی هەندێک لە وانەکانی زانست لە قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی بەکار بهێنین، بەو پێیەی منداڵانی ئەم قۆناغە بە بۆچونی پیاژێ بیرکردنەوەیان “سمبۆلیک” واتە نیشانەییە بەنمونە: کاتێک بیانەوێ بیر لە پێنوسێک بکەنەوە ئەوا بیر لە وێنەی پێنوسەکە دەکەنەوە نەک پێنوسەکە خۆی، بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو دۆخە ده‌روونى و هزرييه‌ی منداڵانی ئەم قۆناغە دەتوانین جۆرێک لە مێتۆدی وانە گوتەوە پێشنیار بکەین بۆ مامۆستایان و پەروەردەکاران. ئەم پرۆسەیەش بەجێ جێکردنی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەبێت:

  1.  مامۆستا داوا لە فێرخوازەکان دەکات دەفتەری زانست دەربهێنن ئەمڕۆ ئەم وانەیە دەخوێنین وێنەی دەکێشین.
  2. لەهەنگاوی دووەمدا مامۆستا دڵنیایی لە ئامادە بوونی فێرخوازەکان وەردەگرێت و دەست دەکات بەوێنەکێشان لەسەر وایت بۆرد و فێرخوازەکانیش لەگەڵ مامۆستا دەست پێ دەکەن. بەڵام مامۆستا بۆ هەرهێڵێک لەکێشانی وێنەکە هەماهەنگی دەکات لە دیزاین و بەجێهێنانی مەعریفی و باسکردن لە ڕێگەی دیالۆگەوە، فێرخوازانیش لەگەڵ دەستی مامۆستا هەنگاو بە هەنگاو وێنە دەکێشن. بەڵام لە کاتی بەجێهێنانی پرۆسەکە مامۆستا چەند جارێک بەسەر فێرخوازەکانیەوە دەگەڕێت بۆ دڵنیایی لە کارەکە و هاوکاریکردنی ئەو فێرخوازانەی توانای وێنەکێشانیان لاوازە، لەلایەکی دیکە ئەم گەڕان و پشکنینە بۆ دەست خۆشیی و پاداشت و هاندان و بینینی کارەکانیانە لەبەر ئەوە منداڵ لە پرۆسەی وینەکێشاندا بەردەوام حەز دەکات کارەکانی پیشانی مامۆستا بدات و دان بە بەها و گرنگیی کارەکەیدا بنرێت، لە سەروبەندی وانەکەدا هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ و پرسیارکردن بەردەوامە لەبارەی ناوەڕۆکی وانە زانستیەکە و هێڵکاریەکانی وێنەکە کە ئامانجی وانەکە بەرجەستە دەکەن.
  3. دوای تەواو بوونی وێنەکەی مامۆستا و فێرخوازەکان لە ساتەکانی کۆتایی وانەکە، دەرفەت هەیە کە هەڵسەنگاندنی کۆتایی لە ڕێگەی چەند پرسیارێکی دیاری کراوی گرنگ لە بارەی ئامانجی وانەکە لای مامۆستا بەڕێوە بچێت. فێرخوازەکان لە کۆتاییدا باشتر دەتوانن لە ڕێگەی وشە و دەربڕینەوە بەشێوەیەکی دروست گوزارشت لەو مەعریفەیە بکەن کە لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە پێی گەیشتون، چونکە گوزارشت لێکردنی لەلایەن فێرخوازەکان لە ڕێگەی زمان “وشە و دەربڕین” پرۆسەیەکی قورس بوو لای هەندێکیان بەر لە خوێندنی ئەم وانەیە. دواجار ئەمە لای ئەوان دەبێتە خاڵی کردنەوەیەکی دەروونی و پرۆسەی بەرهەمهێنای مەعریفە، مەعریفەیەکی چێژبەخش نەک زبر و ڕەق. لای مامۆستا بریتی بوو لە ڕێگەیەک بۆ وانە گوتنەوەی زانست و پرۆسەی فێرکردنی بابەتێکی زانستی لە پۆلێکی ئارام و هاڕمۆنیک کە ئەم مێتۆدە ژینگەی لەم جۆرەی ڕەخساند.

نووسه‌ر: شاڵاو خدر 

هه‌ڵه‌چن: خه‌بات ره‌فيق محمد

سه‌رچاوه‌ى وێنه‌: فێرۆپيديا

دەربارەى Feropedia

فێرۆپيديا پڕۆژەيەكى په‌روه‌رده‌يى كوردييە كە ئامانجى مامۆستايان و كەسانى پەروەردەيى و بەڕێوبەرو پلاندانەر ودايك و باوكانە بە تايبەتى. به‌گشتيش قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەيى و زانكۆو پەيمانگاكانە. بيرۆكەى پڕۆژەكە لەلايەن گروپێك لە مامۆستايانى دەرچووى زانكۆو خاوەن بڕوانامەى باڵاو توێژەرانى بوارى پەروەردە و وانە ووتنەوەو ڕاهێنەرى مامۆستايان لە ناوو و دەرەوەى كوردستان داڕێژراوە. ئەم دەستەيه‌ ئيش لەسەر وەرگێڕانى بابەت و توێژينەوە پەروەردەيى و دەركراوە ئەكاديمى و ڤيديۆ پەروەردەييەكان دەكات بۆ زمانى كوردى لە پێناو خستنەڕوويان بۆ خوێنەرانى كورد بە شێوەيەكى ئاسان و بينراو و بيستراو.

لێرەش بگەڕێ

چۆن قوتابییە سەرەتاییەکانمان فێری سەلامەتی ئینتەرنێت بکەین

وانەیەکی داڕیژراو کە یارمەتی قوتابیەکان و منداڵانی باخچەی ساوایان بدات بۆئەوەی فێرببن کەچۆن سەلامەتبن لەسەر هێڵی ئینتەرنێت.

Share via
Send this to a friend