مامۆستایان هەموو ڕۆژێک مامەڵە لەگەڵ ئەركی ماڵەوەدا دەكەن، بەڵام ئایا بەڕاستی دەزانیت چۆن ئەرکی ماڵەوە بەکاربهێنیت. ئەمانەی خوارەوە ئەو پێنج پرسیارەن کە پێویستە بزانیت لەبارەیانەوە.
پرۆگرامی پەروەردەیی بابەتە باو و گرنگە ستانداردەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە مامۆستایان دەکات كە ستانداردەکان بەرزبکەنەوە بە زیاتر قووڵبونەوە لە بابەتەکان. لە دەرئەنجامدا، ئاستی هەموو شتەکان بەرزکراونەتەوە، ئەرکی ماڵەوە و ناو پۆلیش بەدەر نین لەمە.
برازایەكم، کە لە پۆلی چوارەمە شەوانە بۆ ماوەی ٤٠-٥٠ خولەك ئەركی ماڵەوە ئەنجام دەدات، لەگەڵ خوێندنەوەی دەرەكی و پرۆژەی تر. ئەگەر پشووی سووكە ژەمێك، ئەو کاتەی کە تیایدا خوشکە بچوکەکەی سەرقاڵی دەکات، لەگەڵ ئەو مەودا هزرییە کورتخایەنەی کە قوتابییەکی پۆلی چوارەم هەیەتی بۆ سەرنجدان پێکەوە هەژمار بکەین، ماوەکە دەبێتە دووهێندە. زۆر هەوڵ دەدات و کۆشش دەكات، بەڵام زۆربەی شەوەکان سەری لێدەشێوێت، وورەی دەڕوات و نیگەران دەبێت.
یەكێتی نەتەوەیی دایباب و مامۆستایان ( PTA) پێشنیاری ١٠-٢٠ خولەک لە ئەرکی ماڵەوە بۆ خوێندکارانی پۆلی یەک دەكات لە شەوێکدا، بەم شێوەیەش ماوەی ئەرکی ماڵەوەی هەر قۆناغێک ١٠ خولەکی لە قۆناغی پێش خۆی زیاتر دەبێت (واتە ٢٠ خولەک ئەرکی ماڵەوە بۆ پۆلی دووەم هەتا زیاددەکات و دەبێتە ١٢٠ خولەک ئەرکی ماڵەوە بۆ پۆلی دوانزەیەم) ئەگەر ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بكرێن، ئەوا قوتابی لە پۆلی یەکەوە هەتا پۆلی ١٢ ماوەی ١٣٧,١٦٠ خولەك بە سەردەبات لە ئەنجامدانی ئەركی ماڵەوەدا. كە دەكاتە ٢٢٨٦ كاتژمێر یان ٩٥ ڕۆژی ڕێك لە ئەرکی ماڵەوە.
قوتابییانی ئامادەیی لە فینلەندا شەوانە بە دەگمەن زیاد لە نیو كاتژمێر بەسەردەبەن لە ئەنجامدانی ئەركی ماڵەوەدا. وڵاتەکە بەشێوەیەكی گشتی ڕێگە بۆ منداڵان خۆش دەکات كە بەركەوتنیان لەگەڵ چالاکی داهێنەرانەتردا هەبێت لە ماڵەوە. ئەمەش گرنگە چونكە نمرەی قوتابیەكانییان بە شێوەیەكی بەرچاو باشە لە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتییەکاندا. زۆر خیزان و چالاکوانی بواری پەروەردە لە ئەمریكا شێوازی ئەنجامدانی کارە پەروەردەییەکانمان دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
كەواتە، ئایا ئێمە بە هەڵە ڕێنمایی كراوین بە پێدانی ئەم هەموو ئەركە؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت هەنگاوێك بگەڕێینەوە دواوە و لە بەهای ئەركی ماڵەوە بکۆڵینەوە. ئایا دەبێت چەند ماوە جارێک ئەركی ماڵەوە بدرێت بە خوێندکار؟ هێڵی نێوان زۆر زۆر و زۆر كەم لە كوێدایە؟ ئەمانەی خوارەوە پێنج سەرنجن بۆ یارمەتیدانت لە هەڵبژاردنی ئەرکی ماڵەوە و هۆکاری هەڵبژاردنەکەشی.
١. چەندێك كات پێویستە بۆ تەواو كردنی ئەرك؟ هیچ ڕێنماییەكی دڵنیاكەرەوە یان یاسایەکی ئاڵتونی نییە ئاماژە بەوە بکات کە پێویستە قوتابییان چەند كار لەسەر بابەتەكان بكەن، بەتایبەت لەبەرئەوەی کە ئەرکەکەنیان بە خێرایی جیاواز ئەنجام دەدەن. پێویستە ئەركی ماڵەوە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتری فێربوون. بۆ بەدەستهێنانی ئەمە، دەبێت هەوسەنگی هەبێت لە نێوان لێهاتوویی و كاریگەریدا. چەندێك ئەركەكە پێویستی بە لێهاتوویی زیاتر بێت ئەوەندە بابەتی زیاتر دەخوێنرێت و خوێندکار زیاتر فێردەبێت لە ماوەی ساڵەکەدا.
كێشە گەورەکە لێرەدایە: نابێت ئەوەی کە دەخوێنرێت ئەوەندە بە خێرایی بخوێنرێت کە نەتوانن زاڵبن بەسەریدا، نابێت ئەوەندەش دوور و درێژ بێت کە ببێتە هۆی بێزاری. لەو نێوەندەدا مەودایەکی گونجاو هەیە کە پێویستە هەمووان هەوڵی دۆزینەوەی بدەن.
٢. ئایا هەموو قوتابییەكان ڕەچاو كراون؟ زۆرکات مامۆستایان گریمانەی كاتی پێویست بۆ تەواو كردنی ئەركێک بە پێی ئەو قوتابییانە دادەنێن کە ئاستیان مامناوەندە، ئەو قوتابییانەی كە ئاستیان نزمە دەكرێت دوو یا سێ هێندەی قوتابییەکانی دیکەیان پێویست بێت بۆ تەواوکردنی ئەرکێک. تەنها بیر لە فێرخوازە ئاست مامناوەندەکان مەکەرەوە، ڕەچاوی پێداویستییەکانی هەموو قوتابییەکان بکە.
٣. ئایا دەکرێت ئەركی ماڵەوە پاڵنەر بێت بۆ سەركەوتن لە داهاتوودا؟ دەكرێت ئەرکی ماڵەوەی دوور و درێژتر بدرێت بە خوێندکار بەمەرجێک ئەركەكە بەسوود و مانادار بێت. هەر ئەرکێک متمانە دروست بكات و دەرگای سەرکەوتنی داهاتوویان بەڕوودا بکاتەوە بێگومان ماندوبوونی دەوێت. ئەركە شیاوەکان هانی فێرخوازان دەدەن بۆ بەشداریکردن لە چالاكییەکانی دواتردا وەك لە پەشیمانکردنەوەیان. دەبێت مامۆستایان سودەكانی ئەركی ماڵەوە و ناو پۆل باسبکەن بۆ ئەوەی قوتابییەكان بەپەرۆش بن بۆ بەدەستهێنانی ئەو سودانە. بەبێ باسکردنی سوود، یان ئاگابوون لە ئامانجی ئەركەكان، قوتابی ئەنجامدانی ئەرك بە هۆکارێکی خۆسەرقاڵکردن دەبینێت.
٤. ئایا ئەركی ماڵەوە دەتوانێت بابەتەکان بخاتە چوارچێوەیەکەوە کە ئەرکی ناو پۆل لە توانایدا نەبێت؟ ئەركی ماڵەوە كاتێك كاریگەرە كە فێربوونی ناو پۆل بگوازرێتەوە دەرەوەی دیوارەکانی قوتابخانە. كاتێك قوتابییەكان فێری ڕووبەر دەكەیت، با ئەرکی ماڵەوەیان پێوانەکردنی ڕووبەری ڕەفەیەکی سەلاجەکەیان بێت بۆ ئەوەی بزانن پێویستە قەبارەی ئەو کێکە لاکێشەییە یەک قاتەی کە بۆ ئاهەنگی داهاتوویانی دەهێنن چەند بێت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو ڕەفەیە جێگەی ببێتەوە. كاتێك فێری جۆرەكانی هەوریان دەكەیت، پێیان بڵێ بچنە باخچەی دواوەی ماڵەوەیان بۆ ئەوەی سەیریان بکەن و بیانناسنەوە. وا لە فێربوون بكە ئاوێتەی ژیانی رۆژانە ببێت، بەم شێوەیەش شایستەی ئەو كاتە دەبێت کە بەسەری دەبەن لە تەواوكردنیدا.
٥. ئایا ئەرکی ماڵەوە یارمەتی قوتابییان دەدات کاتێک مامۆستاکەیان لەگەڵ نییە؟ قوتابییەكان دەتوانن کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ماڵەوە کەم بکەنەوە کاتێک زانییان ڕوو لە کوێبکەن بۆ دەستکەوتنی یارمەتی. لە کاتی ئەنجامدانی ئەركی ماڵەوەدا، بە هیچ شێوەیەک مامۆستایان لەوێ ئامادە نین. نابێت ئەركی ماڵەوە تەنها بۆ تاقیكردنەوەی تێگەیشتنی قوتابییەكان بێت بەڵكو پێویستە یارمەتی پێشکەش بە خوێندکاران بکات کاتێک کە پێویستیان بوو. پێویستە مامۆستایان بەستەری وانەی فێرکاری ئۆنلاین بۆ قوتابییەکان دابین بکەن، وەکو ئەكادیمیای خان، كە ڕێنمایی قوتابییەکان دەکات لە کاتێکدا نازانن چۆن ئەرکێک جێبەجێ بکەن.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه
ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجي
وەرگێڕ: ڕۆژ حیدر ڕەشید
هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود
دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا