ماخۆلان یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییە زۆر باوەکان لە منداڵاندا، لە ١٠٠ منداڵ ٨ منداڵ توشی دەبێت، لە ڕەگەزی نێردا نزیکەی دوو ئەوەندەی ڕەگەزی مێیە، دەکرێت منداڵ لە تەمەنێکی زۆر بچوکدا توشی ببێت بەڵام زیاتر دوای چوونە قوتابخانە دەستنیشان دەکرێت، لەلایەن دایک و باوک یان مامۆستاکانیەوە هەستی پێدەکرێت، دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە تەنها پشت بە نیشانەکانی دەبەستێت و هیچ جۆرە پشکنینێکی تاقیگەیی یارمەتیدەر نییە.
چۆن بزانم منداڵەکەم ماخۆلانیەتی؟
ئەم نەخۆشییە پێکدێت لە دوو کۆمەڵە نیشانە، پێکەوە یاخود بەتەنها، ئەوانیش بریتین لە کۆمەڵە نیشانەی جوڵەی لە ڕادەبەدەر و کۆمەڵە نیشانەی کەمی سەرنج (کەمی هزر) بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ و بێ گوێدانە شوێن (واتە لە قوتابخانە و ماڵەوەش هەمان نیشانەی هەبێت).
کۆمەڵە نیشانەی جوڵەی لە ڕادەبەدەر
هەبوونی شەش نیشانە یان زیاتر لەمانەی خوارەوە:
١. ناتوانێت بە هێمنی دابنیشێت لە شوێنێکدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بۆ نمونە لە پۆلدا.
٢. ناتوانێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە هێمنی ڕابوەستێت، واتە قاچەکانی دەدات بە زەویدا یان بەردەوام دەستی دەجوڵێنێت.
٣. ڕادەکات یان سەردەکەوێت بەو شوێنانەدا کە شیاو نین بۆ تەمەنی ئەو.
٤. ناتوانێت بە هێمنی یاری بکات.
٥. هەمیشە شپرز و بەپەلەیە بۆ ڕۆشتن.
٦. قسە زۆر دەکات.
٧. وەڵامی پرسیار دەداتەوە پێش ئەوەی پرسیارەکە تەواو بکرێت، کاتێک کەسێک قسە دەکات قسەکانی بۆ تەواو دەکات یان پێیدەبڕێت چونکە ناتوانێت چاوەڕێ بکات.
٨. ناتوانێت لەو چالاکییانەدا بەشدار بێت کە پێویستیان بە ئارامگرتنە، بۆ نمونە هەرگیز چاوەڕێی سەرەی خۆی ناکات لە ڕیزێکدا، ئەگەر بەشداری ئەم چالاکییانە بکات کێشە دروست دەکات، یان یاری منداڵی تر بەکار دەهێنێت بێ مۆڵەت، یان لە سەرەی منداڵی تردا یاری دەکات.
کۆمەڵە نیشانەی کەمی سەرنج (کەمی هزر)
هەبوونی شەش نیشانە یان زیاتر لەمانەی خوارەوە بە مەرجێک منداڵەکە هیچ کێشەیەکی بینین، بیستن، قسەکردن و تیگەشتنی نەبێت:
١. ناتوانێت سەرنج بداتە ئەو کارانەی کە دەیانکات و بیر لە ئەنجامی کارەکانی ناکاتەوە، وەک لە کاتی وانەکانی قوتابخانە، گفتوگۆکردن یان خوێندنەوەی دورودرێژدا.
٢. سەرنج ناداتە ئەو کەسەی قسەی بۆ دەکات، وەک دەوترێت لە شوێنێکی ترە.
٣. دوای ڕێنماییەکان ناکەوێت کە پێی دەدرێت بۆ نمونە ئەرکەکانی قوتابخانە، لەوانەیە دەست پێبکات بەڵام ناتوانێت بەردەوام بێت و تەواویان بکات.
٤. کێشەی هەیە لە ڕێکخستنی کارەکان و کاتەکانیاندا، هەمیشە ژورێکی شێواوی هەیە، کات و بەرواری بۆنەیەک یان ئەرکێکی بیردەچێتەوە.
٥. حەزی بەو جۆرە کارانە نییە کە سەرنج و ووردەکاری و کاتی دەوێت، خۆی لێیان دوردەخاتەوە، وەک پڕکردنەوەی فۆرم و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی قوتابخانە.
٦. ئەو شتانەی بیردەچێت کە گرنگن بۆ کاروباری ڕۆژانەی، وەک کتیب، کلیل، جزدان و چاویلکە.
٧. بە ئاسانی سەرنجی دەپچڕێت.
هۆکاری ماخۆلان چییە؟
هەتا ئێستا نەزانراوە هۆکاری سەرەکی چییە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان هۆکاری ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و بۆماوەیی کاریگەری هەیە. هەروەها لەو منداڵانەدا زیاترە کە بە ناکامی لەدایکبوون، دایکەکانیان لە کاتی دووگیانیدا جگەرەیان کێشاوە، ماددە کهولییەکانیان خواردوەتەوە یاخود فشارێکی دەروونی زۆریان هەبووە.
هەندێک پرسیاری گرنگ:
١. ئەگەر گومانم کرد منداڵەکەم ماخۆلانیەتی چی بکەم؟
ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکی دەروونی بکە.
٢. چارەسەر چییە؟
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنها ڕاهێنانەوە و ڕاوێژکارییە، لە چەند حاڵەتێکی کەمی دیاریکراودا دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.
٣. ئەگەر منداڵەکەم چارەسەر وەرنەگرێت چی دەبێت؟
منداڵەکەت لاواز و کەمتوانا دەبێت لە قوتابخانە و ناتوانێت وەک منداڵێکی ئاسایی پەرە بە تواناکانی بدات و شت فیرببێت، ناتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەریدا ببەستێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و بەردەوام کێشەی دەبێت لە شوێنی کار و کاتی یاریکردندا.
نوسەر: د. چرۆ ئەحمەد
هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود