هــۆکــارەکــانـی دابــەزیــنــی ئــاســتی زانستی خــوێــنـدکــاران

بەشێکی زۆری مامۆستایان لەم چەند ساڵەی دوایدا درکيان بەوە کــردوە کە ئاستی زانستی خوێندکــاران ساڵ لەدوای ساڵ خراپتر دەبیت . بەجورێک، خوێندکارێک دەگاتە قۆناغی ئامادەیی کەچی هێشتا رێنوسی نوسینەوەی ئەلف و بێی ی کوردی باش نیە ! ئەمەش بەهۆی کۆمەڵە هۆکارێکەوەیە لەوانە :-

 یەکەم

 تەکنەلۆجیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام بەشێوەیەکی خێرا و بەربڵاو  هاتنە هەرێمی کوردستانەوە ، بەحکومی بەکارهێنانی بەشێوەیەکی هەڵەو ناڕێک لەلایەن خوێندکارانه‌وە کە رۆژانە ١٠ بۆ ١٥ کاتژمێر بەکاری دەهێنن ئەمەش وایکردە خوێندکاران پەیوەست بیت پێوەی و لە خوێندن و وانەکانيان داببرێن .

 دووەم / كه‌مى پلان و کەمتەرخەمی حکومەت

حکومەتی هەرێمی کوردستان- لە ساڵانی ٢٠٠٠ بەدواوە بەبێ پلان وبەرنامەيه‌كى تۆكمه‌ و ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی دادەمەزراند لە کەسانی بێ بڕوانامە یان خاوەن بڕوانامە لە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان ، ئەمەش وایکرد ژمارە و رێژەی فەرمانبەرانی بگاتە نزيكه‌ى( 1.249.481 )کەس بەهۆی قەیرانی دارایی و زۆری ژمارەی فەرمانبەرانیەوە لەم ساڵانەی دوایدا دامەزراندنی ڕاگرت ئەمەش وایکرد ساڵانە ژمارەیەکی زۆری دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دانەمەزرێن و لەمالەوە دابنیشن ، بەهۆی چەسپاندنی ئەو یاسایە لەمێشکی هەموو تاکێکی کورد کە دوای وەرگرتنی بڕوانامە پێویستە لەسەر حکومەت دایبمەزرێنێت، وایکردە خوێندکار لە خوێندن داببرێت و ببێتە هۆی خراپ بوونی ئاستی زانستی خوێندکار چونکە دەبینێت لەماڵەوە برا و خۆشکی هەیە و زانکۆی تەواو کردوە و لەماڵەوە بێ ئیش دانیشتوون .

 سێهەم / گوڕینی سیستەمی خوێندن و شێوازی تاقیکردنەوەکان

 أ ــ ساڵانی پێشوو خوێندکار لەسەرجەم قوناغەکانی خوێندنیدا گەر شیاوی دەرچون نەبوایە دەرنەدەچێنرا ، بەلام لە ئێستا لە پۆلی یەکی سەرەتایی تا سێهەمی سەرەتایی کەبنەرەتی فێربوونی قوتابیە فێرببێت یان نا دەردەچێنرێت.

 ب ــ لابردنی تاقیکردنەوەی نیشتمانی قوناغی پۆلی شەشەم و نۆیەمی بنەرەتی .

 ج ــ سالانی پێشوو خوێندکار لەخولی یەکەمدا تەنها دوو بابەت بمایەتەوە دەیتوانی لەخولی دووەمدا تاقیکردنەوە بکات ، بەلام لە ئێستادا خوێندکار سەرجەم وانەکانی بکەوێت مافی هەیە خولی دووەم تاقیکردنەوە بکات ئەمەش وایکردە خوێندکار بێ بایەخ لە تاقیکردنەوەکان بڕوانیت.

 چوارەم / کەمتەرخەمی خــێــزان

 بەشێکی زۆری خێزانەکان کەمتەرخەمن و گرنگی بەخوێندنی قوتابی و خوێندکارەکانیان نادەن و بێ ئاگان لە کاتی دەوامکردن و تاقیکردنەوەکانیان و تەنانەت خێزانی وا هەیە نازانێت منداڵەکەیان لە پۆلی چەندە ! هەروەها ڕۆژانەش هەواڵ پرسینیان نیە لە قوتابی و خوێندکارەکانیان لەسەر ئەنجامی خوێندنیان ، بەشێکی زۆری خوێندکاران بەهۆی چاودیری نەکردنی خێزانەکانیان رۆژانە کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەدەن بە دیار تۆڕە کۆمەلایەتی و کافتریا و گازینۆکانەوە . پێویستە بەخێوکەری خوێندکار ساڵانە بەلانی کەم دوو تا سێ جار سەردانی قوتابخانە و خوێندنگای خوێندکارەکانیان بکەن بەمەبەستی هەواڵپرسین لە ئاستی زانستیان و رەوشتیان .

 پێنەجەم /خــراپی بــاری دارایــی

 خراپی باری دارایی لە دوولاوە کاریگەری هەیە لەسەر ئاستی دابەزینی زانستی خوێندن:

 أ _ بەهۆی خراپی بـاری دارایی و پێنەدان و دواکەوتن و پاشکەوتی زۆرەملێ لە مووچەی مامۆستایان کــاری کردووەتە سەر ژیان و دەروونی مامۆستایان و بەشێکی زۆری مامۆستایان ناچار بۆ رایکردنی ژیانیان دەستیان داوەتە کارێکی تر لەپال پیشەی مامۆستایدا کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر خۆئامادەکردنی مامۆستا بۆ وانەکەی کە نەتوانێت هەقی تەواو بە وانەکەی و خوێندکاره‌كانی بدات .

ب _ خراپی دارایی خیزان کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر خراپ بوونی ئاستی زانستی خوێندکار چونکە بەشێکی زۆری خوێندکار لە دوای دەوام سەرقالی کارکردنن .

 شەشەم

هاوسەرگیری پێش وەختە لەئێستادا بەشێکی زۆری خوێندکاران بەتایبەت کچان لە پۆلی هەشتەمی بنیەرەتی بەسەرەوە بەشوو دەدرێن ، کە ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر خراپ بوونی ئاستی زانستی چونکە ئەو تەمەنە خۆی پێویستی بە چاودیری کردن و بەخێوکردنە .

 لەکۆتایدا پێوێستە لەسەر حکومەت و مامۆستایان و په‌روه‌رده‌كاران و کەس و کاری خوێندکاران هەوڵی جدی بدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی خوێندکاران لەرێگەی بنه‌بڕکردنی ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هــۆی دابەزینی ئاستی زانستی خوێندکار .

نووسه‌ر: ئەیاد محمد سالح

هه‌ڵه‌چن: خه‌بات ره‌فيق محمد

 ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

تێبينى: مه‌رج نيه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ى ده‌نوسرێن و بيروڕاى فێرۆپيديا بێت، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت هانى هه‌موو نووسه‌ره‌ كورده‌كان بده‌ين و سه‌كۆيه‌ك بين بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ييه‌كان.

دەربارەى Feropedia

فێرۆپيديا پڕۆژەيەكى په‌روه‌رده‌يى كوردييە كە ئامانجى مامۆستايان و كەسانى پەروەردەيى و بەڕێوبەرو پلاندانەر ودايك و باوكانە بە تايبەتى. به‌گشتيش قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەيى و زانكۆو پەيمانگاكانە. بيرۆكەى پڕۆژەكە لەلايەن گروپێك لە مامۆستايانى دەرچووى زانكۆو خاوەن بڕوانامەى باڵاو توێژەرانى بوارى پەروەردە و وانە ووتنەوەو ڕاهێنەرى مامۆستايان لە ناوو و دەرەوەى كوردستان داڕێژراوە. ئەم دەستەيه‌ ئيش لەسەر وەرگێڕانى بابەت و توێژينەوە پەروەردەيى و دەركراوە ئەكاديمى و ڤيديۆ پەروەردەييەكان دەكات بۆ زمانى كوردى لە پێناو خستنەڕوويان بۆ خوێنەرانى كورد بە شێوەيەكى ئاسان و بينراو و بيستراو.

لێرەش بگەڕێ

ئایا ئەركی ماڵەوە بەسوودە؟ ئەو پێنج پرسیارەی کە پێویستە هەموو مامۆستایەک لە خۆی بکات

مامۆستایان هەموو ڕۆژێک مامەڵە لەگەڵ ئەركی ماڵەوەدا دەكەن، بەڵام ئایا بەڕاستی دەزانیت چۆن ئەرکی ماڵەوە بەکاربهێنیت. ئەمانەی خوارەوە ئەو پێنج پرسیارەن کە پێویستە بزانیت لەبارەیانەوە

Share via
Send this to a friend