ئەركى ماڵەوە

ده‌توانيت گوێ له‌م بابه‌ته‌ بگريت يان بێيته‌ خواره‌وه‌و به‌رده‌وام بيت له‌ خوێندنه‌وه‌.

[podcast src=”https://html5-player.libsyn.com/embed/episode/id/5392690/height/90/width/450/theme/custom/autonext/no/thumbnail/yes/autoplay/no/preload/no/no_addthis/no/direction/forward/render-playlist/no/custom-color/e25f00/” height=”90″ width=”450″]

 

لە زۆربەى تێكستەكانى ELT و تەنانەت كۆرسى ڕاهێنانەكانيشدا ڕۆڵى ئەركى ماڵەوە زۆر بە دەگمەن باسكراوە، بەو پێيه‌ى گوايە پرسێكى زۆركەم لەسەر بەهاى ئەم بابەتە هەيە سەرەڕاى ئەو كاتە زۆرەى پێويستيەتى. لەگەڵ ئەوەشدا چوارچێوەيەك لەئارادايە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەركى ماڵەوەو سياسەتەكانى وپراكتيزەكردنى ، بەتايبەتيش لە حاڵى ئێستاماندا كە تەكنەلۆژيا سەرچاوەيەكى ئێجگار زۆرى خستۆتە بەردەست خوێندكاران لە دەرەوەى پۆلەكاندا.

  • هۆكاره‌كانى هەبوونى ئەركى ماڵەوە
  • مامەڵەكردن لەگەڵ ئەركى ماڵەوە
  • ئەركى ماڵەوە بە شێوەيەكى كاريگەر
  • جۆرەكانى ئەركى ماڵەوە
  • كۆتايى

هۆكارەكانى هەبوونى ئەركى ماڵەوە

  • ئەركى ماڵەوە هەميشە بۆ خوێندكار و مامۆستاو باوانيش شتێكى چاوەڕوانكراوە.
  • ئەركى ماڵەوە يارمەتيدەرە بۆ لە يادمانەوەى ئەو بابەتانەى كە دەخوێندرێت ، هەروەها بۆ زيادكردنى زانيارى گشتى لەبارەى ئەو زمانەشەوە.
  • ئەركى ماڵەوە حەزى خوێندن و پشت بە خود بەستن زياد دەكات. هەروەها هانى فێرخوازان دەدات بۆ بەكارهێنانى سەرچاوەكانى وەك فەرهەنگ و كتێبە ڕێزمانييەكان. لێكۆڵينەوەيه‌ك دەريخستووە كە ئەركى ماڵەوە يارمەتيدەريشە بۆ بەدەستهێنانى زانيارييە دروستەكان و ڕاهێنانى خود، هاوتا لەگەڵ پەرەپێدانى فێربوون و تواناى چارەسەر كردنى كێشەكان.
  • ئەركى ماڵەوە هەلى ئەنجامدانى ئەو چالاكييانەمان پێدەبەخشێت كە چڕوپڕن و تايبەتن بە تواناى وەرگرتنەوە كە ڕەنگە لە پۆلدا كاتى پێويست نەبێت بۆيان. هەروەها دەكرێت وەكو تەواوكەرێك وابێت بۆ هەندێ بابەتى فێربوونى بەردەوام، وەك پڕۆژەكارو ئەو كتێبى چيرۆكانەى بەپێى ئاستەكان دانراون.
  • ئەركى ماڵەوە يارمەتيدەرە بۆ بەردەواميى وانەيەك، بۆ نمونە وەكو تەواوكەرى ئەركى ناو پۆل، بگرە وەكو ئامادەكارى بۆ وانەى داهاتووش بەكاردەهێنرێت.
  • دەشێت ئەركى ماڵەوە ئەو ڕاهێنان و بابەتانەمان لەكۆڵ كاتەوە كە دووبارەن و كاتى زۆر دەكوژن لەناو پۆلدا.
  • ئەركى ماڵەوە پردێك لەنێوان قوتابخانەو ماڵەوەدا دروستدەكات كە خوێندكارو مامۆستاو باوانيش دەتوانن چاودێرى بەرەوپێشچونەكان بن. بۆيە دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ييه‌كان دەتوانن دايكان و باوكانيش لەم ڕێگەيەوە هاوبەشى پێبكەن تا ئاگادارى پڕۆسەى فێربوون بن.
  • دەكرێت ئەركى ماڵەوە ئامڕازێك بێت بۆ هەڵسەنگاندن شان بەشانى هەڵسەنگاندنە ڕۆژانەو وەرزيى و ووزارييەكان.

مامەڵەكردن لەگەڵ ئەركى ماڵەوە

مامۆستايان لێكدانەوەى جۆراوجۆريان هەيە لەمەڕ ئەركى ماڵەوە. سەرەڕاى زانينى سوودەكانى كەچى تەماشا دەكەن خوێندكارەكانيان بە شێوەيەكى نه‌رێنى مامەڵە لەگەڵ ئەركى ماڵەوە دەكەن. پشكنين و پێدانى فيدباكى گونجاو بە خوێندكارەكان بۆ ئەركەكانى ماڵەوەيان دەشێت كاتێكى باش بۆ مامۆستاكە بگێڕێتەوە بەتايبەتى لە كاتژمێرەكانى پاش قوتابخانە.

  • خوێندكاران خۆشيان سكاڵاى ئەوە دەكەن كە ئەو ئەركانەى پێيان دەدرێت بێزاركەرو بێسوودن، مەبەستيان ئەو ئەركانەيە كە سەعيكردن و بابەتى تاقيكردنەوەى تێدايە، يان شيكاركردنى ڕاهێنانەكانى كتێبى ڕەش و سپى، ياخود تەواوكردنى ئەو شتانەى كە لە پۆلدا تەواونەكراون، يان لەبەركردنى ليستێك ووشە ياخود نووسينى داڕشتنێك. كە كێشەكە خۆى لێرەدايە و دەتوانين تێبينى كاريگەرييە نه‌رێنيەكانى ئەركى ماڵەوە بكەين، ئەميش لە نەمانى ئارەزوو بۆ ئەركى ماڵەوە و تەماشاكردنى وەك جۆرێك لە سزادان خۆى دەنوێنێت.
  • لە كاريگەرە نه‌رێنيەكانى ديكەى ئەركى ماڵەوە بريتييە لە نەبوونى كاتى پێويست بۆ ئەنجامدانى ،هه‌روه‌ها بوونى جياوازييەكى زۆر لەنێوان خوێندكارە ئاست بەرزو لاوازەكان. ئەم كيشانەى دواتريش دەرەنجامى گوێنەدانە بە تەكنيكەكان وەك، شيكاركردنى ڕاهێنانەكانى تايبەت بە ماڵەوە لەناو پۆلدا، يان يارمەتيدانى يەكدى و كۆپى كردنى شيكارەكانى يەكترى بە شێوەيەكى ساكارتر نەكردنى ڕاهێنانەكانە. لە بەرامبەر ئەمانەشدا ناكۆكى لە نێوان خوێندكارەكان و مامۆستايان و دايكان و باوكانيش ڕوودەدات تەنانەت لە خودى دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ييه‌كان دا.

ئەركى ماڵەوە بەشێوەيەكى كاريگەر

لە پێناو ئەنجامدانى ئەركى ماڵەوە بە شێوەيەكى كاريگەر، پێويستە ڕەچاوى كۆمەڵێك بنەما بكەين.

  • پێويستە خوێندكاران ئاشنابكرێن بە سوودەكانى ئەركى ماڵەوە، دەبێت مامۆستايان ئامانجى ئەركى ماڵەوە بە گشتى و ڕاهێنانەكان بە تايبەتى ڕوونبكەنەوە.
  • دەبێت ڕاهێنانەكان پەيوەنديدارو چێژبەخش و جياواز بن.
  • ئەنجامدانى ڕاهێنانێكى باش لە پۆلدا بە هەمان شێوە ئەركى ماڵەوەش دەگرێتەوە، پێويستە ئەركەكان ڕێكخراوو و بەديهێنەر بن.
  • دەتوانين بۆ ئاستە جياوازەكان ئەركى جياواز دابنێين، دەبێت ڕەچاوى سروشتى فێربوونى تاكەكانيش بكەين.
  • پێويستە ئەركى ماڵەوە بە پێى كات و ئاستى گرانيى ڕێكبخرێت. مامۆستا دەبێت ڕەچاوى ئەوەبكات كە خوێندكارەكان واجبى وانەكانى ديكەشيان هەيە بۆيە نابێت ئەركێكى زۆر بداتە خوێندكارەكانى و دواتر پەستانێكى زۆريان بۆ دروستبكات. گەر ڕۆژيادنامەى ئەركەكانى ماڵەوە لاى خوێندكاران هەبێت و مامۆستايان و باوانيان بەردەوام تەماشاى بكەن ئەوە شتێكى باشە بۆ ئەم لايەنە.
  • زۆر بە دەگمەن ئەركى ماڵەوە لە بەرنامەى خوێندنى ساڵەكەدا جێيدەكرێتەوە، بەڵام لانى كەم دەبێت لە چوارچێوەى كارەكەدا و لە پلانى ڕۆژانەى مامۆستادا بايەخى پێبدرێت.
  • ئەركى ماڵەوە جەخت لە نووسين دەكاتەوە بەڵام هيچ هۆكارێك نييە كە بۆچى دەبێت بەم جۆرە بێت، سەرەڕاى ئەوەش بەڵگەى لەبەرچاو هەيە بۆ سەلماندنى تەواوكردنى ئەركێك.
  • دەتوانين هانى خوێندكارەكانمان بەوە بدەين كە خۆيان ئەركێك دابنێن كە ئەنجامى بدەن لەماڵەوە و بيرۆكەكانيان لەوبارەيەوە بخەنەڕوو. پێويستە مامۆستاكە بزانێت خوێندكارەكان چەند كاتيان هەيە، وە چ كەرەستەيەكيان لەبەردەستە لە ماڵەوە. پاشان لەسەر چ شتێك هاوڕان، دەتوانيت بە ڕاپرسييەك داتاكەت دەستكەوێت.
  • لە كاتێكدا ئەركى ماڵەوە تەواوكەرى ئەركى قوتابخانەيە، پێويست ناكات بەتەواوەتى كۆپى ئەويش بێت. لەبەرئەوەى ماڵ دنيايەكى جياوازە بۆيە دەبێت ئەركەكان نزيكتربن لە واقيعى ژيان، بەو جۆرە گونجاوتر دەبن.
  • هەركاتێك ئەركى ماڵەوەمان دانا دەبێت هەڵسەنگاندنيشى لەسەر بكەين، هەرچەندە ئەمە كارى مامۆستايە بەڵام گەر ڕێگەبدەين خوێندكارەكانيش لەنێوان خۆياندا هەڵسەنگاندن بۆ يەكدى ئەنجام بدەن ئەوا پاڵنەرێكى باش دەبێت. هاندانى خوێندكاران بۆ ئەنجامدانى ئەركى ماڵەوە پڕۆسەيەكى بەردەوامە، ئەمەش دەكرێت لەرێگەى كۆمێنت لەسەر ئه‌ركه‌كانيان ياخود پرسيارى زارەكى و نووسينەكى بێت. بەم جۆرە خوێندكارەكان زياتر خولياى بابەتەكە دەبن.

جۆرەكانى ئەركى ماڵەوە

كۆمەڵێك ئەركى سوودبەخش هەن كە دەتوانرێت وەكو ئەركى ماڵەوە بدرێن بە خوێندكارەكان.

١- ئەو ئەركانەى تايبەتن بە كتێبى ڕاهێنانەوە

زۆربەى مەنهەجەكان كتێبى ڕاهێنانيان لەگەڵدايە، كە بريتين لە ڕاهێنانە تەواوكەرەكان، كورتە تێكستى خوێندنەوە و وەڵامەكان. بەشێكى زۆرى ئەو كتێبانە دەتوانرێت بۆ خود فێركردن و ناو پۆليش بەكاربێن، بەڵام باشتر وايە لەماڵەوە بەكاربهێنرێن. هەروەها ڕاهێنانە ميكانيكيەكان جياكراونەتەوە لە كاتەكانى ناو پۆل لە كاتێكدا ئەم جۆرانە بە تايبەت بۆ ئەوە دانراون تاكو خوێندكار خۆى يان هاوڕێكەى ووردبينى بۆ بكات.

٢- ئەركە ئامادەكارييەكان

دەگمەنە مامۆستايان داوا لە خوێندكارەكانيان بكەن تا بابەتى يونتى داهاتوو بخوێننەوە، لە كاتێكدا چەند سوودێك هەيە لە هاوبەشيكردنى خوێندكاران لە پلانى ڕۆژانەدا بەوەى كە بەرچاوڕۆشن بن لە وانەى داهاتوودا چى دەخوێنن. دەتوانين لەوەش زياتر هاندەربين، بە داواكردن لە خوێندكارەكان بۆ هێنانى كەرەستەى وەك وێنەو تابلۆو بابەتى گۆڤارو هەر شتێكى ديكەى پەيوەنديدار بە بابەتى ناوپۆلەكەوە.

٣- ئەركە فراوانەكان

زۆربەى ئەمانە لە ڕێگەى ئەو ناميلكەو چيرۆكانەوە دەبێت كە بەپێى ئاستەكان دانراون، وە لە ئێستادا سيديان لەگەڵدايە، يان لە ڕێگەى ڕاديۆو تەلەفزيۆن، ياخود پۆدكاست و گۆرانى. هەندێك جار ئەركەكان وەك ڕێنوێنيكەرێك دادەنرێن بەڵام دەبێت فێرخوازانيش هانبدرێن بۆ خوێندنەوەو تەماشاكردن و گوێگرتن بۆ خۆشيى. ئەوەى كە گرنگە فێرخوازەكان جواتر ئەوەى ئەنجاميان داوە لەناو پۆل باسى دەكەن، خوێندنەوەى فراوان وا لە خوێندكار دەكات فەرهەنگى زمان بەكاربێنێت و لەگەڵيشيدا دەفتەرێكى تايبەت بە نووسينى ئەو ووشانە دابنێت كە پێى وايە سوودبەخشن لەو زمانەدا.

٤- ئەركەكانى بەدواداچوون و دۆزينەوە

لەگەڵ ئەوەى وانەووتنەوەى ناوپۆل بەندە بە پوختە كردن و وەرگرتنى ڕێساو ياساكانى زمان لە خوێندكارانەوە بەڵام دەكرێت داوا لە خوێندكارەكان بكەين تاكو لەماڵەوە بەدوادا چوون بكەن لە زمانەكەداو وەڵامەكان بدۆزنەوە. ئەمەش دەبێتە دەروازەيەك بۆ ئاڵوگۆڕى زانيارى لە نێوان خوێندكارەكان لە پۆلدا.

٥- ئەركەكانى تايبەت به‌ جيهانى ڕاسته‌قينه‌

ئەمەش خۆى لە بينين و بيستن و بەكارهێنانى زماندا دەبينێتەوە لە دەقە ڕاستەقينەكاندا. خوێندنەوەى گۆڤار، تەماشاكردنى تەلەفزيۆن، چوون بۆ سينەما يان گوێگرتن لە گۆرانى نمونەى ئاشكران، داواكردن لە خوێندكاران بۆ نووسينى پوختەى هەريەك لەوانەى سەرەوە كە ئەنجامى دەدەن چالاكيەكى باشە. تەكنەلۆجيا ڕێگەى هاوڕێ پەيداكردن و چاتى بۆ ئاسان كردووين، تەنانەت ئەگەر لە ژينگەيەكى فرە زمانيشدا نەبين. يان لەكاتى چوونە بازاڕو تەماشاكردنى نووسين و براندەكانى سەر دووكانەكان سوودێكى باش دەگەيەنن بۆ زمان. هەرەكو خاڵى سێهەم لێرەشدا گرنگە خوێندكاران ئاڵوگۆڕى زانيارييەكان بكەن لەنێو خۆياندا.

٦- پڕۆژەكار

بيرۆكەيەكى باشە گەر پڕۆژە تاكەكەسى و جەماعيەكان لە ماوەيەكى دياريكراودا بە خوێندكارەكان ئەنجام بدەين، دەكرێت پڕۆژەكە لەسەر بابەتێك بێت لە مەنهەجەكە، يان ئارەزوو، يان هەر حەزو خوليايەك بێت كە كەسەكە هەڵيدەبژێرێت. دەبێت بەردەوام ڕێنوێنى پڕۆژەكارەكان بكرێت و سەرچاوەى پێويستى بۆ دابين بكرێت، لەكۆتايى وەرزى خوێندنيشدا بەرهەمێكى باشى دەبێت بۆ خوێندكارەكە.

لە كۆتاييدا

گەر شتێك هەبێت لەبارەى ئينتەرنێتەوە، ئەوا پێويستە بڵێين كە سەرچاوەيەكى دەوڵەمەندە بۆ كەسێك بيەوێت شتى زياترى دەستكەوێت. بێگومان بەكارهێنانى سەرچاوەى زياتر وادەكات نووسينى پڕۆژەكەمان ئاسانتر و چێژبەخشتر بێت، بەڵام كۆپى و پەيست ئاسانترين ڕێگادەبێت لەم لايەندا كە وادەكات زانياريمان نەبێت لەسەر ئەوەى دايدەنێن يان ڕەسەنيەتى كارەكە لەدەست بدەين. هەروەها ڕاوێژكردن لەسەر ئەركى ماڵەوە لەڕێگەى ئيمەيڵەوە دەكرێت كاريگەرى باش و خراپيشى هەبێت.  ياخود چات كردن لەگەڵ هاوڕێيەكى ئينگليزدا باشترە لە گەڕان بەدواى وێنەو رەسمى تايبەت بە بابەتەكە. بۆيە مامۆستاو خوێندكارانيش تاوانبارن لە بەكارهێنانى ئينتەرنێت بۆ حەلكردنى ڕاهێنانەكان كە كۆمەڵێك لەو سايتانە گومانى كوالێتييان لێدەكرێت يان تێست نەكراون پێشتر. بۆيە فێرخوازەكانمان پێويستيان بە رێنيشاندان هەيە، دەكرێت  خاڵى سەرەتاش بە پێدانى ليستێك پێگەو سايتى سوودبەخشى وەك (British Council ‘Learn English’, BBC ‘Learning English’) دەستپێبكەين كە چەندين ڕاهێنان و چالاكى جۆراوجۆريان دەستەبەركردووە لەگەڵ لينكى پێويست بۆ سەرچاوە پشت پێبەستراوەكانى ديكە.

سەرچاوەى بابەت:   ئيره ببينه

سەرچاوەى وێنە: ئيره ببينه

وەرگێڕ: دابان بەهمەن احمد

هەڵەچن: خه‌بات ره‌فيق محمد

ده‌نگ: سۆلين مصطفى

ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Daban Bahman

دابان دەرچووى زانكۆى سلێمانى يە و هەڵگرى بڕوانامەى بەكالۆريۆسە لە پەروەردەى زمانى ئينگليزيدا. هەرەوەها هەڵگرى بڕوانامەى دبلۆمى بەڕيتانى (TEFL) و بڕوانامەى TESOLى زانكۆى بێرمنگهامە. ئەو لە ئێستادا ڕێگەپێدراوى ياساييە بۆ كارى وەرگێڕى و مامۆستاى ئامادەييشە، لە پاڵ ئەوەشدا مامۆستاى فێربوونى زمانى ئينگليزييە لە پەيمانگاى IDEL. دابان بە بەشداريكردنى لە چەندين خولى ڕاهێنان و كاركردن لەگەڵ كەسانى جياواز و لە پەيمانگاو ڕێكخراوى جياوازدا بۆتە خاوەن ئەزموونێكى بێهاوتا لە پيشەكەيدا. بۆيە ئەو پێى باشە مامۆستايانى كوردستان لە ڕێگەى بە دواداچوون و خوێندنەوەى زياترەوە تواناو لێهاتوييان پەرەپێپدەن و جەختيش دەكاتەوە كە ئەوان بەرپرسى يەكەمن لە گۆڕينى وانەيەكى وشك و بێزاركەر بۆ ئەزموونێكى لەبير نەكراو و پڕ چالاكى جا لە هەر ژينگەيەكدا بێت.

لێرەش بگەڕێ

چۆن قوتابییە سەرەتاییەکانمان فێری سەلامەتی ئینتەرنێت بکەین

وانەیەکی داڕیژراو کە یارمەتی قوتابیەکان و منداڵانی باخچەی ساوایان بدات بۆئەوەی فێرببن کەچۆن سەلامەتبن لەسەر هێڵی ئینتەرنێت.

Share via
Send this to a friend