ڕێگاکانی فێرکردن

زاراوەی ڕێگاکانی فێرکردن ئاماژە بەو یاسا گشتی و فێرکاری و ڕێگا ڕێکخستنانە دەکات کە بەکاردەهێنرێت لە ڕاهێنانی پۆلدا. هەڵبژاردنی ئەو ڕێگا فێرکردنەی کەدەتەوێت دەکەوێتەوە سەر ئەو ڕێگایەی کە دەگونجێت لەگەڵ خوێندکارەکانتدا، فەلسەفەی فێرکردنەکەت، گۆڕانکارییەکانی ناوپۆلت، بابەتەکە و ئامانجی قوتابخانە.

دەکرێت بیردۆزی فێرکردن بەسەر ٤ جۆر دابەشبکرێت، لەسەر بنچینەی ٢ پارامیتەری سەرەکی:

١- کاتێک مامۆستا سەنتەری پۆلە

٢- کاتێک خوێندکار سەنتەری پۆلە

٣- زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا

٤- کەم بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا

شێوازی فێرکردن کاتێک مامۆستا سەنتەری وانە وتنەوەیە لە پۆلدا

مامۆستایان خاوەن دەسەڵاتی سەرەکین لەم شێوازەی فێرکردندا. سەرەتا خوێندکارەکان وەک دەفرێکی بەتاڵ دەردەکەون کە بەشێوەیەکی کەم کەم زانیارییەکان لە مامۆستاوە وەردەگرن لە ڕێگەی وانە و ڕاهێنانی ڕاستەوخۆوە، لەگەڵ ئامانجێکی کۆتایی ئەرێنی لەڕێگەی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن. لەم شێوازەدا فێربوون و هەڵسەنگاندن وەک دوو تەوەرەی جیاواز نیشان دەدرێن، فێربوونی خوێندکاران لەسەر بنچینەی نمرەی هەڵسەنگاندنەکان و تاقیکردنەوەکان دەبێت.

شێوازی فێرکردن کاتێک خوێندکار سەنتەری وانە وتنەوەیە لە پۆلدا

لەکاتێکدا کە هێشتا مامۆستا خاوەن دەسەڵاتی سەرەکییە لەم جۆرەدا، بەڵام مامۆستایان و خوێندکاران بەیەکەوە ڕۆڵێکی چالاک و یەکسان دەگێرن لە پرۆسەی فێرکردندا. ڕۆڵی سەرەکی مامۆستا بریتیە لە ڕاهێنان، ئاسانکردنی فێرکردنی خوێندکاران و تێگەیشتنی تەواویان بۆ بابەتەکان، وە هەڵسەنگاندنی فێربوونی خوێندکاران بە شێوازێکی ڕەسمی و ناڕەسمی وەک پڕۆژەی بە گرووپ، ڕاپۆرتی خوێندکاران و بەژداری ناوپۆل. لەم شێوازی فێرکردنەدا، هەڵسەنگاندن و فێربوون پەیوەستن بەیەکەوە، چونکە بەردەوامی فێربوونی خوێندکاران لەکاتی ڕوونکردنەوەی مامۆستایا هەژمار دەکرێت.

زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ فێربوون

بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا لەم ساڵانەی دوایدا وایکردووە بەشی پەروەردە زۆر بەرەو پێشەوە بچێت. ئەم ڕێگەیە هەروەک ناوەکەی ڕوونیدەکاتەوە بریتیە لە بەکارهینانی تەکنەلۆژیای جۆراوجۆر لە فێربوون کە یارمەتی خوێندکاران دەدات لە ناو پۆلدا. زۆربەی خوێندکاران تابلێت یان کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن لە پۆلدا، یان لەوانەیە هەندێکی تر ئینتەرنێت لە جێبەجێکردن و دیاریکردنی ئەرکی ماڵەوەیاندا بەکاربهێنن. ئینتەرنێت زۆر بەسوودە لە کۆنترۆڵکردنی پۆلدا کە دەتوانێت ژمارەیەکی بێسنور سەرچاوەمان بداتێ. مامۆستایان دەتوانن ئینتەرنێت بەمەبەستی بەستنەوەی خوێندکارەکانیان بە خەڵک و خوێندکارانی دەرەوە بەکاربهێنن. لە خوارەوە کۆمەڵێک ئامێر و بابەتی تەکنەلۆژیا ئاماژەیان پێ کراوە کە ڕۆژانە لە پۆلدا بەکاردەهێنرێن: وەک بابەتەکانی گووگڵ ( جیمەیڵ، دۆکس، درایڤ و ساڵنامە)، لاپتۆپ و تابلێت، ئەو بابەتانەی کە دەتوانیت لە ڕێی یارییەوە بیکەیت وەک تاقیگەیەکی ٣ دی و ئیشی دەستی پۆل، سۆشیال میدیا، ئەو ئامێرانەی کە بۆ خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەکاردەهێنرێن.

کەم بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ فێربوون

لە کاتێکدا هیچ گوومانێک نیە لەوەی تەکنەلۆژیا پەروەردەی گۆڕیووە، بەڵام هەندێک لە مامۆستایان ڕێگای کۆن هەڵدەبژێرن کە تیایدا تەکنەلۆژیا کەم بەکاردەهێنرێت. وە زیاتر ئەم شێوازە پێویستی بە ئامادەبوون و کارلێکردن هەیە لە نێوان مامۆستا و خوێندکارەکاندا. هەروەها هەندێ لە توێژەرەوان ئەوە دەخەنەڕوو کە فێربوون لەو پۆلانەی تیایاندا تەکنەلۆژیا کەم بەکاردەهێنرێت بەرەو پێشەوەدەچێت. بۆ نموونە، ئەو خوێندکارانەی کە تێبینیەکان بە دەست دەنووسنەوە باشتر بیریان دەمێنێت لەچاو ئەو خوێندکارانەی کە تێبینیەکان بە تایپ وەردەگرن. وە یەکێکی تر لە زیانەکانی تەکنەلۆژیا لە پۆلدا بریتیە لە ڕاستەخۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی سپێلین بەبێئەوەی خۆیان ئاگاداربن کەئەمەش وادەکات لەم دوو بوارەدا خوێندکاران لاوازتربن. لەکۆتایدا گونجاندنی فێربوون بە جۆری جیاوازی خوێندکاران لە ڕادەبەدەر گرنگە وە هەندێکات خوێنکارەکان باشتر فێردەبن لەم شێوازی کەم بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا.

لێرەدا کۆمەڵێک نموونە دەخرێنە ڕوو دەربارەی کەم بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە ڕێگای جیاوازی فێرکردندا:

فێربوون لە ڕێگەی جووڵەوە: ئەم شێوازە پێویستی بە جووڵەیە بۆ فێربوون. پێوێسە مامۆستایان ڕێگەی خوێندکاران بدەن کە بجوڵێن وە قسەبکەن بە بەکارهێنانی دەست و ئاماژە.

فێربوون لە ڕێگەی گەشتکردنەوە: فێربوون لە ڕێگەی ئەنجامدان و بەشداریکردنی خوێندکاران لە ئەزموونی کرداریانە. لەوانەیە خوێندکارەکان بەشداریبکەن لە کۆکردنەوەی زانیاری، فێربوون لە ڕێگەی گەشتەوە یان پڕۆژەوە تاوەکو بتوانن ئەو زانیارییانەی کە لە پۆلدا فێریانبوون لە ژیانی ڕاستەقینەدا جێبەجێیانبکەن نەوەک لە ژیانی خەیاڵیدا.

زۆربەی کارە ئەکادیمییەکان یان پراکتییەکان ناتوانرێت بە گریمانە فێری خوێندکاران بکرێت ئەگەر لە تاقیگە یان کارە دەستییەکاندا تاقیکردنەوەی لەسەرنەکرێت.

سەڕەڕای ئەم ھەموو شێوازە جیاوازانە لە فێرکردن، مامۆستایان دەتوانن تێگەیشتنێکی باشتر بەدەستبھێنن، کە چۆن بتوانن بە باشترین شێوە پۆلەکانیان بەڕێوە ببەن، ئامێرەکان بەکاربھێنن وە چۆن پەیوەندیان ھەبێت لەگەڵ خوێندکارەکانیاندا. لەناو ھەر بەشێکی وانەوتنەوەدا کە تیایدا مامۆستا یان خوێندکار سەنتەری پۆلە و لە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیادا کۆمەڵێک ڕۆڵ یان ڕێگای تایبەتی فێرکردن ھەیە کە فێربوون و ھەڵسەنگاندنەکەی خۆیان جیادەکاتەوە. دەربارەی ھەریەکەیان زیاتر بزانە تاوەکو بتوانیت باشترین گونجاندن بۆ پۆلەکەت بدۆزیتەوە.

شێوازی وانەوتنەوە کاتێک مامۆستا سەنتەری پۆلە

فێرکردنی ڕاستەوخۆ ( کەم بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا)

وانەوتنەوەی ڕاستەخۆ زاراوەیەکی گشتییە کە ئاماژە بۆ ئەو ڕێگا فێرکردنە کۆنانە دەکات کە پشت دەبەستن بە فێرکردنێکی ئاشکرا لە ڕێگەی وانە و خستنەڕووی بەبەتەکان لەلایەن مامۆستاوە. وانەوتنەوەی ڕاستەوخۆ فێربوونێکی ناچالاک بەکاردەھێنێت  یان ئەو زانیارییانەی کە خوێندکارەکان فێریاندەبن زیاتر لەڕێگەی گوێگرتن و سەیرکردنی وانەیەکی پوختەوە دەبێت. پرۆفیسۆران و مامۆستایان وەک تاکە سەرچاوەپێدەری زانیاری ڕەفتاردەکەن، لەم شێوازی ڕاستەوخۆیەدا بەزۆری مامۆستایان پلانەکانیان بە شێوەی دەقی نوسراو یان ڕێکخراو بەکاردەهێنن وە ئەم شێوازە دەبێت بەتەواوی وەک ئەوە بێت کە مامۆستا دەیڵێن، ئەم شێوازە لەسەر حەزی خوێندکاران نییە و وە هەلیان ناداتێ بۆ فێربوونێکی کرداری. لێرەدا بەتەواوی مامۆستایان سەنتەری پۆلن و خوێندکاران پشت بە کتێب دەبەستن نەوەک لاپتۆپ و کۆمپیوتەر.

پێچەوانەکردنەوەی پۆلەکان ( زۆر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا)

بیرۆکەی پێچەوانەکردنەوەی پۆل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧ کاتێک دوو مامۆستا بە بەکارهێنانی بەرنامەیەک دەستییان کرد بە تۆمارکردنی وانەکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، و.بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن بیرۆکە و وانە تۆمارکراوەکانیان لە نێوان خۆیان ئاڵوگۆڕکرد کە دواتر ناسرا بە پێچەوانەکردنەوەی پۆل. بەگشتی ئەم شێوازە باس لەو یاسا فێرکردنانە دەکات کە خوێندکاران  لە ماڵەوە سەیری وانە تۆمارکراوەکان دەکەن و پاشان لە قوتابخانە ئەرکەکانیان تەواودەکەن،  کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو ڕێگەیە کە خوێندکاران لە پۆلدا گوێدەگرن و لە ماڵەوە ئەرکەکانیان ئەنجامدەدەن. ئەو مامۆستایانەی کە ئەم ڕێگەیە بەکاردەهێنن بەزۆری وانەکانی خۆیان تۆماردەکەن وە هەندێکی کە ڤیدیۆی سەرچاوە ئۆنلاینەکان بەکاردەهێنن. سودە گرنگەکانی ئەم ڕێگەیە بریتییە لەوەی کە ڕێگە بە خوێندکاران دەدات ئیش لەسەر خۆیان بکەن، ئەگەر ئەوە ئامانجی مامۆستاکە بێت. لەهەندێ بواری دیکەدا لەوانەیە مامۆستایان هەمان ڤیدیۆ یان کۆمەڵێ ڤیدیۆی تازە بۆ خوێندکاران ئامادەبکەن کە یارمەتی خوێندکاران دەدات زیاتر شارەزابن لە بابەتەکان. سەڕەڕای ئەوەی کە خوێندکار سەنتەری پۆلە بەشێوەیەکی شاراوە بەڵام بەزۆری ئەم شێوازە بەندە لەسەر بیرۆکەی مامۆستاکە کە چۆن بتوانێت فێریان بکات، کە ئەمەش وادەکات مامۆستا ببێتە سەنتەری پۆل. لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە، ئەم ڕێگەیە پشت دەبەستێت بە وانەی پێشتر تۆمارکراو  و چالاکییەکانی ئۆنلاین، واتە پێویستە مامۆستایان و خوێندکاران ئامێر و ئینتەرنێتیان هەبێت بۆ بەردەوامی ئاگابوون لە یەکتر.

فێربوون لە ڕێگەی جووڵەوە ( کەم بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا)

هەندێجار ئەم شێوازە ناسراوە بە فێربوون لە ڕێگەی هەستەکانەوە یان دروستکردنی شت لە ڕێگەی دەستەوە، ئەم شێوازە بەندە لەسەر ” توانای فێربوونی جۆراوجۆر”  واتە پێویستە خوێندکاران شت دروست بکەن و کار ئەنجام بدەن. لە ژینگەی ئەم شێوازەدا خوێندکاران زیاتر ڕاهێنانی جەستەیی دەکەن تاوەکو گوێ بگرن بۆ وانە. ئەزموونی کاری دەستی، وێنەکێشان، ڕۆڵ بینین، دروستکردن و بەکارهێنانی دراما و وەرزش نموونەن بۆ فێربوون لە ڕێگەی جووڵەوە.

سەڕەڕای ئەوەی کە ڕێگەیەکی  زۆر باشە بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێندکاران و چالاککردنیان، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەم لە پۆلەکان ئەم ڕێگەیە بەکاردەهێنن. یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لەوەی کە سەڕەڕای بەناوبانگی بیردۆز و شێوازەکانی فێرکردنی ئەم ڕێگەیە، ژمارەیەکی زۆر کەم توێژینەوە و بەڵگە هەن کە نیشانی بدەن فێرکردن لە ڕێگەی جووڵەوە دەرەنجامێکی زۆرباش و ئەکادیمی هەیە. یەکێک لە باشییەکانی ئەم شێوازە ئەوەیە کە زۆر بە دەگمەنی پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستێت بەڵکو زیاتر پشت بە جووڵە و بیرۆکەی داهێنەرانە دەبەستێت. بەو واتاییەی کە ڕێگایەکی زۆر ھەرزانە و دەتوانرێت بە ئاسانی بەکاربھێنرێت، ئەمەش خوێندکاران دووردەخاتەوە لە بەکارھێنان و تەماشاکردنی شاشە ئەلەکترۆنییەکان. لەم ڕێگەیەدا زیاتر خوێندکاران سەنتەری پۆلن وە ئەو ھەڵبژاردنەیان دەدرێتێ کە چۆن جوڵە بەکاربھێنن بۆ فێربوون یان شتی تازە تاقیبکەنەوەکە دەگونجێت بۆ ئەو پۆلەی مامۆستا پەسەندیدەکات.

  ئەو ڕێگا فێرکردنانەی کە تیایاندا خوێندکار سەنتەری پۆلە

جیاکردنەوەی فێرکردن ( بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای کەم)

جیاکردنەوەی فێرکردن بریتیە لە مەشقکردن و گونجاندنی فێربوون یان وانە ووتنەوە لەگەڵ پێویستییەکانی خوێندکاراندا. سەرەتا ئەم شێوازە لە ساڵی 1975 گەشەی سەند و بڵاوبووەوە لە ناو ئەو کەسانەی کە لاواز بوون و پێویستییان بە پەروەردەیەکی تایبەت ھەبوو، ئەم شێوازە دووپاتی دەکاتەوە کە منداڵان ھەمان توانای فێربوونیان ھەیە. پڕۆگرامی پەروەردەی تاکەکەسی لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێگەیەدا دەستیپێکرد کە یارمەتی مامۆستایان دەدات جیاوازی بکەن بۆ ئەو خوێندکارانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن. لە ئێستادا جیاکردنەوەی فێرکردن بۆ ھەموو جۆرە فێرخوازێک دەکرێت کە پێویستی پێیەتی.

مامۆستایان دەتوانن لە کۆمەڵێک ڕێگاوە جیاکاری بکەن: چۆن ناوەرۆکی بابەتێک بەکاربھێنن، ئەو جۆرە چالاکییانەی کە دەبێت خوێندکار ئەنجامیانبدات بۆ ئەوەی لە بابەتێک شارەزاتربێت، کۆتای فێربوونەکە چۆن دەبێت، چۆن پۆلەکە ڕێکخراوە. ھەندێ نموونەی جیاکاری وەک خوێندنەوەی کتێبی تر کە لە ئاست خۆیاندا بێت، پێدانی لیستێک سپێلینی جیاواز بە خوێندکاران، دووبارە ووتنەوەی وانەکان بە شێوەی گرووپی بچووک. سەڕەڕای ئەوەی ئەم شێوازە جەخت لەسەر پێویستی خوێندکاران دەکاتەوە بەڵام زیاتر لەلایەن مامۆستاوە پلانی بۆ دانراوە و بەکاردەھێنرێت. تەکنەلۆژیا سەڕەڕای یارمەتییەکانی بەڵام لەم شێوازی فێرکردنەدا زۆر نموونەی نیە.

فێربوون لەسەر بنچینەی پرسیارکردن ( بەکارھێنانی زۆری تەکنەلۆژیا)

ئەم شێوازە بەندە لەسەر بنچینەی لێکۆڵینەوەی خوێندکاران و پرۆژە دەستییەکانی خۆیان، لەم شێوازەدا مامۆستا وەک کەسێکی یاریدەدەر ئاڕاستە و پشتگیری خوێندکاران دەکات بە درێژایی پڕۆسەی فێربوونەکەیان نەوەک وەک دەسەڵاتێکی تەنھا.

لەم شێوازی فێرکردنەدا لەوانەیە مامۆستا یەکێک یان ھەموو ڕۆڵەکان جێبەجێبکات.

مامۆستایان ھانی خوێندکاران دەدەن بۆ بۆ پرسیارکردن و بیرکردنەوە لەو شتانەی کە دەیانەوێت بیزانن لە ژیانی دەوروبەریان، پاشان خوێندکاران بە دوای پرسیارەکەیان دەگەڕێن و ھەوڵ دەدەن زانیاری و سەرچاوە لەسەری بدۆزنەوە یان ئەو پرسیارانەی کە لەوانەیە ڕووبەڕوویان ببێتەوە. لەوانەیە زانیارییەکان لەشێوەی ڤیدیۆ کە خۆت ئامادەت کردبێت، وێبسایت یان پێشکەش کردنێکی فەرمی لە ئەنجامی توێژینەوەیەکەوە. ئەم شێوازە دەکەوێتە ژێر سەنتەری خوێندکاران کە تیایدا ڕۆڵێکی زۆر چالاک و بەشداریکەرانە لە فێربوونەکەی خۆیان دەگێڕن. وەھەروەھا ئاسانکاری مامۆستاش ڕۆڵێکی لە ڕادەبەدەر گرنگ دەگێڕن لە پڕۆسەکەدا. لێرەدا زۆربەی کات خوێندکاران لەسەر بابەت و پرسیاری جیاواز ئیش دەکەن وە مامۆستایانیش پرسیاری زۆر گرنگ دەکەن و پێشنیاری دروستکردنی توێژینەوە دەکەن دەربارەی پڕۆسەکە نەوەک ناوەڕۆکەکەی. لە کۆتایی ئەم شێوازەدا خوێندکاران بیردەکەنەوە و فێردەبن، وە زیاتر شتیان بۆ دەردەکەوێت لەسەر ئەزموونەکان. و بیردەکەنەوە کە چۆن ئەم ڕێگەیە بابەتەکانی دیکە بەیەکەوە دەبەستنەوە پاشان ھەنگاودەنێن بەرەو بواری تر. ئەم ڕێگەیە پێویستی بە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا ھەیە بۆ توێژینەوەی سایتە ئۆنلاینەکان، سۆشیال میدیا و پەیوەندی و ئاگاداربوون بە خەڵکانی دەرەوەی کۆمەڵگای خۆیان، و پشت نابەستێت بە ئیشە دەستییەکان و پێویستیشی پێیان نییە.

فێربوون لە ڕێگەی گەشت کردنەوە ( بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای زۆر)

ئەم ڕێگەیە بەندە لەسەر بیرۆکەی فێرخواز و شێوازێکە لە فێربوون لە ڕێگەی پڕۆژەوە، کە تیایدا خوێندکارەکان دەچن بۆ گەشت و سەرقاڵدەبن بە خوێندنی کۆمەڵێک بابەت کە کاریگەری بۆ کۆمەڵگە و قوتابخانەکەیان دەبێت. فێربوون لەم شێوازەدا بریتیە لە کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆر کە وادەکەن خوێندکاران ژیانی ڕاستی ببینن و چۆن بتوانن کێشەکان چارەسەربکەن. بۆ نموونە لەوانەیە خوێندکارێک لە شارێکی گەورەدا توێژینەوە بکات دەربارەی ئاماری پیسبوونی شارەکە بۆیە زانیاری دەربارەی کاریگەرییەکانی دەخوێنێتەوە و گەشت دەکات بۆ ئەو شوێنەی کە کاریگەربووە بەم کێشەیە. کاتێک مامۆستایان و خوێندکاران تێگەیشتنێکی باشیان بۆ بارودۆخەکە دەبێت ئەوا دەتوانن بەیەکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان.  ئامێرە زیرەکەکان، سایتەکانی گووگڵ و بەردەوامی ئینتەرنێت یارمەتی خوێندکاران دەدات لە توێژینەوەکەیان و پێشکەشکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان. ئەم شێوازە ئیشی دەستە و پێویستی بە چوونە دەرەوە هەیە بۆ ناو کۆمەڵگە کە ئەمەش بەردی بناغەی ڕێگەکەیە.

فێربوون لە ڕێگەی ئامادەکردنی بابەت بۆ خوێندکاران ( بەکارهێنانی زۆری تەکنەلۆژیا)

ئەم شێوازە نموونەیەکی پەروەردەیی تازەیە کە هێشتا گەشەدەکات و بەرەو پێشەوە دەچێت، لە ناوەڕۆکی ئەم نموونەیەدا، مامۆستایان کۆمەڵێک خوێندکاریان هەیە شوێن ئەم ڕێگەیە دەکەون کە تایبەتمەند کراوە بە حەز و شارەزاییان. لەم شێوازی فێربوونەدا هەڵبژاردن و خود ئاڕاستەکردنی خوێندکاران لە بەرنامەی خوێندنەکەیان بەشێکی نموونەییە. هەروەها هەڵسەنگاندنیش دەگونجێت لەگەڵ تاکەکەسدا: ئەو  قوتابخانە و پۆلانەی کە ئەم شێوازە جێبەجێدەکەن توانا و شارەزاییەکی زۆر بەکاردەهێنن لەسەر بنچینەی پێشکەووتن تاوەکو خوێندکاران بتوانن بچنە سەر بابەتێکی دیکە کاتێک زۆر شارەزا بوون لەو بابەتەی کە ئیشی تیادەکەن. لەم ڕێگەیەدا خوێندکاران دەتوانن بەرەوپێشەوەبچن و ئیش لەسەروو ئاستی خۆیانەوە بکەن وە هەروەها ئەو خوێندکارانەشی کە پێویستییان بە یارمەتی زیاترە دەتوانرێت ئەم شێوازەیان لە خشتەی ڕۆژانەدا بۆ دابنرێت تاکو بتوانن ئەمانیش بەرەو پێشەوەبچن. ھەروەھا لەم شێوازەدا ژوور ھەیە بۆ خوێندنەوە و خۆ ئامادەکردن بۆ کۆلێژ. ئەو خوێندکارانەی کە پێویستیان بە وانەی زیاتر نییە دەتوانن لەگەڵ مامۆستاکەیان ڕاھێنان لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان یان تایبەتمەندیەکانی وانەی سەدەی 21 بکەن و ئامۆژگاری وەربگرن. بەزۆری لەم شێوازەدا خوێندکار سەنتەری پۆلە بەڵام پێویستە مامۆستا لەوانەکەدا ئامادەبێت و چاودێری و ھەڵسەنگاندنی بەردەوامی خوێندکاران بکات بۆ ھەر گۆڕانکارییەکی پێویست لە پلانی فێربوونەکەیاندا . پێویستە خوێندکاران شارەزاییەکی باشیان لە تەکنەلۆژیادا ھەبێت چونکە ئەو ڕوونکردنەوەو خۆ ئامادەکردنانەی کە پێیان دەگات ھەندێکجار لە شێوەی ئۆنلایندایە بۆیە پێویستە مامۆستایان ڕێ نیشاندەرێکی باشی خوێندکاران بن.

   فێربوون لەسەر بنچینەی یاریکردن ( بەکارھێنانی زۆری تەکنەلۆژیا)

ئەم شێوازە لە دەرئەنجامی خواستی تێکەڵاوکردنی خوێندکاران لە پۆلدا بە شێوەیەکی زیاتر چالاک بووە. لەسەر خوێندکاران پێویستە کە خۆیان چارەسەری کێشەکانی خۆیان بکەن و کارامەی خۆیان بەکاربھێنن کاتێ پێویستیان بوو ھەروەک پێگەیشتووان، یاریکردن ڕێگەیەکی زۆرباشە بۆ ھاندانی بیرکردنەوەی خوێندکاران نەوەک تیشک خستنەسەر نمرەکانیان. لێرەدا خوێندکاران ئیش لەسەر بەدواداگەڕان و تەواوکردنی ئامانجێکی دیاریکراو دەکەن بە ھەڵبژاردنی ئەزموون و کرداری ئامانجەکەیان بە درێژایی ڕێگاکە. وە کاتێک خوێندکارەکان بەرەو پێشەوە دەچن و دەستکەوتی زیاتر بەدەستدەھێنن، دەتوانرێت باج یان خاڵیان پێبدرێت. ئەم شێوازە پێویستی بە کات و پلانێکی زۆر ھەیە لەسەر مامۆستا بەڵام خۆشبەختانە بەرنامەی زۆر ھەیە کە ئەم ڕێگەیەی ئاسانتر کردووە وەک ( ٣ د گەیملاب و کلاسکرافت). ئەو مامۆستایانەی کە ئەم بەرنامەیە بەکاردەهێنن لەوانەیە شتی باشتر و جیاوازتر بۆ خوێندکارەکانیان بدۆزنەوە لەبەر زانیاری زۆری بەرنامەکە کە تیایەتی. مامۆستا ڕۆڵێکی گەورە لە پلان و دروستکردنی بابەت بۆ ئەم شیوازە دەگێڕێت بۆیە بەتەواوی خوێندکار سەنتەری پۆل نییە بەڵام زۆر تیشک دەخرێتە سەری کە خۆیان کارەکان و هەڵبژاردنەکانی خۆیان بکەن لە ژینگەیەکی پڕ یاریدا.

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه

ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجي

وەرگێر: ئەژین کەمال

ھەڵەچن: باخچە نەورۆز

ئاماده کردنی وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Azhin K. Azziz

ئەژین دەرچووی زانکۆی سلێمانییە و هەڵگری بڕوانامەی بە کالۆریۆسە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزیدا، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی TEFL بەریتانیە بۆ وتنەوەی زمانی ئینگلیزی. ئەو وەک مامۆستا کارەکەی خۆش دەوێت و بڕوای وایە ئێستا کاتی گۆڕینی سیستەمی پەروەردەییە بەرەو ڕێگارە نوێیەکان کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ فێربوون. لە باخچە و کۆرسی هاوینەی مناڵان لە IDEL کاریکردووە و بڕوای وایە هەموومان تەواوکەری یەکترین بۆیە پێویستە یارمەتی یەکتر بدەین بۆ بەرەوپێشچوون و پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست.

لێرەش بگەڕێ

خوێندکاران لە سەرنەکەوتنیان دەیانەوێت چی بە بیر ئێمە بهێننەوە

قوتابخانەکانمان لە ئەمەریکا شایەنی ڕێزلێنانە: قوتابیەکان نمرە بەدەست دەهێنن بەپێی بەدەستهێنانەکانیان و دواتر دەکرێن بە …

Share via