پێنج دەسكەى لە وێنەكەى سەرەوەدا ديارە، پێنج كواڵێتى گرنگى پڕۆژە دەنوێنن، تۆى مامۆستا كە هەميشە لەدووى بيرمەندى و فێربوونى خوێندكارەكانتى دەتوانى سووديان لێوەرگريت. هەر ئەم پێنج دەسكەيە كە خولياى فێربوون و بيركردنەوە زياد دەكەن جا ئەگەر بۆ ناوەڕۆك بێت ياخود سكيڵەكان(تواناكان) يان هەردووكيان.
١- ڕێكخستنى بيركردنەوە و فێربوون
پڕۆژەكان بەو مەبەستە ديزاين كراون كە پێويستيان بە بيركردنەوە هەيە لە چوارچێوەى ستاندارد و ناوەڕۆك ياخود ئەو سكيڵانەى خوێندكاران پێويستيانە.
لە كاتى ئامادەكاريى بۆ پڕۆژەيەك پێويستە بزانين ئامانجمان چيە لەوەى خوێندكارەكان فێرى بن يان ئەوەى دەيڵێينەوە تاوەكو پڕۆژەكەى لەگەڵ بگونجێنين؟ كە زۆرجار ناوەڕۆك و ستانداردەكان دەگرێتەوە بەڵام مەرج نييە بۆ هەموو پڕۆژەيەك بەو جۆرە بێت. لە ڕاستيدا دەتوانرێت شێوازێكى زۆرباش دابنرێت بە جۆرێك هاوسەنگيەكى تەندروستانە لە نێوان ناوەڕۆك و سكيڵەكاندا بەرپا بكات، تەنانەت جەختى زياتر بكاتەوە سەربيرۆكەى فێربوونى بابەتەكان بە شێوەيەكى تێروتەسەل. لێرەدا ئامانجى مامۆستاكە زۆر گرنگە لە چۆنيەتى ئەو پلانەى كە دايدەنێت لەبارەى بابەتە بيرمەنديى و فێرخوازييەكانەوە، جا هەر شتێك بێت، كە خوێندكار پێويستى پێيان دەبێت بۆ ئەوەى تێبگەن لە پێناو تەواوكردنى پرۆژەكارەكە.
٢- پرسيارگەلێكى پڕ واتا
پڕۆژەكە دەرفەتى جياواز، لە هەمانكاتدا پێويستيى بۆ پرس لە ئاستى بەرزدا بۆ مامۆستاو خوێندكار دەڕەخسێنێت.
مامۆستا باشەكان پلانى پرسيارى باش دادەنێن، لە كاتێكدا مامۆستا بێ هاوتاكان پلانى سيناريۆيەك دادەڕێژن كە لە ڕێگەيەوە پرسيارى بێهاوتا سەردەردەكات بۆ هەمووان. ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەى پڕۆژەيەكەوە هەلى تەواو و پێويستيى بۆ پرسياركردن بڕەخسێنين لە لايەن خوێندكارو مامۆستاشەوە جا پرسيارەكان هەرەمەكى بن يان بە پلان. بە دەستكردن بە پرسيارى كراوە (پرسيارێك كە وەڵامى جۆراوجۆر قبوڵ دەكات) هاوتا لەگەڵ بيركردنەوە و فێربوونێكى ئارەزوومەندانە وا لە خوێندكار دەكات پرسيار لە كەسانى دەرەوە بكەن ياخود لە هاوڕێكانيان لەبارەى تێكستێك يان سەرچاوەيەكەوە، پرسيارگەلێك كە ببێتە يارمەتيدەر بۆ پێشەنگى بيركردنەوەكانى ئەوانى ديكە. بەردەوام بوون لە پۆلێك كە تێيدا وەڵام بنچينەيە، پرسگەلێكى دەوڵەمەند دەبێتە ژيلەمۆى بيركردنەوەو داهێنان بە بنياتنانى بيرۆكەكان لەسەر يەكدى.
٣- ڕەسەنايەتى (Authenticity)
خوێندكارەكان بە هۆى پڕۆژەكەوە پاڵدەنرێن تا شتێك بەرهەم بهێنن بۆ دنياى واقيع بگونجێت.
پێويستە مەبەستى خوێندكارو مامۆستا بە تەواوەتى ڕوون بێت لە بەرهەم و ئامانج و ئەو كەسەشى بابەتەكەى دەچێتە بەردەست، كە ئەمانەش هەمووى پەيوەندى بە ڕەسەنايەتى يەوە هەيە. پەيوەستداركردنى بەرهەمەكە بە ڕەسەنايەتى يەوە وادەكات كەموكوڕييەكان چارەسەر بكات بۆ نمونە ئەگەر پڕۆژەكە لە قوتابخانە بوو ئەوا لە برى پرسياركردن لەوەى ئايا چەند خاڵ بەدەست هات ياخود چەند دەرەجە وەرگيرا، ڕەسەنايەتى وادەكات پرسيار بكرێت لەوەى ئايا ئەم بەرهەمە تا چ ڕادەيەك خزمەتى بە پێويستيى و مەبەستەكانى خەڵكى كردووە. لە كاتێكدا ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەى فێربوون لەسەر بنەماى پڕۆژەكارەوە چەندێتى فێربوون پێوانەبكەين، لەگەڵ ئەوەشدا زيادكردنى ڕەسەنايەتى يارمەتى خوێندكارەكانمان دەدات تا حەز و خولياى بەشداريكردنيان بە جۆشتر بێت كاتێك خەريكى پڕۆژەيەكن كە واقعى و مانادارە و مەبەستەكانيشى ڕوون و ئاشكران و دەبێتە خاڵى وەرچەرخان بۆ شێوازە تەقليدييەكەى ئەركى قوتابخانە.
٤- ئۆتۆنۆمى
پڕۆژەكە خوێندكار سەرپشك دەكات لە هەڵبژاردنى پڕۆسەكەدا.
هەروەك دانياڵ پينك لە كتێبەكەيدا (Drive: The Surprising Truth About What Motivates Us) دەڵێت گەر ئێمە پابەندبوون و هاوبەشيكردنمان دەوێت نەك تەنيا ملكەچى كردنى ئەركەكان، ئەوا خوود بڕياردان پێويستە. كاتێك خوێندكارو مامۆستا هەردووكيان لە پڕۆژەيەكدا قووڵدەبنەوە لێرەدا كلتور گۆڕانكارى بەسەردا دێت و مامۆستا بە شێوەيەكى بەرچاو وەك كەسێكى كۆنترۆڵكەرديار نامێنێت و ڕۆڵى ڕوونكەرەوە دەبينێت. ئەم ئۆتۆنۆمييە لە توانايدايە بە چەند شێوەيەك خۆى نيشان بدات وەك ڕێگەدان بە پرسياركردنى بەردەوامى خوێندكارو هەڵبژاردنى ئەوەى كە خۆيان حەزى پێدەكەن، هەروەها چۆنيەتى دياريكردنى ئەو بابەتانەى پێويستە فێرى ببن و ئەو ڕێگايانەشى خۆيان دەيانەوێت بۆ فێربوونى.
٥- هەڵسەنگاندنێكى مانادار
پڕۆژەكار دەبێتە دياريخەرى فێركردن و فێربوون لەڕێگەى هەڵسەنگاندنە وەرزيى و ئەوانەى كۆتايى ساڵەوە.
پرسيار لە زۆربەى خوێندكاران بكە لە بارەى تاقيكردنەوەكانەوە، بە دڵنياييەوە وەڵامەكانيان كەمترين كات پۆزەتيڤە، بەڵام ئەمە خۆى نابێت بەم جۆرە بێت. بەكارهێنانى هەلسەنگاندنەكان لە پێناو ئاماژەكردن بە هەنگاوەكانى داهاتوو و ئەو لايەنانەى كە بەرەو باشتر براون كارێكى دڵخۆشكەرانەيە، بە تايبەتى كاتێك كارەكە ڕەسەن و مانادار و پڕ مەبەستە. هەڵسەنگاندنى مانادار لە چەند شێوەيەكدا خۆى دەبينێتەوە كە دەكرێت ڕەسمى و ناڕەسمى بێت يان لە ڕاستيدا پرسياريش بن، نەك هەميشە وەڵام بە تەنيا. دەكرێت لە سەرچاوەى جياوازەوە بن وە كو خوود، دوو كەس، شارەزايانى دەرەوەى قوتابخانە يان بەدڵنياييەوە مامۆستايانيش.
سەرچاوەى بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەى وێنە: ئيره ببينه
وەرگێڕ: دابان بەهمەن أحمد
هەڵەچن: خهبات رهفيق محمد
ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا