وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ قۆناغى سه‌ره‌تايى

ده‌توانيت گوێ له‌م بابه‌ته‌ بگريت يان بێيته‌ خواره‌وه‌و به‌رده‌وام بيت له‌ خوێندنه‌وه‌.

[podcast src=”https://html5-player.libsyn.com/embed/episode/id/5428188/height/90/width/450/theme/custom/autonext/no/thumbnail/yes/autoplay/no/preload/no/no_addthis/no/direction/forward/render-playlist/no/custom-color/e25f00/” height=”90″ width=”450″]

وانه‌ وتنه‌وه‌ به‌ قۆناغى سه‌ره‌تايى ده‌بێته‌ هۆى كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى جۆراو جۆر و دروست بوونى زنجيره‌يه‌ك نيگه‌رانى بۆ زۆربه‌ى مامۆستايان به‌تايبه‌ت ئه‌و مامۆستايانه‌ى ڕاهێنراون بۆ قۆناغه‌ گه‌وره‌كان.

به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له‌ مامۆستايان ‌ داوايان لێده‌كرێت له‌لايه‌ن قوتابخانه‌و په‌يمانگاكانيانه‌وه‌ كه‌ فێرخوازى منداڵ فێربكه‌ن ، هه‌رچه‌نده‌ ڕاهێنان و شياندنى تايبه‌تيان به‌ فێرخوازى منداڵ نه‌بووه‌. ئه‌مانه‌ش به‌ شتێكى ئاسايى ده‌بينرێن له‌زۆربه‌ى خوێندنگه‌و په‌يمانگاكاندا به‌رامبه‌ر مامۆستايان ، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ترس و دوودڵى لاى مامۆستايان هه‌ر له‌ وانه‌كانى سه‌ره‌تاوه‌.

له‌م بابه‌ته‌دا هه‌ندێ ئامۆژگارى ده‌ده‌ين له‌سه‌ر چۆنێتى ده‌ستپێكردن له‌گه‌ڵ خوێندكارانى قۆناغى سه‌ره‌تايى و هه‌روه‌ها 10 له‌ باشترين جۆره‌كانى به‌ڕێوه‌ بردنى پۆل ده‌خه‌ينه‌ ڕوو.

  • پێش ده‌ستكردن به‌ وانه‌ وتنه‌وه‌
  • بزانه‌ خوێندكاره‌كانت كێن
  • كردارخوازى
  • 10 له‌ باشترين جۆره‌كانى به‌ڕێوه‌ بردنى پۆل بۆ فێركردنێكى سه‌ركه‌وتوو.

پێش ده‌ستكردن به‌وانه‌ وتنه‌وه‌

  • بزانه‌ خوێندكاره‌كانت كێن
  • گفتوگۆ بكه‌ له‌گه‌ڵ ڕابه‌رى پۆل و بزانه‌ منداڵه‌كان به‌ته‌واوى ئاستيان سه‌ره‌تاييه‌ له‌زمانى ئينگليزيدا يان پێشتر كه‌مێك فێربوون.
  • ئايا هيچ خوێندكارێكت هه‌يه‌ به‌ هه‌ردوو زمانه‌كه‌ قسه‌بكات ؟ئه‌گه‌ر وايه‌ به‌كاريان بهێنه‌ بۆ يارمه‌تيدانت.
  • ئايا هيچ كام له‌ خوێندكاره‌كان به‌ زمانێكى تر قسه‌ده‌كه‌ن؟
  • دڵنيابه‌ له‌وه‌ى كه‌ خوێندكاره‌كان به‌شێوه‌يه‌كى‌ بەرچاو هانده‌درێن و جۆش و خرۆشيان هه‌يه‌ بۆ فێربوونى زمانێكى بيانى. ئامانجى سه‌ره‌كى تۆ دامه‌زراندنى ئه‌و هاندانه‌ سه‌ره‌تاييه‌يه‌، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنى زانخوازيان بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ بده‌ن به‌ حه‌زى ڕاسته‌قينه‌يان بۆفێربوونى زمان ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر هه‌ستيش بكه‌يت به‌ خێرايى فێرنابن. ده‌بێت خۆت و خوێندكاره‌كانيش ڕاستبين بن له‌باره‌ى تواناى فێريونيان له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ى كه‌  له‌گه‌ڵيان به‌سه‌رى ده‌به‌يت.
  • زۆر ئاساييه‌ خوێندكاره‌كان هه‌ندێ كاتيان بوێت تا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ به‌كارهێنانى زمان ، وه‌ك ئه‌وه‌ى كاتيان ده‌وێت تا له‌گه‌ڵ تۆ ئاشنا ده‌بن ( به‌دڵنيايى يه‌كه‌م قسه‌كه‌رى زمانى ئينگليزى تۆيت كه‌ بينيويانه‌) ، هه‌روه‌ها وه‌رگرتنى زمانه‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ى هه‌ست بكه‌ن ئاماده‌ن و باوه‌ڕيان به‌خۆيانه‌ بۆ بەكارهێنانى زمان.
  • ئارام بگره‌و مه‌ترسه‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى شته‌كان دووباره‌و دووباره‌. منداڵان دڵخۆشن به‌ زۆربه‌ى ئه‌و هه‌لانه‌ى بۆيان ده‌ڕه‌خسێت بۆ گوێگرتن له‌ زمانه‌كه‌. ته‌نها بيرت بێت سروشتى به‌.

كردارخوازى

– مامۆستاى پۆل بناسه‌و بزانه‌ چۆن ده‌توانێت هاوكاريت بكات.

– چه‌ند خوێندكارت هه‌يه‌ له‌ پۆله‌كه‌تدا؟

– ده‌توانيت چيبكه‌يت و چى نه‌كه‌يت له‌ پۆله‌كه‌تدا، بۆ نموونه‌ جوڵاندنى كورسييه‌كان له‌ پۆلدا ؟

– ئايا مامۆستاى پۆل له‌گه‌ڵت ده‌مێنێته‌وه‌ له‌كاتى وانه‌ى ئينگليزيدا ؟

– له‌باره‌ى ئاكار و ڕه‌فتارى خوێندكاره‌كانه‌وه‌ بپرسه‌.

– ماوه‌ى وانه‌كه‌ت چه‌نده‌ ؟ 40 ده‌قيقه‌ ، كاتژمێرێك؟

– ئايا ڕێگا ده‌درێت كارى منداڵه‌كان له‌سه‌ر ديواره‌كان نيشانبدرێت و هه‌ڵبواسرێت ؟

– ئايا ده‌توانيت گۆشه‌يه‌ك بۆ ئينگليزى دروست بكه‌يت ؟

– ئه‌و سه‌رچاوانه‌ چين كه‌ خوێندنگه‌ هه‌يه‌تى و تۆ ده‌توانيت به‌كاريانبهێنيت ؟

– ده‌توانيت چه‌ند له‌به‌رگرتنه‌وه‌ بكه‌يت بۆ سه‌رچاوه‌و بابه‌ته‌كانت ؟

– ئايا ده‌توانيت منداڵه‌كان ببه‌يته‌ ياريگايه‌كى منداڵان ؟

-ئايا ده‌توانيت كۆمپيوته‌ر به‌كاربهێنيت ؟

10 له‌ باشترين جۆره‌كانى به‌ڕێوه‌ بردنى پۆل بۆ فێركردنێكى سه‌ركه‌وتوو.

  1. پلان دابنێ بۆئه‌وه‌ى بزانيت چيده‌كه‌يت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو، هه‌روه‌ها ئامانجى ڕونت هه‌بێت بۆئه‌وه‌ى خۆت و خوێندكاره‌كانت به‌ته‌واوى بزانن بۆ كوێ ده‌چن به‌ درێژايى وانه‌كه‌. ئه‌مه‌ تاكه‌ ڕێگه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تواناى كۆنترۆڵكردنى 30 خوێندكارت هه‌بێت له‌ پۆل دا . ئه‌وان يه‌كه‌م كه‌س ده‌بن كه‌ ده‌زانن خۆت ئاماده‌ نه‌كردووه‌ و كاردانه‌وه‌شيان به‌ شێوه‌يه‌كى بێزاركه‌ر ده‌بێت.
  2. ساڵه‌كه‌ت ده‌ستپێبكه‌ به‌شێوه‌يه‌كى جێگير و پابه‌ند به‌ ئاكار و ڕه‌فتارت. منداڵه‌كان چاوه‌ڕێى ژينگه‌يه‌كى ڕێك و پێكى پۆل ده‌كه‌ن هه‌روه‌ها كاردانه‌وه‌شيان باش ده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانى كاره‌كانيان. له‌ مامۆستاى پۆل بپرسه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاكار و ڕه‌فتاره‌ خوازراو نه‌خوازراوه‌كان و خوێندكاره‌كانت دڵنيا بكه‌و به‌ڕوونى پێيان بڵێ كه‌ چاوه‌ڕوانى هه‌مان ئاكار و ڕه‌فتار ده‌كه‌يت لێيان.
  3. فێرى ناوى خوێندكاره‌كانت ببه‌ و به‌ناوى خۆيان بانگيان بكه‌.
  4. به‌رده‌وام بجوڵێ به‌ناو پۆله‌كه‌دا و له‌يه‌ك جێ مه‌وه‌سته‌.
  5. ئاماژه‌يه‌كى ڕوون بده‌ بۆ وه‌ستاندنى هه‌ر چالاكيه‌ك يان كاتێك ويستت خوێندكاره‌كان بێده‌نگ بن. چاوه‌ڕێى بێده‌نگى بكه‌ و هه‌موو ئاگايان به‌ ده‌ست بهێنه‌ پێش ئه‌وه‌ى قسه‌ بكه‌يت، هه‌روه‌ها ڕێنمايى ڕوون و ڕه‌وان بده‌ به‌ خوێندكاره‌كان. دڵنيابه‌ له‌وه‌ى كه‌ خوێندكاره‌كان ده‌زانن چى بكه‌ن.
  6. هه‌رگيز توانا و زيره‌كى خوێندكاره‌كانت به‌كه‌م مه‌زانه‌، ڕه‌نگه‌ ئينگليزيه‌كى‌ زۆر سنورداريان هه‌بێت به‌ڵام  هێشتا هه‌مان حه‌زو ئاواتيان هه‌يه‌ وه‌ك هه‌ر منداڵێكى ترى هاوته‌مه‌نى خۆيان. خوێندكاره‌كان په‌يوه‌ست بكه‌ به‌ پێدانى ناوه‌ڕۆكى هانده‌ر و چالاكيى پر واتا.
  7. هه‌ميشه‌ دڵنيابه‌ له‌وه‌ى خوێندكاره‌كانت هه‌ندێ ئينگليزى به‌ده‌ست بهێنن له‌ كۆتايى وانه‌كه‌دا. خوێندكاره‌كان شانازى ده‌كه‌ن و هه‌ست به‌ ده‌سكه‌وت ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پۆله‌كه‌ به‌ جێبهێڵن و بتوانن پرسيارێك بكه‌ن بۆ نموونه‌ پرسيارێكى تازه‌ به‌ ئينگليزى، شتێك بڵێن له‌باره‌ى خۆيانه‌وه‌، گۆرانيه‌ك بڵێن ، ئه‌مه‌ش واتاى ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت كه‌ ئامانجه‌كه‌ت ڕوونه‌ لاى خوێندكاره‌كان.
  8. دوركه‌وه‌ره‌وه‌ له‌و ياريانه‌ى زۆر ده‌يانوروژێنێت، زۆر جار گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژينگه‌يه‌كى ئارام و كۆنترۆڵكراوى فێربوون گرانه‌ دواى يارييه‌كى پڕ ژاوه‌ ژاو. دوركه‌وه‌ره‌وه‌ له‌و چالاكيانه‌ى پێويستيان به‌ جوڵه‌ى زۆره‌ كاتێك ده‌زانيت كه‌ له‌ پۆله‌كه‌تدا بۆشايى و شوێنى كه‌م هه‌يه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ چالاكيانه‌. هه‌روه‌ها دوركه‌وه‌ره‌وه‌ له‌و چالاكيانه‌ى كه‌ بڕين و لكاندنى زۆر تێدايه‌ ، ته‌نها ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێكى ڕوونى زمانه‌وانى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا كاتێكى زۆر به‌نرخت ده‌با له‌گه‌ڵ دروستكردنى ژاوه‌ ژاو و ناڕێكيه‌كى زۆر.
  9. كۆمێنتى ئه‌رێنى بده‌ له‌سه‌ر كار و هه‌وڵ و ماندوبوونى خوێندكاره‌كان با هه‌ست بكه‌ن كه‌ كاره‌كانيان به‌نرخن لات.
  10. ماده‌ و بابه‌تى زياتر ئاماده‌ بكه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێندكارانه‌ى خێران ياخود خاون ، مه‌هێڵه‌ چالاكيه‌كان زۆر درێژ بن.

سەرچاوەى بابەت:  ئيره ببينه

سەرچاوەى وێنه: ئيره ببينه

وەرگێڕ: خه‌بات ره‌فيق محمد

هەڵەچن: دابان بەهمەن احمد

ده‌نگ: چرا به ختیار

ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Khabat Rafiq

خه‌بات ره‌فيق محمد، مامۆستاى زمانى ئينگليزى و هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالۆريۆس له‌ زمان و ئه‌ده‌بى ئينگليزيدا، هه‌روه‌ها خاوه‌نى بڕوانامه‌ى TEFL ى به‌ريتانى بۆ وتنه‌وه‌ى زمانى ئينگليزى. مامۆستا خه‌بات به‌شدارى ده‌يان خولى ڕاهێنان و گه‌شه‌سه‌ندن و شياندنى مامۆستايانى كردووه‌ ده‌يان بڕوانامه‌ و سوپاسنامه‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ ئێستادا له‌ پاڵ پيشه‌ى مامۆستايى دا وه‌رگێڕو هه‌ڵه‌چنه‌ له‌ فێرۆپيديا. مامۆستا خه‌بات باوه‌ڕى ته‌واوى به‌ گيانى هاوكارى و كاركردن به‌كۆمه‌ڵه‌. له‌ كۆتايدا ئه‌و ده‌ڵێت: تۆ دوو ده‌ستت هه‌يه‌ يه‌كه‌م بۆخۆت، دووه‌م بۆ يارمه‌تيدانى خه‌ڵكى.

لێرەش بگەڕێ

چۆن قوتابییە سەرەتاییەکانمان فێری سەلامەتی ئینتەرنێت بکەین

وانەیەکی داڕیژراو کە یارمەتی قوتابیەکان و منداڵانی باخچەی ساوایان بدات بۆئەوەی فێرببن کەچۆن سەلامەتبن لەسەر هێڵی ئینتەرنێت.

Share via
Send this to a friend