Phys.org

خۆشکردنی وانەی بیرکاری

پێویست ناکات بیرکاری وەڕسکەر بێت، ببینە چۆن مامۆستایەکی بیرکاری قۆناغی ناوەندی هانی خوێندکاران دەدات بە پەرۆش بن بۆ وانەکەی.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا قورسە ببیت بە مامۆستا. لە نێوان جێبەجێکردنی هەموو پێوانەکانی وەزارەت، ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ تاقیکردنەوەی وزاری، تاوتوێکردنی داتاکانی فێربوونی خوێندکار و پێشکەوتنی خۆمان وەکو مامۆستا، هەروەها ئامادەکردنی  بەڵگە بۆ هەڵسەنگاندنەکان، زۆرمان لە بەردەستدایە بیکەین، تەنانەت باسی ئامادەکردنی وانەکانم نەکرد، چ جای ووتنەوەیشیان. ئەگەر مامۆستای بییرکاری بیت ئەوا زۆر لەوەش قورسترە، ئەمەش لەبەرئەوەی  بابەتێکە خوێندکاران دەگمەن بە خۆش و سەرنجڕاکێشی دەزانن. هەرچۆنێک بێت، هەندێک تەکنیکم دۆزیوەتەوە بۆئەوەی بیرکاری سەرنجڕاکێش و خۆشبێت بەلای خوێندکارانەوە، لە کاتێکدا هێشتا پەیڕەوی پێوانەکان دەکەم و پەیوەستم بە پێداویستییەکانی خوێندن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا.

١. پرسیارکردنی ڕاستەقینە

بیر و باوەڕی باو ئەوەیە خوێندکاران پێویستیان بەوەیە هەنگاوەکانیان پیشانبدرێت و توانای دوبارەکردنەوەی هەنگاوەکانیان هەبێت بۆ ئەوەی زانیارییەکانیان بخەنەڕوو لە ڕێگەی وەڵامێکی ڕاستەوە. هەرچۆنێک بێت، ڕێنمایی فێرکردنی بیرکاری گۆڕاوە و پاڵپشتی ستراتیژە بەهێزترەکانی بەشداریکردنی خوێندکار دەکات. زیادکردنی بەشداریکردنی خوێندکار ئاسان نییە، و هێندەی دانانی نمونەی پەیوەندیدار یان بەستنەوەیان بە جیهانی ڕاستییەوە سادە نییە. بۆ ئەوەی وا لە خوێندکاران بکەین حەزیان لە بیرکاری بێت، پێویستمان بەوەیە بوار بڕەخسێنین بۆ خوێندکاران بۆ ئەوەی بە ڕاستی پرسیار بکەن.

ئێمە دەمانەوێت منداڵان، نەک کتێبەکە یان مامۆستاکە، پرسیارەکان بکەن. خستنەڕووی کێشەکان کارامەییەکی بەسودە و وا لە خوێندکاران دەکات بیرکارییانە بیر لە هەموو شتێک بکەنەوە. بۆ نموونە، ئەگەر وێنەی شەشپاڵوویەکی لاکێشەیی لەسەر تەختەکە دابنێم بەبێ ئەوەی هیچ نوسین یان پێوانەیەکی لەسەر بێت، دەتوانم داوا لە خوێندکاران بکەم ئەو پرسیارانە دروست بکەن کە دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو شێوەیە وەڵام بدرێنەوە.

خۆشترین بەشی ئەمە بەلای منەوە ئەوەیە لە شێوازی کۆنی وانەبێژیدا، بە خوێندکارەکانمان دەوت کە شێوەکە شەشپاڵوویەکی لاکێشەییە. لە جیهانی ڕاستیدا، زانایانی بیرکاری پرسیار دەکەن، دەخەمڵێنن، و کارەکانیان وردتر دەکەن لەسەر بنەمای ڕەخنە و هەڵسەنگاندنەکانی ئەو پرسیار و خەمڵاندنانەیان. وەکو مامۆستا ئەوە کاری ئێمەیە بواری ئەوە بۆ خوێندکاران بڕەخسێنین ببن بە بیرکاریزان، نەک تەنها ئامێری کۆمپیتەر.

٢. ڤیدیۆ مۆسیقییەکانی بیرکاری

ئەگەر دەتەوێت پۆلەکەت یان یانەیەکی پاش قوتابخانە بەپەرۆشبن دەربارەی بابەت یان بیرۆکەکانی بیرکاری، بیر لە دروستکردنی ڤیدیۆیەکی مۆسیقی تایبەت بە خۆت بکەرەوە. گۆرانییەکی بەناوبانگ بدۆزەرەوە و ووشەکانی بگۆڕە بۆ باسکردنی بابەتەکانی وەک ڕێژەی نەگۆڕ، ساین و کۆساین، یان گۆرانی ‘کچەکان و بیرکاری‘. پاشان خوێندکارەکان تۆماربکە کە گۆرانییەکە دەڵێن و چێژی لێ دەبینن. ڕاستە، ئەمە نابێتە هۆی تێگەشتنی چەمکەکان تا ڕادەیەکی باش، بەڵام خوێندکارەکان بەپەرۆش دەکات بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی ڤیدیۆیەکدا.

٣. باوەڕبوون بە گەشەسەندن

زۆرێک لە خوێندکاران ناتوانن چێژ لە بیرکاری ببینن لەبەرئەوەی بیرکردنەوەیەکی چەسپیویان هەیە لەبارەی بیرکارییەوە. بۆ مامۆستایان گرنگە نەریتە ئەرێنییەکان بزانن بۆ هاندان لە وانەی بیرکارییاندا. ئەگەر خوێندکاران ووشیار بکرێنەوە لەوەی هەڵەکردن بەشێکە لە پرۆسەی فێربوون و خێرایی زیرەکی دیاریناکات، دەتوانرێت زۆرێک لەو بەربەستانە لاببرێن کە ڕێگری دەکەن لەوەی خوێندکاران چێژ لە وانەی بیرکارییان ببینن. هەروەها کەمپینی ”لەگەڵ بیرکاری دەتوانم” زۆر پاڵپشتی و ستراتیژ پێشکەش دەکات. زۆرێک لە بیرۆکەکانی باوەڕبوون بە گەشەسەندن لەم  ڤیدیۆ مۆسیقییەی بیرکاریدا دانراون کە خوێندکارانی خوێندنگەی ناوەندی دەخاتەڕوو.

٤. ڕێگەی شیکارکردن بە شێوەی جۆراوجۆر

لە پۆلە کۆنەکاندا، مامۆستایان تەنها یەک ڕێباز پیشان دەدەن وەکو تاکە ڕێگەیەک بۆ شیکارکردنی نمونەیەک و داوا لە خوێندکاران دەکەن بەو ڕێگەیە شیکاری بکەن و هیچ ڕێگەیەکی تر بەکارنەهێنن. ئەم ڕێبازە یارمەتی خوێندکاران نادات لە بیرکاری تێبگەن. لەجیاتی ئەوە، پێویستە منداڵان فێری ڕێگای جۆراوجۆر بکەین لەسەر بنەمای حەز و توانا جیاوازەکانیان، و هانیان بدەین بۆ داهێنانی ڕێگەی تایبەت بە خۆیان بۆ شیکارکردنی نمونەکان. لەوەش گرنگتر، هەرکە خوێندکاران خۆیان شێوازێکیان گەشەپێدا، دەبێت ڕێگەیان پێبدەین ئەو نمونانە بدۆزنەوە کە پەیڕەوی یاساکان ناکەن یان بزانن ئایا خەمڵاندنەکەیان هەمیشە کار دەکات. پێدانی ئەم دەرفەتە بە خوێندکاران هانیان دەدات و توانای داهێنان و شیکارکردنی نمونەکانیان زیاد دەکات.

٥. بەشدار بە لە بزوتنەوەیەکی بیرکاریدا

پرۆژەی بیرکاری جیهانی ئامانجی ئەوەیە بگات بە ١ ملیۆن خوێندکار بە بیرکاری خۆش و سەرنجڕاکێشەوە. سەیری تەکنیکی خاڵە تەقیوەکان بکە کە نوێ و داهێنەرانەیە، و دەتوانرێت لە قۆناغی سەرەتاییدا فێربکرێت بۆ باشتر تێگەیشتن لە چەمکی نرخ دانان و هەروەها زۆربەی هەژماردنەکانیش ڕووندەکاتەوە لە ڕێگەی بیرکارییەوە. پرۆژەی بیرکای جیهانی بەدوای باڵیۆزەکاندا دەگەڕێت بۆ یارمەتیدانی خوێندکاران لە نرخاندن و خۆشویستنی بیرکاریدا.

هەندێک جار قورسە بیرت بکەوێتەوە بۆچی بویت بە مامۆستای بیرکاری. ئەگەری زۆرە کە هەڵبژاردەکەت لە خۆشەویستیت بۆ فێرکردنی منداڵان و حەزت بۆ بیرکاری هەڵبقوڵێت. هەروەها دەکرێت بۆ ووتنەوەی بیرکاری نەبوبیت بە مامۆستا؛ ڕەنگە مامۆستایەکی قۆناغی سەرەتایی بیت و پێویست بێت بیڵێیتەوە (لەگەڵ وانەکانی تردا). ئێستا کاتی ئەوەیە هەوڵی خۆشویستن یان دووبارە خۆشویستنەوەی بیرکاری بدەیت، ببە بە مامۆستای بیرکاری بە پەیڕەوکردنی یەکێک لە پێشنیارەکانی سەرەوە یان بە ڕێگەیەکی تر. ئەگەر خوێندکاران تێبینی حەزی تۆ  بۆ بیرکاری بکەن، ئەوا ئەو تێبینیکردنە هانیان دەدات و یارمەتییان دەدات خۆشەویستی و جوانی لە بیرکاریدا بدۆزنەوە.

سەرچاوەی بابەت: ئێره ببينه

ئامادەکاری بابه‌ت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: هەناو ئیبراهیم مەحمود

هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود

ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

 

لێرەش بگەڕێ

بۆچی قوتابییان گزی دەکەن و چی بکەین سەبارەت بەمە؟

بۆچی گزیتکرد لە قوتابخانەی ئامادەییدا؟ ئەم پرسیارەم نارد بۆ دەستەیەک لە قوتابیانی پێشووم. سۆنیا کە …

Share via
Send this to a friend