تەواوکردنی کۆتا ساڵی خوێندنی قوتابخانە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ فێرخواز. تێپەڕاندنی خوێندنی ئامادەیی و دەست پێکردنی خوێندنی زانکۆ زۆر گرنگە، وە زۆربەی فێرخوازان لەوانەیە زۆرجار بە شێوەیەکی هەڵە لە کۆلێژ تێبگەن. لێرەدا ڕۆڵی دایک و باوک و مامۆستا دەور دەبینێ تاکو ئەو هەڵە تێگەشتنانە بناسنەوە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لێیان بکۆڵنەوە. لەم سێ بەشەی ئەم بابەتەدا هەموو ئەو لایەنانە چارەسەر دەکەین.
مانگی ٦ کاتی ئاهەنگگێرانی فێرخوازانی قۆناغی ئامادەییە، کاتێک ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنن و بڕوانامەکانیان وەردەگرن، هەستی ڕازی بوون و جۆش و خرۆش دەبنە پاشکۆی ئەو خرۆشانەی کە بۆ چوون بەرەو ژیانی کۆلێژ هەیانە. هەر لەو ساتەوەی کە نمرەکانیان وەردەگرنەوە ئیتر نەریتەکانی ژیانی کۆلێژ دەست پێ دەکات.
لەپاڵ دەرچونیاندا، لێکچونێکی زۆر هەیە لە نێوان فێرخوازەکاندا کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتوی کۆلێژەکانیان. ئەوان بەڕاددەیەکی زۆر گەشبینن و بروایان بە تواناکانیان هەیە بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو کێبڕکێیانەی کە لە کۆلێژ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە دوای گەیشتن بە کۆلێژ کاتێک فێرخوازە نوێیەکە لەڕووی پێشبینییە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی و تاکە کەسییەکانەوە هیچی بەرچاو ناکەوێت توشی بێ ئومێدی دەبێت و لەئەنجامدا زۆربەی فێرخوازە نوێیەکان هەر لە ساڵی یەکەمدا کۆلێژ بەجێدێڵن یاخود لەتاقی کردنەوەکاندا شکست دێنن. لەم خاڵەدا لەوانەیە تۆ بیربکەیتەوە و بڵێی ئەوە من نیم یان ئەوە مناڵەکانی من نین، بەڵام من بە شێوەیەکی واقعی ئەوەم بینیوە کە خەیاڵاتی فێرخوازی نوێ ئەتوانێ تەنانەت ژیانی ئەو فێرخوازانەش وێران بکات کە پێشتریش بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە شتێکی وایان بەسەر بێت.
بەپێی ئامارێکی ئەمریکا و تاقیکردنەوەی کۆلێژێکی ئەمریکی، ساڵی ٢٠٠٨ بەشێوەیەکی مەزەندەیی ١٨ ملیۆن فێرخواز ناونووس کراون بۆ کۆلێژەکان، نزیکەی ٣٤% ی ئەو فێرخوازانە هەر لە ساڵی یەکەمدا وازیان هێنا بەهۆی متمانەی زیاد لە پێویست و کەمتەرخەمی لە خۆئامادەکردن و بەواقع نەبوونی ئەو پێشبینیانەی کەلەبارەی کۆلێژەوە هەیانبووە. ژمارەیەکی زۆری ئەو فێرخوازانەی کە لەساڵی یەکەمدا کۆلێژ بەجێدێڵن هەر لە سەرەتای شەش هەفتەی یەکەمەوە ئەوکارە دەکەن، چونکە نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە قۆناغی ئامادەیی بەرەو کۆلێژ تێبپەڕێنن. زۆربەی ئەو فێرخوازانە و دایک و باوکیشیان وەک تۆ هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە لەوانەیە ئەم شتەیان بەسەربێت، ئەکرێ بەسەر هەموو کەسێکدا بێت. خۆشبەختانە ئەو زانیاریانەی کە لەم زنجیرە بابەتەدا هەن یارمەتیت دەدات کە لە هەمان چارەنووس بەدوور بیت.
بەپێی ئەو ئامارانە هەڵسەنگاندنێکی باش دەتوانێ ئەوە دیاری بکات کە ئەگەر ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ کێبڕكێ کردن و پاڵپشتی کردنی فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بن تاکو لەڕووی ئەکادیمییەوە سەربکەون ئەوا دەبێ جەخت بکەنەوە لەسەر هەردوو لایەنی دەرکەوتوو و پێشبینی بۆکراو لەلایەن فێرخوازانەوە پێش چوونە کۆلێژ. هەرچەندە لەگەڵ گۆڕانی ڕووکارەکانی پەروەردە لەنێوان باخچەی ساوایان تاکو قۆناغی ١٢ وە هەروەها کەم بونەوەی خەرجی کاریگەریان لەسەر توانای زۆربەی خوێندنگەکان دەبێ لەدابین کردنی ئەو ئامرازانەی کە پێویستن بۆ فێرخواز تاکو بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە قۆناغی ئامادەیی بەرەو کۆلێژ تێبپەڕێنن.
بەگشتی ڕاوێژکاری خوێندنگە ئامادەییەکان ڕۆڵێکی مەزنیان هەیە لە ئامادەکردنی فێرخوازەکان بۆ تێپەڕاندن بەرەو کۆلێژ. کەم بونەوەی بودجە و نەبونی پاڵپشتی توانای زۆرێک لە ڕاوێژکاران بەرەو خراپی دەبات وە ناتوانن وەکو پێشتر خزمەت بە فێرخوازەکانیان بکەن. بۆ نمونە لەساڵی ٢٠٠٨ بەشی پەروەردەی کالیفۆرنیا ڕاپۆرتێکی کرد دەربارەی تێکڕای ڕاوێژکارانی
خوێندنگەیەکی ئامادەیی بۆ فێرخوازەکان کە ١:٩٠٠ ی تێپەڕاند( واتە هەر ڕاوێژکارێک خزمەتکردنی ٩٠٠ فێرخوازی لە ئەستۆ بوو) . تێکڕاییەکە لەوانەیە لە خوێندنگەکەی تۆدا جیاواز بێت، بەڵام شێوازی باوی کەمکردنەوەی خزمەتگوزاری پەروەردەیی شتێکی جیهانییە. لەئەنجامدا زۆربەی ڕاوێژکارەکان کاتێکی زۆر کەمیان تەرخان کردبوو بۆ یارمەتیدانی فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی تاکو لەڕووی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی و کێبڕکێی تاکەکەسییەوە ئامادەیان بکەن بۆ چونە کۆلێژ.
زۆرێک لە کۆلێژەکان هەوڵدەدەن لە ڕێگەی یارمەتیدانی فێرخوازەکان بۆ رێکخستنی کۆمەڵێک پێشبینی واقعی ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە، بەم جۆرە دەکرێ تێپەڕاندنێکی سەرکەوتوو بەدی بهێنرێ. هەرچەندە ئەم پرۆگرامانە عادەتەن کاتێک جێ بەجێ دەکرێن کە فێرخوازە نوێیەکان هاتونەتە کەمپی زانکۆوە، کە ئەوکاتەش زۆر درەنگە چونکە فێرخوازە نوێیەکان پێشتر بەو بیرۆکە و پێشبینیانەی کە هەیانبوە هاتونەتە زانکۆ کە بەزۆری بەرگێکی ڕۆمانتیکیان پێوە دیارە نەک ڕەنگدانەوەی دروستی ژیانی ڕاستەقینەی کۆلێژ. ئەم بیرۆکانەش لەڕێگەی ڕێبەری وەرگرتن لە زانکۆ و سەردانکردنی کەمپی زانکۆ و ئەو بیرۆکە چەقبەستوانەی لەڕێی میدیاکانەوە دەخرێنە ڕوو یاخود ئەو چیرۆکانەی لەڕێی خێزان و هاوڕێکانیانەوە دەیبیستن. ئەمەش زۆرێک لە فێرخوازە نوێیەکان دووچاری گیروگرفت دەکات لە خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە تازەکەیان.
زۆربەی فێرخوازە نوێیەکانی کۆلێژ بەپێی پێویست زانیارییان نیە تاکو لەڕاستی ژیانی کۆلێژ تێبگەن و پێش ئەوەی بچنە کۆلێژ بزانن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ژینگە تازەیەدا بکەن، تێبینی ئەوەم کردوە کە ئەو فێرخوازانەی بەشێوەیەکی وردتر لێکۆڵینەوەیان کردوە و بە کۆمەڵێک پێشبینی چاوەڕوانکراو و نزیک لەڕاستییەوە چوون بەرەو کۆلێژ زیاتر ئامادەییان هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ژیانی کۆلێژ وەك لەو فێرخوازانەی کە پێشبینی کۆمەڵێ شتی دوور لەڕاستی دەکەن. کۆمەڵێ بابەت و لێکۆڵینەوەی زۆر هەن کە پشتگیری ئەم بۆچونە دەکەن.
من بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە لەڕێی ئەزمونەوە گەشەکردن و بەرەوپێش چوون ڕوودەدات، بەڵام کۆلێژ یەکێکە لەو گەورەترین تێپەڕاندنانەی کە مرۆڤ ئەنجامیان دەدات. لەبەرئەوە زۆر گرنگە کە سەرنجی زیاتر بخرێتە سەر تێپەڕاندنی ئامادەیی بۆ کۆلێژ.
من هانی دایکان و باوکان و فێرخوازان دەدەم کە چەند ساڵێک پێش چوونە کۆلێژ دەست بەو پڕۆژەیە بکەن، بەڵام وەکو دوایین هەوڵێک پێشنیاری ئەوە ئەکەم کە سود لە دواساڵ و مانگەکانی دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی ئامادەیی وەربگیرێ بۆ سەرنج خستنەسەر ئەو پێشبینیانەی کە لەڕووی ئەکادیمی و کەسی و کۆمەڵایەتییەوە تۆ یاخود مناڵەکانت هەیانە دەربارەی کۆلێژ. ئەمە ئەو شتەیە کە من ئێستا بۆت پێشنیار دەکەم، هەرگیز درەنگ نەبوە.
بۆ یارمەتیدانی ئەم پڕۆسەیە، ئەو بابەتانەی کە دەمێننەوە لەم زنجیرە باسەدا تەرخانیان دەکەین بۆ سەرنج خستنەسەر ئەو پێشبینیە باوە دوور لە ڕآستیانەی کە لەلایەن فێرخوازانی دواقۆناغی ئامادەیی دەکرێن لەڕووی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەوە. بەو هیوایەم کە بە پێدانی ئەم زانیارییانە بیر لە پێشبینییەکانی خۆت یاخود مناڵەکەت بکەیتەوە و دەست بکەیت بە گفتوگۆیەک دەربارەی بابەتەکە، لەڕێگەی ئەم گفتوگۆ و پڕۆسەیەوە دەکرێ فێرخوازان زیاتر هەستی متمانە بەخۆبوون و جڵەوگیرکردنی تواناکانیان و بەکارهێنانی ئامڕازی نوێ بۆ یارمەتیدانیان لا دروست بێت تاکو سەرکەوتو بن لە گواستنەوە بەرەو ژیانی کۆلێژ و هەوڵە ئەکادیمییەکانیاندا. دوای ئەو هەموو ئیش و ئارەق ڕشتن و فرمێسک و خەرجیانەی کە بۆ چوون بەرەو کۆلێژ دراون پێم خۆش نییە کە تۆ یاخود مناڵەکانت ببینم کە بەهۆی کەمتەرخەمی لە خۆئامادەکردندا بکەویتە داوی پێشبینی دوور لە ڕاستییەوە. مەهێڵە ئەوەت بەسەر بێت.
ئەگەر ئەتەوێت دەست بە پڕۆسەکە و بڕیاردان بکەیت پێش بابەتی داهاتووم، ئەوا ئەتوانی سود لەم پرسیارانەی خوارەوە وەربگریت وەک خاڵی دەست پێک:
١- ئامانجە کورت و درێژخایەنەکانت کامانەن لەڕووی ئەکادیمی و تاکەکەسییەوە کاتێک دەچیتە کۆلێژ (واتا جگە لە بەدەست هێنانی پلەی بەرز)؟
٢- چۆن بیر دەکەیتەوە دەربارەی گۆڕانی پەیوەندیت لەگەڵ خێزانەکەت کاتێک دەچیتە کۆلێژ (چونکە بەدڵنیاییەوە ئەمە ڕوودەدات)؟
٣- ئایا پێشبینی ئەوە دەکەیت کە نمرەکانی کۆلێژت هاوشێوەی نمرەکانی ئامادەییت بێت؟ ئەگەر “بەڵێ” ئەی هەست بەچی دەکەیت ئەگەر وانەبوو؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەستانە دەکەیت و چارەسەریان دەکەیت؟
٤- بەبڕوای تۆ پێویستت بە هیچ یارمەتیدەرێکی دەرەکی دەبێت تاکو لە کۆرسەکاندا باشتر بیت؟ ئەگەر وەڵامەکەت “نەخێر”ە بۆچی؟ ئەگەر “بەڵێ” یە چۆن ئەو یارمەتییە دەدۆزیتەوە؟
٥- ئایا قورس دەبێت بۆت کە خۆت رابێنی تاکو ڕاسپاردە ئەکادیمیەکان جێ بە جێ بکەیت. وەك: ئامادەبوون لەکاتی وانەکاندا و خۆئامادەکردن بۆ وانەکان؟ ئەگەر وەڵامەکەت “نەخێر”ە بۆچی؟ (تا ئێستا هیچ فێرخوازێکم نەبینیوە کە بتوانێ بە ئاسانی ئەوە جێ بەجێ بکات) وە ئەگەر وەڵامەکەت “بەڵێ”یە لەکام بوارەدا زیاتر پێویستت بە خۆڕێکخستن هەیە؟
٦- ئایا بڕوات وایە کە لە کۆلێژ هەست بە قەلەقی دەکەیت؟ ئەگەر “بەڵێ” ئەوا ئاماژە بە پێنج ڕێگە بدە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو حاڵەتە، وە ئەگەر “نەخێر” بۆچی؟ (لەبەرئەوەی من گرنتی ئەوە دەکەم کە توشی دڵەڕاوکێ و قەلەقی دەبیت).
لەبابەتی داهاتودا درێژە بەم زنجیرە باسە دەدەم لەگەڵ سەرنج خستنەسەر هەندێک لەو لایەنە باوە ناڕاستیانەی کە فێرخوازە نوێیەکان لەڕووی ئەکادیمییەوە پێشبینی دەکەن.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەى وێنە: ئيره ببينه
وەرگێڕان: ئاڵا فرج
هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد
دهنگ: لانه سواره
دیزاین: فێرۆپيديا