وەک دەردەکەوێت ئابووری ناسەکان، کیمیاگەرەکان، فڕۆکەوانەکان و مەلەوانەکانیش یاسای سێ هەنگاوەکەیان بەکار هێناوە ، تەنانەت( ئەگاسا کریستی) ش هەمان ڕێگەی بەکارهێنا کاتێک کە زنجیرەیەک لە شانۆگەری نووسی بە ناوی” یاسای سێ”). هەرچەندە لەو کاتەدا بەو ناوە نەناسراوە، بەڵام لە سەردەمی ئەرستۆ وە چەند وانەبێژێکی مەزن ئەم ڕێگەیەیان لە پۆلدا بەکارهێناوە( ئایا هەرگیز گوێت لە دەستەواژەی سیلۆجیزم بووە؟) . کەواتە یاسای سێ هەنگاو بۆ فێربوون چییە؟ زۆر ئاسانە هەروەکو وتنی یەک، دوو، سێ ( ئەمە گاڵتە نیە! ) . لە بنەڕەتدایاسای سێ هەنگاو بۆ فێربوون ئەو پێویستییە دادەڕیژێت کە خوێندکاران بە لایەنی کەمەوە سێجار دەرفەتی فێربونی بابەتێکیان پێ بدرێت پێش ئەوەی چاوەڕێی زانین و پەیڕەوکردنی بابەتەکەیان لێ بکرێت.
هێندەی وتنی یەک، دوو، سێ ئاسانە.
هەنگاوی یەکەم
فیرخوازەکان بۆ یەکەم جار لە بابەتێکی دیاری کراوی فێرکاریی تێوە دەگلێن ، کلیلی بابەتەکە ئەوەیە کە پێویستە خوێندکارەکە سەرقاڵ بکرێت، وانەیەکی ناساندنی بابەتەکە یاخود کورتە ڤیدیۆیەک هەژمار ناکرێت چونکە خوێندکارەکان بە شێوەیەکی ناچالاک فێر دەبن کە تەنها گوێگرتن و سەیرکردنە. کەواتە دوای ناساندن و نمونە هێنانەوە بٶ بابەتەکە لەلایەن مامۆستاکەوە، دەکرێت هەنگاوی یەکەم لە یاسای سێ هەنگاوەکە ڕاهێنانێكی پەرەپێدانی وشەکان بێت، یاخودچالاکیی بەدواداچونی مێژویی بێت دەربارەی سەرچاوە بنەڕەتیو لاوەکییەکان، یان گەشتێک بێت بۆ دۆزینەوەی ئەنجامی پرسیارێکی بیرکاری. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خوێندکارەکان ئەزمونی یەکەم قۆڵ هەڵکردن و دەست تێوەدانیان لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتە ئەنجام بدەن کە پێویستە فێری ببن. زۆرینەی ئەو زانیاریانەی خوێندکارەکان لەم هەنگاوەدا فێر دەبن هێشتا لە ئاستی زانیاری و تێگەیشتندا دەبن .
هەنگاوی دووەم
لەم هەنگاوەدا خوێندکارەکان دەرفەتی دوەەمیان پێ دەدرێت ئەوە جێبەجێ بکەن کە لە هەنگاوی یەکەمدا فێری بون. ئەمە کاتێکی زۆر باشە بۆ بەکارهێنانی ستراتیژیەکانی فێربون بە هاریکاری، چونکە ئێستا خوێندکارەکان هەندێک زانیاریی بنەڕەتییان دەربارەی بابەتەکە هەیە. خوێندکارەکان دەتوانن پێکهاتەی وشەکان بە پۆلێنکردنیان بە گوێرەی لێکچونەکانیان شی بکەنەوە،هەروەها دەتوانن بە بەکارهێنانی سەرچاوەی سێهەمیی دروستیی ئەو داتایانە هەڵبسەنگێنن کە لە سەرچاوە سەرەکی و دوهەمییەکانەوە وەرگیراون. خوێندکارەکان توانای پەرەپێدانی زانیارییەکانیان دەبێت بۆ نمونە لەبوارێکی وەک بیرکاریدا بە دروستکردنی هاوکێشەی ناوازە کە لە کاتی وێنە کێشانیاندا شێوەی بینراو دروست دەکەن.
هەنگاوی سێهەم
لە کاتێکدا سێ هەنگاو کەمترین دەرفەتی پێویستە بۆ فێربون، هەندێك جار خوێندکارەکان پێویستیان بە زیاتر لە سێ دەرفەت هەیە. لەبەر ئەوە نابێت ئەم هەنگاوە وەک هەنگاوی کۆتایی ئەژمار بکرێت. لە هەنگاوی سێهەمدا، خوێندکارەکان بەهۆی فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە، فێربون لەسەر بنەمای بەرهەم و فێربونی کرداری کاتێکی خۆش بەسەردەبەن. هەموو ئەم چالاکییە فێرکارییانە پێویستیان بە چارەسەرکردنی کێشەکان(شیکاری) ، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە( هەڵسەنگاندن) و بیرکردنەوەی داهێنەرانە(بنیادنان) هەیە.
ڕەنگە فێربونی خوێندکار دروستکردنی فەرهەنگێکی بینراو لە خۆبگرێت، یاخود وانەی پاوەرپۆینت بۆ خوێندکارە گەنجەکان ،یان پرێزنتەیشنێکی کاریگەر بێت بە بەرنامەی( هایپەر ستودیۆ). بۆ نمونە، فێرخوازانی بابەتی مێژوو دەتوانن بیروڕا گۆڕاوەکانی سەرچاوە جیاوازەکان رون بکەنەوە ئەویش بە دروستکردنی شانۆییەکی خوێنراوە یان تاقیکردنەوەیەک لە شێوەی بەرنامەدا، یاخودگفتوگۆی بەکۆمەڵ. لە خوێندنی ئەندازەی بیرکاریشداخوێندکارەکان دەتوانن بە وێنە گەشتێکی ئەو شێوە ئەندازەییانە ئامادە بکەن کە لە سروشت یاخود بواری ئەندازیاریدا ڕو دەدەن چ لە قوتابخانە بێت یاخود لە ناو کۆمەڵگادا.
وەک مامۆستا، یاسای سێ هەنگاو یارمەتیمان دەدات بۆ داڕشتنی نەخشەی وانەکانمان، ئەویش نەک تەنها بە پێدانی چەندین هەل بە خوێندکارەکان بۆ وەرگرتنی زانیاریو شارەزایی، بەڵکو یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ هەر دوبارەکردنەوەیەکدائاستی ئاڵۆزیو قورسی بابەتەکە زیاتر بکەین، وەک دەریشدەکەوێت، ئەم رێگەیە یارمەتی خوێندکارەکان دەدات کە زیاتر بابەتەکەیان لە یاد بمێنێت لەبەر ئەوەی زیاتر ئەزمونی فێربونەکە دەکەن نەوەک تەنها لە بارەیەوە ببینن.
مامۆستاکان زۆربەی کات پێشبینی ئەوە دەکەن کە خوێندکارەکان دوای یەک جار باسکردن بابەتەکە بزانن. هەروەها، تکایە وا مەزانن کە تەنها سێجار بیرهێنانەوەی بابەتەکەو ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لە پێش باس کردن و دوای باس کردنی بابەتەکە یاخود پێدانی ڕێنمایی بەشێکن لە زنجیرەیەکی فێربونی یاسای سێ هەنگاو. یاسای سی هەنگاو دەبێت هەوڵدانی خودی خوێندکارەکە بێت بۆ وەبیرهاتنەوەو تێگەیشتن یاخود جێبەجێکردنی ئەو بابەتەی کە فێری بون.
مەبەستی ئەم بابەتە:
بە بەشی سەرەوەی دەرگای ئۆفیسی پۆلەکەمدا پۆستەرێکم هەڵواسیوە کە نوسراوە “یاسای سێ هەنگاو” وەک وەبیرهێنەرەوەیەک بۆ خۆم، بەڵام بە هەمان شێوە یارمەتی خوێندکارەکانیشم دەدات. بە بەردەوامی بە خوێندکارەکانم دەڵێم کە سەیری ئەو پۆستەرە بکەن بۆ ئەوەی بیریان بهێنێتەوە کە دەبێت ئارامگر و لە خۆبوردوو بن بەرامبەر بە خۆیان. فێربون ئاسان نییە، هەروەها خوێندکارانیش پێویستە زیاتر لە جارێک بابەتێک ببیستن پێش ئەوەی پێشبینی ئەوە بکەن کە بابەتەکەیان بیربێتەوە و بەکاری بهێنن و جێبەجێی بکەن. کەواتە، پێش ئەوە هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ خوێندکارەکانت بکەیت، لە خۆت بپرسە: ئایا من چ فرسەتێکی سێ هەنگاویم بە خوێندکارەکانم بەخشیوە بۆ ئەوەی بتوانن لەم بابەتەدا سەرکەوتوو بن ؟.
بیرکاری، زانست، فڕۆکەوانی و بەرنامەسازیی کۆمپیوتەر هەمویان یەک خاڵی هاوبەشیان لە نێواندا هەیە، ئەویش یاسای سێ هەنگاوە. لەو بوارانەدا، کارێکی ئاسانە کە لیستی سێ خاڵت بیر بکەوێتەوە کە پێویستە ئەنجامیان بدەیت. بەکارهێنانی یاسای سێ هەنگاو بۆ فێربونیش بە هەمان شێوەیە، زۆر ئاسانە بۆ بیرهاتنەوەو ئەوەش دیاریدەکات کە چ شتێک پێویستە بۆ فێربونێکی کاریگەر.
سێ یاساکە بە یەکسانی جێبەجێ دەبێت بەسەر ئەوەی کە خوێندکاران چۆن لە ماڵەوە کۆشش بکەن وهەروەها چۆن مامۆستایانیش نەخشەی چالاکییەکانی فێرکردنیان لە قوتابخانە دابڕێژن. تۆ چۆن یاسای سێ هەنگاو لە پۆلەکەتدا بەکاردەهێنیت؟ تکایە لە بەشی سەرنج و تێبینیەکاندا لای خوارەوە بینوسە..
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه
وەرگێڕ: شیراز احمد فرج
هەڵەچن: میهرەبان عەزیز
دهنگ: لانه سواره
دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا