“بەڵام بۆچی دەبێت بچم؟ قوتابخانە خۆش نییە!” ئەمە وتەی منداڵێکی پۆڵی یەکە، لە دایکی دەپرسێت کە بۆچی دەبێت هەموو رۆژێک بچێت بۆ ئەو شوێنەی کە پێیوترابوو کە زۆر خۆش دەبێت، بەڵام لە ئاست ئەو پیاهەڵدانەدا نەبوو. ئەگەر توانیبای زیاتر دەرببڕێت ڕەنگە وتبای: “من تەنها شەش ساڵم. حەزدەکەم خۆشی ببینم، بەڵام قوتابخانە خۆش نییە”، ئەوەندەی بزانم ساڵ بە ساڵ ناخۆشتریش دەبێت نەک خۆشتر.
ئەمە یەکێک لە چیرۆکەکانی درۆی نیسان نییە، بەڵکو بەداخەوە کە ڕاستە. هەر لەبەر ئەمەش ئێمە هەمیشە چاومان لەسەر رێگا خۆشەکانە بۆ بەشداریپێکردنی قوتابییان و ئیلهامپێبەخشینیان. لەبەرامبەریشدا ئێمە دەزانین کە مامۆستایان هەڵنەبژێردراون و مەشقیانپێنەکراوە تاوەکو وەک ئەکتەری کۆمیدیا یاخۆد هونەرمەند ڕەفتار بکەن. بەڵام، ئێمە دەزانین کە کەشێکی ئەرێنی بۆ فێربوون و چێژوەرگرتن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە هێشتنەوەی زانیاری لە بیرگەدا و خستنەکاری ئەو زانیارییانە لە ژیانی رۆژانەدا (لەنێویشیاندا تاقیکردنەوەکان).
سەرت لێتێکچوو؟ هەروەها منیش. بۆیە بەدوای پسپۆرێکدا گەڕام: ئێد دونکوبلەو سەرۆکی پێشووی “کۆمەڵەی چارەسەرسازانی کۆمیدیای کردارییە”، و بەڕێوەبەری “دامەزراوی فێربوون لە ڕێگەی زیرەکیی سۆزداری”، هەروەها راوێژکاری قوتابخانەکان بۆ هەریەک لە شێوازەکانی فێربوونی کەسێتی و فێربوونی سۆزداریی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا راوێژکاری خێزانی بۆ ئەو کەسانەی کە دوچاری فشاری خزمەتی سەربازی دەبنەوە. لەگەڵی دووام سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی گاڵتەوگەپ لە پۆلدا.
پرسیارم لە ئێد کرد کە مامۆستایان چۆن دەتوانن فریای گاڵتەوگەپ بکەون لە کاتێکدا کە شتی زۆریان هەیە بیخوێنن. وتی: “لەو هەلومەرجەی ئێستادا، کە تاقیکردنەوەی چارەنوسساز، ئاستەنگەکانی پەیوەست بە بودجە، و زیادبوونی خواست لەسەر مامۆستایان، و پێشبڕکێکردن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خوێندکاران لە ئارادان، هەمووان لە خوێندنگە سوودمەند دەبن ئەگەر گاڵتەوگەپ بەشێک بێت لە فێرکردن. گاڵتەوگەپ پەیوەندییەکی فێرکاری دروستدەکات لەڕێگەی یەکگرتنی چێژبەخشی هزر و دڵ.
ئاماژەی بۆ ژمارەیەک لە توێژینەوە کرد، کە لە زیادبووندایە، دەربارەی ئەوەی کە گاڵتەوگەپ چۆن فشار و گرژی کەمدەکاتەوە لەناو پۆلدا، و توانای هێشتنەوەی زانیاری لە بیرگەدا باشتر دەکات، و هانی تێگەیشتنی داهێنەرانە دەدات.
“بەڵام لە هەمووی گرنگتر، گاڵتەوگەپ هەستی خۆشی و پێزانین دروستدەکات و ئەزموونێکی سۆزداریی ئەرێنی و هاوبەش دەڕەخسێنێت کە قوتابییان لەگەڵ یەکتر و هەروەها لەگەڵ مامۆستاکەشدا هاوبەشی دەکەن.”
چەندین ڕێگا بۆ بەکارهێنانی گاڵتەوگەپ:
تەنانەت ئەگەر تۆ، وەکو ئید دەڵێت، “کەسێکی گاڵتەچی نیت”، چەند شتێک هەیە دەتوانیت بیکەیت بۆ ئەوەی باری سەرشانیان سوک بکەیت و کەشێکی خۆش لەناو پۆلەکەتدا بڕەخسێنیت. بەڵام، لە هەمووی گرنگتر، بیرتنەچێت کە گاڵتەپێکردن جێگەی قبوڵ نییە لە خوێندنگە، تەنها ئەو گاڵتەوگەپە پەسەندکراوە کە زیان بە لایەنی دەروونی کەس ناگەیەنێت.
- گاڵتە بە خۆت بکە : کاتێک شتێکی هەزەلی یاخۆد هەڵە دەکەیت، باسی بکە و گاڵتەیپێبکە.
- شتی پێکەنیناوی لە تاقیکردنەوەکان و ئەرکی ماڵەوە و ئەرکی ناوپۆل بەکاربهێنە. تەنانەت لە زانکۆشدا یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکان بەلای منەوە کاتێک پرسیارێک لە شێوازی هەلبژاردن دادەنێم ئەوەیە کە یەکێک لە هەڵبژاردەکان پەیوەندیی بە پرسیارەکەوە نەبێت، ئەمە هەمیشە دەبێتە هۆی پێکەنینیان و یارمەتی کەمکردنەوەی فشاری کاتی تاقیکردنەوەکان دەدات.
- تەختێک یاخۆد گۆشەیەک لەناو پۆلەکەتدا تەرخان بکە بۆ دانانی وتەی گونجاو : بەدوای وتەی پێکەنیناوی بگەرێ وهەڵیبواسە، هەروەها هانی خوێندکارەکانیشت بدە بۆ ئەوەی هەمان شت بکەن.
- هەندێک وێنەی کارتوونی لەگەڵ خۆت بهێنە و شوێنێک دیاریبکە کە دەتوانیت هەموو رۆژێک بەنۆرە یەک دوو وێنە پیشانبدەیت، و با هەڵبژاردنی وێنەکان بە خواستی خوێندکارەکان بێت.
- رۆژێک تەرخانبکە بۆ نوکتە و قسەی خۆش. داوا لە خوێندکارەکانت بکە نوکتەکانیان بگێڕنەوە لەناو پۆلدا، بەمەبەستی دەستپێکردنی رۆژەکە، یاخۆد دەستپێکردنەوەی وانەی دوای ژەمی نیوەڕۆ، یاخۆد لە کۆتایی رۆژەکەدا (بێگومان دڵنیابە لەوەی کە نوکتەکانیان بخوێنیتەوە پێشتر).
- جارجار داوا لە خوێندکارەکانت بکە گاڵتەوگەپ لە داڕشتن بەکاربهێنن، ئەوەش گفتوگۆ دروستدەکات لەسەر ئەوەی کە شتی پێکەنیناوی چییە، و چۆن بزانن شتێک پێکەنیناوییە؟ لێرەوە بۆت دەردەکەوێت کە بۆچی هەندێک کەس هەندێک شت بە پێکەنیناوی دەبینن؟ بەڵام هەندێک شت بۆ زۆربەی کەسەکان پێکەنیناوییە.
- رۆژێک دیاریبکە بۆ پۆشینی کڵاوی سەیر و پێکەنیناوی، گۆرەوی تاکەوتاک، جل و بەرگی هەڵگەڕاوە یاخود هەر جلوبەرگێکی پێکەنیناوی دیکە.
- بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانە و پێکەنیناوی دروستبکە لە ڕێگەی پیشاندانی ڕەسم و وێنەی کارتوونی بەبێ ناونیشان، داواش لە خوێندکارەکانت بکە خۆیان بەتەنها، لەگەڵ خوێندکارێکی دیکە، یاخۆد لەگەڵ گروپێکی بچووک ئەم وێنانە دروستبکەن و دوایی لەگەڵ هاوپۆلەکانیان هاوبەشی بکەن.
- داوا لە خوێندکارەکانت بکە پەرتوکی خۆش و پێکەنیناوی لەگەڵ خۆیان بهێنن، پرسیاریان لێبکە کە بۆچی ئەم پەرتووکە بە پێکەنیناوی دەبینن، و داوایانلێبکە چەند نمونەیەکی لێ بەکاربهێنن.
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، چیرۆکەکە دیوێکی دیکەشی هەیە. ئێد باس لە کۆمەڵێک لە تاکەکان دەکات کە پەسەندی بەکارهێنانی گاڵتەوگەپ لە پۆل وقوتابخانەدا ناکەن: پزیشکانی دەروونی تایبەت دەڵێن “تا کۆمەڵگە زیاتر پێبکەنێت، ئەوا کەمتر نرخی پێکەنین دەزانین و گرفتی دەروونی زیاتر دروستدەبێت. وەکو لە “کۆمەڵەی چارەسەرسازانی کۆمیدیای کرداریی” دەڵێن، “ئەوانەی کە پێدەکەنن دەمێننەوە. ئەوانەش کە پێناکەنن باجەکەی دەدەن.” کەواتە با منداڵەکان دڵخۆش بکەین و گاڵتەو گەپ بەشێوەیەکی تەندروست بەکار بهێنین.
با قوتابخانە چێژبەخشتر بکەین. پێویستمان بە قاقاکردن نییە – زەردەخەنەیەک و ڕووخۆشی زۆر بەسە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە پەروەردەکاران بەکارهێنانی گاڵتەوگەپ بەجدیتر وەربگرن.
ئەی ئێوە، چۆن گاڵتەوگەپ لەناو پۆلدا بەکاردەهێنن؟ تکایە لە بەشی کۆمێنت لە خوارەوە بنوسن.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سهرچاوهی وێنه: ئيره ببينه
ئامادەکاریی بابەت: لؤي حاجی
وەرگێر: راما شادي
هەڵەچن: خەبات رەفیق محمد
دیزاینەری وێنە: فێرۆپیدیا