بۆچی خوێندکاران شتیان بیردەچێتەوە_ وەک مامۆستا تۆ دەتوانیت چی بکەیت؟

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، فێرخوازان لە کاژێرێکدا زیاتر لە نیوەی ئەو بابەتەیان بیردەچێتەوە کە فێربوون. لە ڕۆژێکدا تەنھا یەک لەسەر سێیان بیردەمێنێت وە لە دوای چوار ڕۆژ کەمتر لە لە سەدا ٢٥ یان بیردەمێنێت. کەواتە مامۆستاکان دەتوانن چی بکەن تاوەکو زانیارییەکان لە مێشکی خوێندکارەکاندا بهێڵنەوە. باشترین ڕێگا لەلایەن کەسی شارەزاوە بەدەستبهێنە.

بۆچی خوێندکاران شتیان بیردەچێتەوە، و تۆ دەتوانیت چیبکەیت؟

مێشکمان وا دروستبووە کە شتی بیربچێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک ستراتیژ هەن کە بە توێژینەوە پاڵپشت کراون و دەتوانیت بەکاریانبهێنیت بۆ ئەوەی فێربوون لە مێشکی خوێندکارەکانتدا بچەسپێنیت.

مامۆستایان لە زووەوە دەزانن کە لەبەرکردنی بەردەوام تەنها ڕێگە بە تێگەیشتنێکی ڕوکەشی بابەتەکە دەدات کە خێراش بیردەچێتەوە. بەڵام توێژینەوەی نوێ لە بواری زانستی دەماردا دەستیان کردووە بە تیشک خستنەسەرئەو ڕێگایانەی کە بەهۆیانەوە مێشک زانیارییەکانی بیردەچێتەوە، و دیاریکردنی گرنگی ستراتیژەکانی هێشتنەوەی زانیاری و چەسپاندنی فێربون.

لە وتارێکی نوێی بڵاوکراوە لە گۆڤاری نیورۆن، شارەزایانی بواری دەمار بلەیک ڕیچاردس و پاوڵ فرانکلاند بەرهەڵستی ئەو تێڕوانینە باوە دەکەن کە لەسەرهزری مرۆڤ هەیە، و دەڵێت بیرچونەوە بریتییە لە پرۆسەی لەدەستدان؛ سڕانەوەی هێواشی زانیاری ڕەخنەگرانە سەڕەڕای ھەوڵدانمان بۆ ھێشتنەوەی. بەگوێرەی ڕیچاردس و فرانکلاند ئامانجی هزر تەنها هێشتنەوەی زانیاری نییە بە تەواوی بەڵکو “باشکردنی بڕیاردان”ە لە ژینگەی ئاڵۆز و گۆڕاودا. لە ئەم مۆدێلەی ڕونکردنەوەی هزر و بیری مرۆڤدا، بیرچوونەوە ئامڕازێکی مانەوەیە لە ژیان، پرۆسەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراوە، کە تیایدا ئەو زانیارییانەی دەچنە هزر و بیری مرۆڤەوە هەڵدەسەنگێنرێن و ئەوانەی لێ لادەبرێن کە یاریدەی مانەوەی جۆرەکان نادەن.

لە توێژینەوەکەدا ڕیچاردس و فرانکلاند ڕونیدەکەنەوە “لەم ڕوانگەیەوە،  لەبیرچوونەوە شکستهێنانی هزرنییە بەڵکو لەوانەیە ستراتیژێکی هزری باشتر بێت بۆ خستنەگەڕی تواناکان.”

چەماوەی لەبیرچوونەوە

زۆرجار وەک کتێبەکانی ناو کتێبخانەیەک لە یادەوەرییەکان دەڕوانین، کە ڕیزکراون و بەردەستن هەر کاتێک پێویست بوون. بەڵام  لە ڕاستیدا زیاتر وەک تۆڕەکانی جاڵجاڵۆکە وان، تاڵی بیرکەوتنەوەن کە دابەشبوون بەسەر میلیۆنان دەمارەخانەی پێکەوە بەستراو. کاتێک شتێکی نوێ فێردەبین، بۆ نمونە، کاتێک مامۆستایەک

وانەیەکی نوێ بە خوێندکارێک دەڵێتەوە، بابەتەکە لە ناو ئەم تۆڕە دەمارییانەدا بە کۆد دەکرێت و ئەزمونەکە دەگۆڕدرێت بۆ یادەوەری.

لەبیرچوونەوە دوژمنی دەستبەجێی یادەوەرییە، هەروەک دەروونزان هێرمان ئێبینگهاوس لەساڵی ١٨٨٠ دۆزیویەتییەوە. ئێبینگهاوس ڕابەری توێژینەوەیەکی گرنگی کرد لە بواری هێشتنەوەی زانیاری و فێربوون، بە چاودێریکردنی ئەوەی کە ناوی نا چەماوەی لەبیرچوونەوە، کە  پێوانەی ڕێژەی لەبیرچوونەوەمانە بەپێی کات. لەم تاقیکردنەوانەدا، دۆزیویەتیەوە کە بەبێ هیچ یارمەتییەک و پەیوەندییەک بە زانیاری پێشوەختەوە، زانیاری بە خێرایی لەبیردەچێتەوە؛ بەنزیکی لەسەدا ٥٦ لە کاتژمێرێکدا، لەسەدا ٦٦ لە دوای ڕۆژێک، و لەسەدا ٧٥ لە دوای شەش ڕۆژ.

کەواتە دەتوانرێت چی بکرێت تاکو ماندوبوونی مامۆستایان بە فیڕۆنەچێت؟ لە کۆتاییشدا، ئامڕازەکانی مانەوەی جۆرەکان، کە زانیارییە نابنچینەییەکان لادەبەن، هەمیشە بەباشی ڕێک ناکەون لەگەڵ ویستی ئێمە بۆ بیرکەوتنەوەی زانیارییەکانی ناو خشتەیەک یان خواستی ئێمە بۆ زۆر هێشتنەوی زانیاری. بە واتایەکی دیکە، زانینی خشتەی کاتەکان بەسود نییە لە کاتی هەڵهاتن لەدەست شێر، بەڵام لە جیهانی مۆدێرندا، ئەو زانیارییە زۆر گرنگە.

مانەوەی یادەوەری

وا دیارە  کە هەمان جۆر تۆڕی دەمارەخانە بەرپرسی بیرچونەوە و بیرهێنانەوەشە، ئەگەر بەباشی لەوە تێبگەین، ئەوا خوێندکاران و مامۆستایان دەتوانن کۆمەڵێک ستراتیژ بەکاربهێنن بۆ باشترکردنی فێربوون و کەمکردنەوەی لەبیرچوونەوە.

زانایانی بواری دەمارMIT، بە نوێنەرایەتی ڕیچارد چۆ، لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٥ دا میکانیزمەکانی بەهێزکردنی گەیاندنی زانیارییەکانیان ڕونکردۆتەوە. کاتێک دەمارەکان بە شێوەیەکی بەردەوام  زانیاری دەنێرن، پەیوەندییەکانی گەیاندنی زانیاری بەهێز دەبن؛ پێچەوانەکەشی ڕاستە بۆ ئەو دەمارانەی بە دەگمەن زانیاری دەنێرن. ئەمە پێی دەوترێت گونجۆکی گەیاندن(ئاسان گۆڕانی پەیوەندییەکانی گەیاندن) و هۆکاری مانەوەی هەندێک یادەوەری و سڕانەوەی ئەوانی تر ڕووندەکاتەوە.  بە بەردەوامی هەوڵدان بۆ بیرکەوتنەوەی زانیارییەکی لەبەرکراو کە ئەگەری لەناوچونی هەیە، وەکو یاسایەکی ئەندازە یان ڕاستییەکی مێژوویی گرنگ، ئەو تۆڕی دەمارەخانەیە چالاک دەکات کە زانیارییەکەی لەخۆگرتووە و وردتر زانیارییەکە بەکۆد دەکات.

توێژەرەوان ئەوەشیان بۆدەرکەوتووە کە هەموو زانیارییە نوێکان وەک یەک پێکەوە نەلکێنراون. ئەگەربیرکەوتنەوەی ئەم دوو کۆمەڵە پیتەی خوارەوە بە نمونە وەرگرین:

١. نپفکسۆسک

٢.پرتەقاڵەکان

بۆ خوێنەرانی زمانی ئینگلیزی، کۆمەڵە پیتی دووەم ئاسانتر بیردەکەوێتەوە؛ هەتا پەیوەندی نێوان دەمارەخانەکان زیاتر بێت، یادەوەری بەهێزتر دەبیت. حەوت پیتەکەی (نپفکسۆسک) هەڕەمەکی و پێکەوەنەبەستراو دەردەکەون، لە کاتێکدا ووشەی (پرتەقاڵەکان) بەهۆی باکگراوندە ڕێزمانییە قوڵەکەیەوە، مانادار و پێکەوەبەستراوە. هەروەها  وشەی پرتەقاڵەکان یادەوەری تایبەت با هەستەوەرەکانیش دەوروژێنێت، لە وێنەی پرتەقاڵەکەوە هەتاوەکو بۆنەکەی، لەوانەیە تەنانەت یادەوەری وەک هەبونی پرتەقاڵ لە چێشتخانەکەتدا یان پرتەقاڵ بە دارێکەوە ببزوێنێت.

٥ ستراتیژی مامۆستایان

کاتێک خوێندکاران فێری زانیارییەکی نوێ دەبن، دەمارەخانەکان لەنێو خۆیاندا  پەیوەندی گەیاندنی نوێ دروست دەکەن. دروستکردنی بڕێکی زۆر لە پەیوەندییەکانی گەیاندن لە نێوان چەمکە نوێکان و چەمکەکانی تر وبەمەش فراوانکردنی ‘تۆڕی جاڵجاڵۆکە’ی نێوان دەمارەخانەکان، و هەروەها دوبارە بیرکردنەوە لە یادەوەرییەکان بە تێپەڕبونی کات، دوو ڕێگای زانستین بۆ یارمەتیدانی خوێندکاران لە هێشتنەوەی زانیاری.

ئەمەش هۆکاری کاریگەریی ئەم ستراتیژی فێربونانەی خوارەوە ڕوندەکاتەوە کە هەموویان بە توێژینەوەی پێنج ساڵی ڕابردوو پشتڕاستکراونەتەوە:

١.بەکارهێنانی ڕوونکردنەوەی هاوڕێیانە

 کاتێک خوێندکاران ئەوەی کە فێربوون بۆ هاوڕێکانیانی ڕووندەکەنەوە، یادەوەرییە لەبیرکراوەکان چالاک دەبنەوە، بەهێز دەبن و هەروەها جێگیر دەبن. ئەم ستراتیژە نەک تەنها دەبێتە هۆی زیاتر هێشتنەوەی زانیاری بەڵکو هانی فێربونی کاریگەریش دەدات (Sekeres et al., 2016).

٢. دیاردەی پێداچوونەوە

لەبری تەواوکردنی بابەتێک و چوونە سەر بابەتێکی تر، بەسەر بابەتە گرنگەکاندا بچۆرەوە بە درێژای ساڵەکە. توێژینەوە دەریخستووە کە خوێندکاران ئاستیان باشتر دەبێت  کاتێك هەلی جۆراوجۆریان دەدرێتێ بۆ پێداچوونەوەی ئەو وانانەی کە فێربوون. بۆ نموونە، مامۆستایان دەتوانن لە کاتی چوونە سەر بابەتی نوێ، بە خێرایی پێداچوونەوەیەکی پوخت بکەن  بۆ ئەو وانانەی کە لە هەفتەکانی پێشوتردا خوێنراون ، یان بەهۆی پێدانی ئەرکی ماڵەوە، دووبارە چەمکەکانی پێشوو بهێننەوە بیری خوێندکاران (Carpenter et al., 2012; Kang, 2016)

٣. پێدانی ڕاهێنان بە بەردەوامی

پێداچوونەوەی بەردەوامی وانە و پێدانی تاقیکردنەوەی بەردەوام  دەبێتە هۆی هێشتنەوەی زانیاری بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و هەروەها پاراستنیان لە فشار، کە زۆرجار ئەدای هزر پەکدەخات. دەکرێت ڕاهێنانەکانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە ئاستیان بۆ دیارینەکرابێت و وەک کویزێکی خێرا لەسەرەتای وانەکەدا بکرێن یان وەک کویزێکی زۆر سادە لەسەر کاهووت بکرێن، کە پلاتفۆرمێکی یاریکردنی پەروەردەیی بەناوبانگە. هێنانی تاقیکردنەوەیەکی درێژی قورس و دابەشکردنی بەسەر تاقیکردنەوەی کورتتردا و ئەنجامدانی لە ماوەی چەند مانگێکدا، ڕێگایەکی کاریگەرە (Adesope, Trevisan, & Sundararajan, 2017; Butler, 2010; Karpicke, 2016).

4. تێکەڵکردنی چەمکەکان

لەبری ئەوەی کێشە لێکچووەکان پێکەوە دابنێی، تێکەڵیان بکە. چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە دەستنیشانکردنی ستراتیژی ڕاست و دواتریش جێبەجێکردنی ستراتیژەکەیە. کاتێک کێشە لێکچووەکان پێکەوە لەیەک کۆمەڵ دادەنرێن، پێویست ناکات خوێندکاران بیر لەوە بکەنەوە چ ستراتیژێک بەکاربهێنن؛ خۆیان بە شیوەیەکی ئۆتۆماتێکی هەمان چارەسەر دوبارە و دوبارە بەکاردەهێننەوە. تێکەڵکردنی چەمکەکان خوێندکاران ناچار دەکات لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خۆیان بیر بکەنەوە، ودەشبێتە هۆی بەکۆدکردنی زانیاری بە شێوەیەکی ووردتر (Rohrer, 2012; Rohrer, Dedrick, & Stershic, 2015).

٥. بەکارهێنانی وێنە لەگەڵ نوسین

زۆرجار بیرکەوتنەوەی ئەو زانیارییانە ئاسانترە کە بە ڕێگای جیاواز دەخرێنەڕوو، بەتایبەت ئەگەر هۆکاری بینراو هەبن بۆ ڕێکخستنی زانیارییەکان. بۆ نمونە، گەیاندنی لیستی ئەو وڵاتانەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن هێزەکانی ئەڵمانیاوە داگیرکرابوون بە نەخشەی بڵاوبونەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا، بیرکەوتنەوەی ئەو وانەیە ئاسان دەکات.  بیرکەوتنەوەی شتیک کە بینراو و نوسراویشە لە هەمان کاتدا ئاسانترە لە بیرکەوتنەوەی شتێک کە تەنها بینراو یان تەنها نوسراو بێت (Carney & Levin, 2002; Bui & McDaniel, 2015).

کەواتە، هەرچەندە  لەبیرچونەوە دەستبەجێ پاش فێربون دەست پێدەکات، هەر وەکو تاقیکردنەوەکەی ئێبینگھاوس پشانیدەدات، توێژینەوەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ستراتیژی سادە و کاریگەر هەن بۆ جێگیرکردن و هێشتنەوەی فێربون لە هزردا.

 

سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه

سەرچاوەی ڤيديۆ : ئيره ببينه

ئامادەکاری بابه‌ت: لؤي حاجي

وەرگێڕ: ئەژین کەمال

هەڵەچن بابه‌ت: هاوناز ابراهیم

‌هەڵەچن ڤیدیۆ: ساریا حسن کەریم

ئامادکاری ڤیدیۆ: ساریا حسن کریم

دەنگ: لانه‌ سواره

 

Share via
Send this to a friend