به‌ بيانووى ده‌ستپێكردنى ساڵى تازه‌ى خوێندنه‌وه‌

ئاشكرايه‌ مامۆستاو قوتابى وه‌ك دوو ئينسان كه‌ كاريان به‌ يه‌كتر هه‌يه‌،  ده‌شێت په‌يوه‌نديه‌ك به‌ يه‌كيانه‌وه‌ ببه‌ستێت. ته‌بيعه‌تى په‌يوه‌نديش وايه‌،  هه‌تا چاك و ساخڵه‌م بێت،  ئه‌وا كردارى ناردن وه‌رگرتن چوست و چالاك و بێوه‌ى تر ده‌بێت. لە بەر ئه‌وه‌ى ئه‌م پرۆسه‌ى “ناردن و وه‌رگرتن”ه‌ى نێوان مامۆستا و قوتابى، به‌ به‌راورد به‌ پيشه‌و كاره‌كانى تر، تا بڵێى هه‌ستيار و درێژخايه‌ن و فره‌ ڕه‌هه‌ندتره‌. به‌ جۆرێ،  كه‌ ڕه‌نگه‌ ساڵه‌هاى سه‌ڵ كاريگه‌رى ده‌رهاويشته‌كانى ئه‌م پرۆسه‌يه‌ له‌ سه‌ر تاك بمێنێته‌وه‌و خۆى نوێ بكاته‌وه‌. ئه‌وا پێويسته‌ حسابى وورد بۆ چۆنێتى چێكردنى په‌يوه‌نديه‌كه‌و به‌رده‌وامبوونى بكه‌ين. ئاخر په‌روه‌رده‌ ڕاسته‌وخۆ ئيش له‌ سه‌ر عه‌قڵ و زيهنى ئينسان ئه‌كات، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ جياى ئه‌كاته‌وه‌ له‌ گشت كايه‌كانى تر.

به‌ هه‌ر حاڵ پرۆسه‌ى خوێندن وا ده‌ست پێده‌كات و،  قه‌راره‌ هه‌ر مامۆستايه‌ك بۆ يه‌كه‌مجار سه‌ردانى پۆله‌كه‌ى بكات. ئيتر لێره‌وه‌ يه‌كه‌م خشتى بناغه‌ى ئه‌و په‌يوه‌نديه‌ى نێوان مامۆستا و قوتابى داده‌نرێت. يه‌كه‌مين جار يه‌كديتن وئاشنابوون،  كاريگه‌ريه‌كى ئێجگار زۆر داده‌نێت له‌ سه‌ر شێوه‌ى په‌وه‌ندى و چۆنێتى به‌رده‌وامبوونى. ئه‌م هاوكێشه‌يه‌ ده‌كرێت بۆ گشت په‌يوه‌نديه‌ كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان دروست ده‌ربچێت.

ڕاستيه‌كه‌ى وا باشتره‌ ئێمه‌ به‌ بيركردنه‌وه‌يه‌كى ئه‌رێنى و به‌ دڵخۆشيه‌وه‌ به‌خزمه‌ت قوتابيه‌كانمان بگه‌ين،  وايدابنێن قه‌راره‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ ئينسانێك (قوتابى) ئاشنا ببين، كه‌ په‌يوه‌ندى ڕێزو حورمه‌ت به‌ يه‌كمان ده‌به‌ستێته‌وه‌،  كه‌ ئه‌ويش بريتيه‌ له‌ په‌روه‌رده‌و فێربوون. لامان ڕوونبێت كه‌ ته‌نها به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌توانين پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێبخه‌ين. له‌ ببينينى يه‌كه‌مدا تا پێمانبكرێت ده‌بێت هێمن و له‌ سه‌رخۆو ڕووخۆش بين،  قسه‌ له‌ شته‌ ئه‌رێنيه‌كان بكه‌ين. وانه‌ى يه‌كه‌م زياتر يه‌كترناسينه،  پێويسته‌ به‌ قوتابيه‌كانى بگه‌يه‌نين ئێمه‌ هاتووين به‌يه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ين،  باشتره‌ تا بتوانين قسه‌ له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى قوتابيانى پۆله‌كه‌دا بكه‌ين و بياندوێنين.

دۆستان،  پرۆسه‌ى په‌روه‌ده‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێويستى به‌ لينك و جۆرێك په‌يوه‌ندى هه‌يه‌ له‌ نێوان مامۆستاو قوتابيدا،  و به‌ ده‌ر له‌ ئه‌مه‌ هه‌رچى بكه‌ين خۆبه‌لاڕێدابردنه‌و هيچى تر. گه‌ر وامان كرد،  ئه‌وا حه‌قى خۆمانه‌ به‌ جۆرێك له‌ گه‌شبينييه‌وه‌ بڕوانينه‌ له‌ ئاينده‌ى پرۆسكه‌ له‌ ئه‌وساڵدا.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌،  ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ بيركردنه‌وه‌يه‌كى نه‌رێنى و پڕ له‌ دڕدۆنگى هانگاوى يه‌كممان نا به‌ره‌و پۆل،  وا بزانين كه‌ كارى ئێمه‌ بريتيه‌ له‌ بۆسه‌دانان، قوتابيانيش له‌ هه‌ر له‌حزه‌يه‌كدا بۆى هه‌يه‌ خه‌تايه‌ك بكه‌ن و پێويسته‌ بكه‌ونه‌ بۆسه‌وه‌،  په‌يوه‌نديه‌كه‌ وه‌ك په‌يوه‌ندى نێوان پۆليس و تاوانكار ببينين،  به‌ داخه‌وه‌ لێره‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ ده‌ستى خۆمان خه‌ريكين هه‌موو شتێ تێك ئه‌ده‌ين.

باسكردن له‌ تاقيكردنه‌وه‌و ، جۆرى سزادانى قوتابى و،  خۆزيتكردنه‌و خۆهه‌ڵكێشان له‌ به‌رده‌م قوتابيدا،  ئه‌مانه‌ ئيتر ئافاتى تێكدانى په‌يوه‌نديه‌كه‌ن.

به‌ ئومێدى هه‌رچى باشتربوونى په‌يوه‌ندى نێوان مامۆستا و قوتابى ، له‌ گشت ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌يي و زانستيه‌كانى ووڵاتى ئێمه‌دا،  ئاواتمانه‌ خه‌رمانى په‌روه‌رده‌يي و زانستخوازى ئێمه‌ هه‌رده‌م گه‌شاوه‌و پڕ به‌رهه‌مبێت.

نوسه‌ر: Hardi Abbas

ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا

دەربارەى Hardi Abbas

هه‌ردى عباس محمد "هه‌ردى عباس"، ده‌رچووى به‌شى زانستى كۆمپيوته‌رم له‌ زانكۆى سلێمانى. ئێستا ڕاهێنه‌رى په‌روه‌رده‌ييم له‌ په‌يمانگاى ڕاهێنان و گه‌شپێدانى په‌روه‌رده‌يى و، سه‌روكارم له‌ گه‌ڵ به‌ره‌وپێشبردنى ئاستى وانه‌وتنه‌وه‌ى مامۆستايان دا هه‌يه‌، هه‌ر له‌ دواى ته‌واوكردنى خوێندنى زانكۆييه‌وه‌، له‌ ناو په‌روه‌رده‌دا كار ده‌كه‌م ،كه‌ پێكدێن له‌ وانه‌ وتنه‌وه‌و ڕاهێنه‌رى و به‌شدارى كردن له‌ چه‌نده‌ها بۆنه‌و چالاكى په‌روه‌رده‌يى. له‌و پێناوه‌شدا به‌شدارى زۆرترين خوولى پێگه‌ياندنى په‌روه‌رده‌ييم كردووه‌و بڕوانامه‌ى تايبه‌تى په‌روه‌رده‌ييم تێدا به‌ده‌ست هێناوه‌، كه‌ گرنگترينيان به‌شداريكردن بووه‌ له‌ خوولى MTTP (پرۆگرامى پێگه‌ياندنى ڕاهێنه‌رى په‌روه‌رده‌يي)، كه‌ له‌لايه‌ن كۆليژى بێرمينگهامى په‌روه‌رده‌ييه‌وه‌ جێبه‌جێكرا. به‌نده‌ به‌ پێى ئه‌زمونى كاركردنم له‌ كايه‌ى په‌روه‌رده‌ييدا، له‌و بڕوايه‌دام زۆربه‌ى كێشه‌كانى ئه‌م ووڵاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سيسته‌مى په‌روه‌رده‌، بۆيه‌ بۆ چێكردنى هه‌ر گۆڕانكاريه‌ك ناچارين له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ين. په‌روه‌رده‌ش بۆخۆى سه‌لامه‌تترين و باوه‌ڕپێكراوترين ڕێگه‌يه‌ بۆ گۆڕينى جيهان.

لێرەش بگەڕێ

٩ ستراتیژ بۆ هاندانی خوێندکاران لە وانەی بیرکاریدا

هاندانی خوێندکاران لە پێناوی ئەوەی وەرگرێکی بە پەرۆشبن بە یەکێک لە دیوە گرنگە کانی پێدانی …

Share via
Send this to a friend