مامۆستا ئەتوانێ یارمەتی فێرخوازەکانی بدات بۆ بەهێزکردنی توانای مێشکیان لە ڕێی ئەو مەشق و ڕاهێنانانەوە کە تیایدا مەشقی مەودا و بابەتی سەرەکی و گرنگ و بەهێزکردنی زاکیرەیان و نەخشەکێشان بۆ هەڵبژاردەکانیان دەکەن.
بیهێنە پێش چاوی خۆت تیمێک بە بێ بوونی هیچ ڕاهێنەرێک تاکو ڕێنمایی یاریزانەکان بکات کە پێکەوە بەرەو پێش بچن و هەوڵی بردنەوە بدەن، یاخود کۆمپانیایەک بە بێ بوونی بەڕێوەبەرێک کە دڵنیابێتەوە لەوەی کە کارمەندەکان بەڕێکوپێکی و هاوکاری کردنی یەکتری بەردەوام ئیش لەسەر باشترکردنی بەرهەم و بەرزکردنەوەی ڕێژەی فرۆش دەکەن. بیهێنە پێش چاوی خۆت گروپێکی سروود وتنەوە بە بێ دەهۆڵی سەرەکی کە پێشڕەوی مۆسیقاژەنەکان بکات لەماوەی مانۆڕکەیاندا و بەردەوام لێبدات.
تۆڕی چالاکی و توانای جێبەجێ کردنی مێشک هەمان ڕۆڵی ڕاهێنەرێک یان دەهۆڵی سەرەکی هەیە لە ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوە و توانای مێشکی کەسێک بەرەو ڕێکخستنی ئامانجەکانی و پلان دانان بۆ بەدەست هێنانیان و بەوردی سەرنج دان لەسەر ئەو ئەرکەی کە لەبەر دەستیاندایە. ئێستا بیر لەوە بکەرەوە کە هەوڵ بدەیت ئەو توانایانە ئەنجام بدەیت لەکاتێکدا مێشکت بەباشی کار ناکات، نە ڕاهێنەرێک هەیە تا پلانی یاریەکە بەرەوپێش ببات، نە بەڕێوەبەرێک تاکو یارمەتیت بدات کە ڕێگەچارەکانت ڕێک بخەیت بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکانت، نە دەهۆڵی سەرەکی تاکو لەڕێیەوە درێژە بە خاڵی سەرەکی فێربوون بدەیت.
ئەمە ئەو بەرەنگارییەیە کە توشی ئەو فێرخوازانە دەبێت کە ئاگاییان ناڕێک و کەم توانایە، بەشێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاری ئەم باش کار نەکردنەی مێشکیان دەکەن، مامۆستا و توێژەری کۆمەڵایەتی (دۆنا) لەگەڵ زۆربەی ئەو گەنجانەدا کاری کردوە کە جۆرەها کێشە و ئاستەنگییان هەیە لە چالاکیە مێشکییەکانیاندا وەک:
– توانای ڕێگەگرتن لەو هەڵسوکەوتانەی کە بەزۆری بەهۆی سەرەڕۆییەوە ڕوودەدەن وەک: زۆری جوڵە و بزێوی، و جێبەجێ نەکردنی فرمانەکان.
– دەست پێکردن و پلان دانان بۆ ڕەفتارەکان، نەبونی زانیاری لەسەر ئەوەی کە چ شتێک دەبێتە هۆی گرانی دەست پێکردن و ئیش کردن لەسەر ئەرکەکانی ناوپۆل و بەردەوامی سەرنج دانیان لەسەر ئەرکەکانیان و تەواو کردنیان لەو ماوەیەی بۆیان دیاری کراوە.
– ئیش کردن لەسەر بیرهاتنەوە و توانای ئەوەی کە بەوردی سەرنجیان کۆ بکەنەوە لەسەر ئەو زانیاریانەی کە بۆ تەواوکردنی ئەرکێکی دیاریکراو پێویستیانە.
– توانای مێشکی بەرفراوان یان توانای ناسینەوە کاتێک ئەمە لەوانەیە سوودی هەبێ بۆ چاککردن و ڕێککردنی بیرکردنەوەی کرداری کەسێک لەسەر بنەمای زانیاری نوێ.
وەک ئەوەی لە پۆستەکەمانەوە تێبینیمان کردوە ( ستراتیژیەکانی بەهێزکردنی توانای کۆنترۆڵ کردنی مێشکی)، منداڵ و گەنج ئەتوانرێ فێر بکرێن کە گەشە بە کۆنترۆڵ کردنی توانای مێشکیان بدەن تاکو زیاتر سەرکەوتو بن لە فێربوندا. ڕاهێنانێکی ڕوون و ئاشکرا دەربارەی کۆنترۆڵ کردنی توانای مێشک و چۆنێتی بەهێزکردنی زۆر بەسود ئەبێ بۆ ئەو فێرخوازانەی کە بەرەنگاری فێربوون دەبنەوە و دەتوانن سودێکی زۆر لە فێربوونەوە ببینن تا جڵەوگیری بکەن و هەستیارانە “بیرە بڵاوەکانیان” ئاڕاستە بکەن.
کۆنترۆڵ کردنی توانای مێشکی(مەشق کردن)
فێرکردنی کرداری بۆ یارمەتیدانی فێرخوازان بۆ تێکۆشان وەک هەسانێک وایە بۆ کۆنترۆڵ کردنی توانای مێشکی کە سودێکی شاراوەی دوولایەنەی هەیە، یەکەم: فێرخوازان باشتر خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەرەوپێش بردنی ئەرکەکانیان و جێبەجێ کردنیان لە قوتابخانە و پاشان لە ئيش کردنیشدا. دووەم: ئەتوانی کێشەکانی بەڕێوەبردنی پۆل کەم بکەیتەوە لەڕێی ئەوەی کە فێرخوازەکان فێری ستراتیژەکان بکرێن بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی یان بۆ ئەوەی کەمترین ئاڵۆزی ڕووبدات بۆ هاوپۆلەکانیان.
ئەگەر ئەتەوێ ڕێنیشاندەری ئەو فێرخوازانە بیت کە ناتەواوی لەئاگاییاندا هەیە، ئەوا ئەم ستراتیژیانە لە پۆلدا پەیڕەو بکە:
“یەک دەقە، با بیری لێ بکەمەوە”
ئەو فێرخوازانەی کە وا دەرەکەون کە هاندانیان لاوازە زیاتر لە فێرخوازە پێگەشتووەکان پاڵپشتی ئەکرێن و سودیان پێ دەگەیەنرێ، چونکە یەک بە یەک ستراتیژەکانیان پێ دەوترێ دەربارەی ڕێگاکانی زاڵبوون بەسەر هەندێ خووی وەک لەدەم دەرچونی وەڵام بەبێ بیرکردنەوە یان ڕەفتارکردن بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی فەرامۆش کردنی فێرخوازەکانیتر، بۆ نمونە تۆ پێشبینی بکەیت یەکێ لەو قوتابییە سەرەڕۆیانە پرسیارێک دوبارە بکاتەوە چ بەدەنگی بەرز یان بە بێ دەنگی پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە، لەوانەیە بەبەکارهێنانی هەندێ وشەی نهێنی و کۆد بیری بخەیتەوە کە تواناکانی مێشکی بەکاربهێنێ. دروست کردنی هەندێ دەرفەتی یەکگرتووی رێکخراو تاکو زیاتر بچنە ناوەڕۆکی وانەکەوە دەتوانێ یارمەتی فێرخوازان بدات کەمتر ڕەفتاری سەرەڕۆیانە بکەن و زیاتر سەرنجیان لەسەر فێربوون بێت.
بە تێگەشتنێکی ڕوون و تەواوەوە دەست پێ بکە:
هەنگاوی یەکەم بە خۆ ئامادەکردن و توانای جێبەجێ کردنی کرداری پێناسە ئەکرێ. جێبەجێ کردنی کۆمەڵێک بواری کۆنترۆڵ کردنی توانای مێشکی کە زۆرترین کاریگەری هەبێ لەماوەی قوتابخانە و کار و ژیاندا. بۆ ئەوەی هاوکاری فێرخوازان بکەن بۆ هەنگاوی یەکەم، ڕێنماییان بکە تا مەبەستێکی ڕوون بنیات بنێن بۆ پڕۆژەی فێربوون وەک یەکەم هەنگاویان بۆ ڕێک خستنی پلانێکی تۆکمە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانیان. دوایی ئەگەر دەستیان کرد بە تەواوکردنی ئەرکەکانیان، ئەتوانن جارێکیتر بە مەبەستەکانیاندا بچنەوە،” ئایا ئەوەی ئێستا من ئەنجامی دەدەم یارمەتیم دەدات تاکو ئامانجەکەم بەدەست بهێنم؟”. ئەرکەکانی فێربوون بکە بە چەند بەشێکەوە بۆیان ئەمەش ستراتیژێکی زۆر بەسودە کە وا لە فێرخوازەکان دەکات کە هەنگاو بە هەنگاو و بەوریاییەوە بەرەوپێش بچن و زیاتر لە مەبەستەکانیان نزیک ببنەوە. هەمو سەرکەوتنێکی بچووک بە درێژایی ڕێگەکە دەبێتە هۆی کرانەوەی هەنگاوی دواتر. ئەمەش وا لە فێرخوازان دەکات کە سەرنجیان لەسەر ئامانجە گەورەکەیان بێت.
فێرکردنی بیرهاتنەوە:
ئەو توێژەرانەی کە لەگەڵ ئەو فێرخوازانەدا کار دەکەن کە کێشەی کەمی ئاگاییان هەیە بۆیان دەرکەوت کە ڕاهێنان لەسەر بەهێزکردنی بیرهاتنەوە یارمەتییان دەدات تا لە ئاڵۆزی بەدوور بن و بەرهەمی قوتابخانەکە بەرەو باشتر ببەن. ژمارەیەکی زۆر ستراتیژی ڕێکخراوە بۆ بەرەو زیادبوونی توانای بیرهاتنەوە. ئەوەمان بۆ ئاشکرابوو کە مامۆستا و فێرخواز وەک یەک ئەنجامدانی چالاکییان بۆ بیرهاتنەوە لاپەسەندە و پێیان خۆشە، کە وەک پەیوەندییەک بەکار دەهێنرێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبیرهاتنەوە، بۆ نمونە، ئەگەر بتەوێ یارمەتی فێرخوازەکان بدەیت تاکو ناوی یەکەم دە سەرۆکی ئەمریکایان بە ڕیزبەند بیر بکەوێتەوە ئەوا ڕێنموییان بکە کە لەگەڵ وتنی ناوەکاندا دەست بخەنە سەر ئەندامەکانی جەستەی خۆیان لەسەرەوە بۆ خوارەوە: جۆرج واشنگتۆن(سەر)، جۆن ئادمسن(شان)، تۆماس جێفرسن(دڵ)، …. بەم شێوەیە تا ژمارە دە.
زیاتر لە یەک هەڵبژاردە ڕەچاو بکە:
توانای مێشکی بەرفراوان شێوازێکە کە بەرزی ئاستی بیرکردنەوەی ئەو فێرخوازانە دیاری دەکات کە دەتوانن بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز شیکاری پرسیارێکی تان و پۆی ئاڵۆز بکهن. ئەو فێرخوازانەی کە کێشەی کەمی ئاگاییان هەیە لەوانەیە یەکسەر سود لە یەکەم بیرۆکە وەربگرن کە بە مێشکیاندا دێت. تۆ دەتوانی فێرخوازەکان فێر بکەیت کە نەخشەیەکی گرافیکی بۆ هەڵبژاردەکانیان بکێشن بە شێوەیەک کە پرسیارەکە لە ناوەڕاستی نەخشەکەدا دابنێن، هانیان بدە کە لە چواردەوری پرسیارەکە کۆمەڵێ وەڵام و چارەسەری جیاواز دابنێن، تا زۆرتربێت باشتره. نەخشەی هەڵبژاردە ئەوە ئەسەلمێنێ کە هەمیشە زیاتر لە چارەسەر و وەڵامێک هەیە بۆ پرسیارێک یان بۆ بیرکردنەوە لە چەمکێک، ئەمەش خۆی لە خۆیدا نمونەیەکی بەسودی توانای کۆنترۆڵ کردنی مێشکە لە کاردا.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه
نوسهر: Dr. Donna Wilson and Dr. Marcus Conyers
وەرگێڕ: ئاڵا فرج حسین
هەڵەچن: خهبات رهفيق محمد
دهنگ: سۆلين مصطفى
دیزاینی وێنە: فێرۆپيديا