لە تەکنەلۆژیا بێزار بوویت؟ بۆچی چەند یارییەکی کلتووری(کلتووری ئینگلیزی) تاقی ناکەیتەوە؟ یارییە کلتورییەکانی وەک یاریی کارت و بۆرد، دەکرێت شتی زۆر پێشکەش بە پۆلەکەت بکەن. ئەمانەی خوارەوە ١٠ یاریی کلتوریی نایابن کە دەتوانیت لە پۆلەکەتدا بەکاریان بهێنیت!
١. یاریی کارت
دەستپێکردنی ئەم یارییە بەوە دەبێت کە فێرخوازەکانت فێری جۆری کارتەکان بکەیت: کە لە ماچە و قەرە و دڵ و ئەڵماس پێک دێن. هەروەها دەبێت فێری ڕووی کارتەکانیشیان بکەیت، کە ئەوانیش لە جاک کارت و ئاس کارت و پادشا و شاژن پێک دێن. لە کاتی ئەنجامدانی یاریی کارتدا، وا باشترە بە یاریی ئاسان دەستپێبکەیت کە یاسای زۆری تێدا نەبێت. بۆ نموونە، یاریی جەنگ، یاخود یاریی ماسیگرتن زۆر پێویستیان بە بیرکردنەوە نابێت، بەڵام وا دەخوازێت کە خوێندکاران بە ئینگلیزییەکەیان قسە بکەن و لەهەمان کاتدا دەستەواژەی وەک “من جەنگ ڕادەگەیەنم” و “کارتێکی ژمارە دووت پێیە؟” بەکاربهێنن.
٢. بزانە کێ
بزانە کێ یارییەکی دوو کەسییە کە تیایدا هەریەک لە یاریکەران بۆردێکیان پێیە کە پڕیەتی لە دەموچاو. بۆ ئەوەی بزانرێت یاریزانی بەرامبەر چ دەموچاوێکی هەڵبژاردووە، یاریکەران دەبێت زنجیرەیەک پرسیاری بەلێ/نەخێر لە یەکتر بکەن. ئەم پرسیارانە لە لابردنی ئەو دەموچاوانەی کە هەڵنەبژێردراون یارمەتییان دەدەن. یەکەم یاریکەر کە بەدروستی بزانێت بەرامبەرەکەی چ دەموچاوێکی هەڵبژاردووە، یارییەکە دەباتەوە. ئەم یارییە نایابە بۆ فێرخوازانی زمانی ئینگلیزی چونکە فێری چۆنییەتیی دروستکردنی ڕستەی پرسیارییان دەکات و ئەو ووشە باوانەشیان بیر دەخاتەوە کە بۆ وەسفکردنی خەڵک بەکار دەهێنرێن. خوێندکاران لەم جۆرە پرسیارانە دەکەن “ئایا کارەکتەرەکەت قژی قاوەیییە؟” یاخود “ئایا کارەکتەرەکەت کڵاوی لەسەردایە؟” خوێندکاران دەتوانن بەتەنیا، یان وەکو بەشێک لە گروپێکی بچووک یاری بکەن.
٣. یاریی تۆپ ترەمپس
یاریی تۆپ ترەمپس جۆرێکە لە یاریی کارت کە خوێندکاران لە کاتی ئەنجامدانیدا بۆ ئەوەی کۆمەڵێک کارتی زانیاری ببەنەوە، دەبێت پرسیار لە یەکتر بکەن. دەتوانیت خۆت کارتەکان بکڕیت، کە لە شێوەی سێتدا دەفرۆشرێن و هەر سێتەو تایبەتە بە بابەتێک هەر لە جۆرەکانی ئۆتۆمبێل و پاڵەوانەکان هەتا ڕووەک و بەرنامە تەلەفیزۆنییەکان. ئەمەش ڕێگەیەکی نایابە بۆ ئەوەی خوێندکاران لە ڕێگەیەوە فێری ووشەکانی تایبەت بە بابەتێکی دیاریکراو ببن یاخود بۆ مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند کارتێکی پەیوەست بەو بابەتانەی کە حەزیان لێیەتی. ئەگەر خوێندکاران زۆر چێژیان لە یارییەکە بینیی، دەتوانیت داوایان لێ بکەیت کە کۆمەڵێک کارتی تۆپ ترەمپس بۆ خۆیان دروست بکەن.
٤. یاریی سکرابڵ
یاریی سکرابڵ بە پادشای یارییە ووشەییەکان هەژمار دەکرێت. لەم یارییە کلتورییەدا، یاریکەرەکان بە مەبەستی تۆمارکردنی خاڵ، ووشە دروست دەکەن. خوێندکاران دەشتوانن بە بەکارهێنانی ئەو پیتانەی کە لە کەمترین ووشەدا بوونیان هەیە (بۆ نموونە پیتەکانی Q و Z)، یان بە بەکارهێنانی ئەو پیتانەی کە دوو هێندە و سێ هێندە خاڵیان لەسەرە، خاڵی زیاتر تۆمار بکەن. لە کاتی ئەنجامدانی یاریی سکرابڵ لەگەڵ فێرخوازانی زمانی ئینگلیزیدا، ڕێگەیان پێ بدە لە کاتی یاریکردندا فەرهەنگ یاخود دۆزەرەوەی ووشە بەکاربهێنن. سەرەڕای ئەوەش، پێش دروستکردنی ووشەیەک، دەبێت بزانن ووشەکە چۆن دەخوێندرێتەوە و بە مانای چیش دێت. ئەمە ڕێگە لەوە دەگرێت کە خوێندکاران لەخۆوە بە مەبەستی تۆمارکردنی زۆرترین خاڵ ووشەی سەیر و سەمەرە بەکاربهێنن.
٥. یاریی مەترسی
یاریی مەترسی، یاریی دەستگرتن بەسەر جیهاندا، یارییەکی ئەفسانەییە. سادەیە، و بە ئاسانی دەتوانیت فێری ببیت. ئەم یارییە دەستبەجێ خوێندکارەکانت دەهێنێتە بەشداریکردن. فێربوونی یاساکان و چۆنییەتی پرسیارکردن بەشێکن لە بەکارهێنانی زمان لە یارییەکەدا، هەر بۆیە هانی ئەو خوێندکارانە بدە کە یارییەکە دەزانن هەتاوەکو یاساکان بۆ ئەو خوێندکارانە ڕوون بکەنەوە کە نایانزانن. هەر کە خوێندکاران لە کرۆکی یارییەکە گەیشتن و شارەزای یاساکانی بوون، دەتوانیت بەشی دیکەی زمانەوانی بۆ یارییەکە زیاد بکەیت. بۆ نموونە، دەتوانیت بە مەبەستی هاندانی ئەو خوێندکارانەی کە ئاستیان بەرزە کارتی گۆڵ بەکار بهێنیت بۆ ئەوەی وایان لێ بکەیت تاکتیکی زیرەکانە بەکار بهێنن.
٦. یاریی مۆنۆپۆلی
مۆنۆپۆڵی یارییەکی بەناوبانگە کە ڕەنگە بەکارهێنانی لە سەرەتادا وا پێ نەچیت کارێکی باشبێت لە پۆلی فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا وەکوو زمانی دووەم. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ فێربوونی زمان، چ ڕێگەیەک هەیە باشتر لە ئەنجامدانی یارییەک کە لە بازرگانیکردن پێک هاتووە؟ کاتێک خوێندکارەکانت بە یارییەکەوە سەرقاڵن، هانیان بدە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتردا کڕین و فرۆشتن بەو موڵکانەوە بکەن کە هەیانە. هەروەها خوێندکاران ناچار دەبن لە هەندێک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی یارییەکەدا پێکەوە قسە بکەن، بۆ نموونە هەندێک دەربڕینی وەک ” بۆ بەردەوامبوون پێویستم بە ٢٠٠ دۆلارە” یاخود “دەمەوێت ناوچەی باڵتیک بکڕم.” بەکاربهێنن.
٧. یاریی وێنەکێشان
بە بەکارهێنای تەختەی سپی بچووک، دەتوانیت وا لە خوێنکارەکانت بکەیت جۆرەها یاریی وێنەکێشان لەگەڵ یەکتردا بکەن. دەتوانن بەجووت پێکەوە یاریی هانگمان، پیکشنەری، باتڵشیپ و چەندین جۆر یاریی دیکە لەگەڵ یەکتردا بکەن. ئەم جۆرە یارییانە وا لە خوێندکاران دەکەن کە پێویست بکات ووشەی ئینگلیزی نوێ بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بزانن چ ووشەیەک لەسەر تەختەکە کێشراوە، باسی وێنەیەک بکەن، یان تەنانەت هێڵکاری ناونیشانی جێگەیەک ڕونبکەنەوە. دەتوانیت دروستنووسیی ئەو ووشانەش کە خوێندکاران فێریان دەبن بکەیتە بەشێک لە یارییەکە بۆ ئەوەی یارییەکە پەیوەندیدارتر بکەیت. بۆ نموونە، خوێندکاران دەتوانن یاریی هانگمان یان یاریی پیکشنەری ئەنجام بدەن و سەرنج بخەنە سەر ناوی ئاژەڵان یان ناوی جۆرەکانی پۆشاک.
٨. یاریی وەسفکردن
هەندێک یاری وەکو یاریی قەدەغە و دەستەواژەی باو بۆ پۆلی فێربوونی ئینگلیزی وەکوو زمانی دووەم نایابن. ئامانجی ئەم یارییانە ئەوەن کە یاریزانان هەوڵبدەن ووشەیەک هەڵبهێنن. هەندێک جار، وەک لە یارییەکانی قەدەغە یاخود ووشەی تێپەڕدا، پێویستە ووشە هەڵبهێنن بەبێ ووتنی هیچکام لەو ووشانەی کە لەسەر کارتەکە ڕیزکراون. بۆ نموونە ڕەنگە تۆ پێویست بکات وشەی “سوور” بزانیت بەبێ ئەوەی بڵێیت ووشەکە یەکێکە لە ڕەنگەکان. پێش ئەوەی دەست بە یارییەکە بکەیت، دەبێت خوێندکارەکانت فێری کۆمەڵێک گرێ و دەستەواژە بکەیت بۆ ئەوەی لەکاتی وەسفکردنی ووشەکانی ناو یارییەکەدا بەکاریان بهێنن. بۆ نموونە:
“ئەم ووشەیە بۆ … بەکار دێت”
“دەتوانیت ئەم ووشەیە لە … دا بدۆزیتەوە”
“ووشەکە گوزارشت لەو شتە دەکات کە لە کاتی … دا دەیکەیت”
دەتوانیت یەکێک لەو یارییانە بۆ خوێندکارەکانت بکڕیت، یان خۆت کارتەکان دروست بکەیت و ئەو ووشانەیان لەسەر بنووسیت کە خوێندکارەکانت بەم دواییانە فێریان بوون یان دەتەوێت تیشکیان بخەیتە سەر.
٩. یاریی بەیەکگەیاندن
یاریی بەیەکگەیاندن بۆ فێڕخوازانی ئاستی نزم یارییەکی نایابە. خوێندکاران کارتەکان ڕوو لە زەوی لەسەر مێزیك دادەنێن و بە نۆرە کارتەکان هەڵدەدەنەوە و پێکەوە دەیان گونجێنن. ئەگەر لە گوگڵ بۆ کارتی ‘پێڵمانیسم’ یان ‘یاریی بەیەکگەیاندن’ بگەڕێیت، ژمارەیەکی زۆر وێنەی ئەم جۆرە یارییانە دەدۆزیتەوە کە دەتوانیت چاپیان بکەیت، بەڵام ئەگەر کاتت هەبێت، باشترە خۆت دروستیان بکەیت. دەکرێت یارییەکەی تۆ ئەوە بێت کە پێویست بکات خوێندکاران وێنە بە ووشە، وشەی هاوواتا و وشەی دژیەک بەیەکتر، یان شت بە شوێن (وەک خوێندکار بە قوتابخانە) بگەیەنن، یان تەنانەت دەشتوانیت داوا لە خویندکاران بکەیت کە دوو کارت هەڵببژێرن و ئەو ووشانەی لەسەریان نوسراون لە ڕستەیەکدا بەکار بهێنن.
یاریکردن لە پۆلەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا وەکو زمانی دووەم شتێکی چێژبەخشە و وا لە خوێندکارانیش دەکات کە لێهاتووییەکانیان لە زمانی ئینگلیزیدا بەکار بهێنن. لەسەر تۆ پێویستە کە یاساکانیان بۆ ڕوون بکەیتەوە، ڕێنوێنییان بکەیت لەسەر ئەوەی چۆن یارییەکە بکەن، داوای ئامۆژگارییان لێبکەیت، هانیان بدەیت، گفتوگۆ بکەیت و بەشدار بیت لە ئاخاوتنی سادەدا لە کاتی یارییەکەدا. هەموو ئەمانە پێکهاتەی نموونەیین بۆ هەر چالاکییەکی تایبەت بە فێربوونی زمان. ڕەنگە یارییەکان بەگشتی هەموو کات بۆ پۆلەکانی خوێندن باش نەبن، بەڵام دەکرێت بۆ وانەیەکی فیرکاریی یەک کاتژمێریی و لەگەڵ گروپێکی بچووکدا یاخود وەک بەشێک لە ‘یانەیەکی گفتوگۆ بە زمانی ئینگلیزی’ بەمەبەستی بەشداریپێکردنی خوێندکاران، شتێکی نایاب بن.
سەرچاوەی بابەت
https://busyteacher.org/25014-using-traditional-games-with-language-learners.html
سەرچاوەی وێنە:
https://busyteacher.org/25014-using-traditional-games-with-language-learners.html
ئامادەکاری بابەت: لؤي سەلمان حاجی
وەرگێڕ: هاوکار کامەران
هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود
دیزاینەری وێنە: فێرۆپیدیا