یاریکردن(چالاکی) پرۆسەیەکی دانەبراوە لەژیانی منداڵ، ئامرازی گەورە و کاریگەرە لە بوارەکانی گەشەی (کۆمەڵایەتی، هەڵچوونی، ژیری و جەستەیی) دەرککردنی زیاتر بەجیهان و دەورووبەر. ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ بەتاڵکردنەوەی هەموو ئەو هیلاکییە دەروونی و هەڵچوونیانەی منداڵ کە ڕۆژانە ڕوبەڕووی دەبێتەوە.
شەش ساڵی یەکەمی تەمەن لەگەڵ گەشەکردنی توانای قسەکردن، زۆر جار منداڵان هەرکەس بۆ خۆی بەدەم چالاکی و یارییکردنەوە قسە دەکات، قسەکردنێک لە دیالۆگ ناچێت لەبەر ئەوە تەواوی بنەماکانی گفتوگۆ کردنی تێدا نیە، بەڵکو بە شێوەیەک هەرکەس بە ڕواڵەت بۆ خۆی و لەگەڵ خۆی قسە دەکات، و بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەکی زمانی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا هەبێت کە بەیەکەوە گوزارشت لە باسێک یان بابەتێکی دیاری کراو بکەن، ئەم کۆنسێپتە لە دەرونناسیدا پێی دەگوترێ مۆنۆلۆگ( monologue) کە پێچەوانەیە لەگەڵ دیالۆگدا.
بەو هۆیە ئەوەی لێرەدا هەڵوەستەی لەسەر دەکەین بەتەنیا خودی یاریی نیە، وەک پرۆسەیەکی میکانیکی ڕووت، بێ بەکارهێنانی هیچ ئامرازێکی زمانیی<<وشە و دەربڕین>>. بەڵکو لە ڕاستیدا ئەو قسەو ورتە ورتەی زمانە لای منداڵ کە ئاوێزانی یاریی و چالاکی دەبێت وشە و دەربڕینێکن کە وا هەست دەکرێ لەگەڵ خۆیدا دەدوێت. ئەم دۆخە کاتێک لای منداڵ سەرهەڵدەدات کە ڕوبەڕووی دوو جۆر لە گرفت دەبێتەوە کە هەندێکیان(مەعریفین و پەیوەستن بە کەم وکوڕی لە کەرەستە و یاریکردن، و هەندێکیشیان پەیوەستن بەو فشارە کۆمەڵایەتیانەی لەسەر منداڵ هەندێ جار دروست دەکرێت. ئەو بۆڵە بۆڵ و دەنگەدەنگە کۆمەڵە وتەیەکن دەرهاویشتەی ئەو گوشارەن کە منداڵ ڕێگەی پێنادرێ بیربکاتەوە لە کاردانەوەدا هەوڵدەدات بەدەنگەوە بیربکاتەوە. یان هۆکاری ئەو بەربەستانەیە کە لەڕووی تێگەیشتن و فێربوونەوە پەیوەست بە یاریکە لای منداڵ دێنە ئاراوە. لەم بارودۆخەدا ئەم ورتە ورتە وەک بەشێک لە زمان گەشە دەکات دەبێتە کەرەستەیەکی بەهێز لای منداڵ هەوڵی دۆزینەوە و داهێنانی مەعریفی دەدات.
ئەم وتانەی منداڵ سەنگ و بەهایەکی گرنگیان هەیە لە بواری دەرونناسی پەروەردەدا، بەو هۆیەوە کاتێک منداڵ خۆی ئامادە دەکات بۆ یاری بەنمونە (ماڵەباجێنە) یان هەر چالاکیەک کاتێک توشی بەربەست یا گرفتێک دەبێت دەکەوێتە قسەکردن لەبەر خۆیەوە دەڵێت کوا کەوچک؟ کوا چێشتەکە؟ کێشە نیە ئەو دارە بەکار دێنم شێوەی کەوچکە، ئەو دارێک هەڵدەگرێ و دەڵێت ئەمە کەوچکە، (لم، خۆڵ) دەکاتە نێو قاپەوە و دەڵێت ئەمەش شێوەی چێشتی هەیە.
ڤیگۆتسکی زمانناس و پەروەردەناسی ڕوسی لە تاقیکردنەوە کلینکیەکانیدا. بەم دەرئەنجامە گەیشت لەکاتی زیادکردنی ئاستەنگ یا بەربەست لە بەردەم هەر کار و چالاکییەک لای منداڵ، وتەکانی منداڵ زیاتر دەبن و زمان بەڕێژەیەکی زیاتر بەشدار دەبێت لەچارەسەری گرفتەکان. یاخود لەکاتی لەڕوودانی هەر گرفتێکی لەناکاو لە نێوەندی هەر یاری و چالاکییەک، <<زمان و وتە >> وەک بەشێک لە چارەسەر دەردەکەوێت، یا دەبێتە بەردەوامیدان و تەواوکەری چالاکییەکە، یا دەستپێکی بەدیهێنانی کارێکی جیاواز و قۆناغێکی نوێ لە یاری و چالاکی.
ڕۆڵ و گرنگی ئەم جۆرە دەربڕینە لە پرۆسەی فێرکردن:
ئەم دەربڕینە زمانییە خۆکردە کە زۆر جار لە باخچەکان و قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی قوتابخانە بەر دیدەیە، بۆ ئەم دامەزراوانە دەتوانرێ سەرچاوەی ستایلی تازەبێت لە دیداکتیک(زانست و هونەری وانەگوتنەوە )، بەدۆزینەوەی مێتۆدی نوێ و درووستکردنی کەشێکی ئازاد بۆیاریکردن، بوونی ژینگەیەکی دەوڵەمەند بە کەرەستەی فێرکاریی کە فێرخوازان سەربەخۆبن لە دەربڕین و مامەڵەکردن پێیان، لەهەندێ بارودۆخدا پێویستە مامۆستا وەک ئامرازێک هەوڵی لاسەنگکردنی مەعریفیی فێرخوازەکان بدات بەدروستکردنی گرفتی کەرەستەیی و مەعریفی تاوەکو زمان گەشە بکات و ڕۆڵی کاراتر بگێڕێ لە بەدیهێنانی ئامانجەکان.
کارکردن بەم ستایلە یەکجار گاریگەر دەبێت، لە بەرهەمهێنانی زانیاری لای منداڵ، دەبێتە هۆی دەربڕینی بیرۆکەکان لە ڕێگەی زمانەوە، بەرزکردنەوەی ئاستی ژیربێژی، توانای بیرکاری منداڵ گەشە پێدەدات، شاڕێیەکیی باشە لە دۆزینەوەی چارەسەری ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە ژیان و پاڵنەرێکی کاریگەر دەبێت لای منداڵ لە دروستکردنی ئارەزووی خوێندن و فێربوون.
بەکارهێنانی پێویستیەکی گرنگە بەو مەرجەی پەروەردەکار و مامۆستایان بە شێوەیەکی زانستی و هونەری کاری لەگەڵدا بکەن. بەڵام ئێستا ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لە کەشی پۆل و وانەگوتنەوە، سانسۆرکردنی ئەم وشە و دەربڕینەی فێرخوازانن وەک ئاماژەیەک بۆ تێکدانی ئارامی پۆل و پرۆسەی فێربوون، و فێرخوازان بێدەنگ دەکرێن لەلایەن مامۆستاوە.
نووسهر: شاڵاو خدر عبداللە
ههڵهچن: خهبات رهفيق محمد
سهرچاوهى وێنه: ئيره ببينه