ئەو مۆدێلە ناچالاكەى فێربوون كە كاتى خۆى لە قوتابخانەكاندا پەيڕەودەكراو تەنها خۆى لە لەبەركردن و دووبارە ووتنەوەدا دەبينيەوە، چيدى نابێتە فريادڕەسى خوێندكارەكانمان لە جيهانى ئەمرۆدا. شیکارکردنی پرسیارە زۆر ئاڵۆزەکان پێویستیان بەوە هەیە کە خوێندکارەکان هەريەك لە توانا بنچینەییەکان (خوێندنەوە، نوسین، بیرکاری) و تواناكانى سەدەی ٢١ ( کارکردن بە کۆمەڵ، چارەسەرکردنی کێشە، کۆکردنەوەی توێژينەوە، ڕێکخستنی کات، بەرهەمهێنانی زانیاری، بەکارهێنانی ئامێری تەکنەلۆجی پێشکەوتوو) یان هەبێت. بەم تێکەڵەیە لە تواناكان، خوێندکارەکان دەبن بە دەرهێنەرو بەڕێوەبەری پرۆسەی فێرکاریی خۆیان و لەلایەن مامۆستایەکی شارەزاوە ڕێیان نیشان دەدرێت و سەرپەرشتی دەکرێن.
تواناكانى سەدەی ٢١ پێکدێن لە:
- بەرپرسیارێتی کەسیی وکۆمەڵایەتی.
- پلاندانان، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، لێکدانەوەی هۆکارەکان و داهێنان.
- توانای گەیاندنی بەهێز لە نێوان کەسەکان و بۆ پێویستیەکانی ( پرێزنتەیشن).
- تێگەیشتن لە کلتورەکانی دیکە.
- بەرچاوڕونی و توانای بڕیاردان.
- زانینی ئەوەی چۆن و لەکوێ تەکنەلۆجیا بەکاربهێنێت و هەڵبژاردنی ئامێری گونجاو بۆ کارەکە.
سیلڤیا چارد، لێکۆڵەری پەروەردە دەڵێت: “یەکێک لە سودە سەرەکییەکانی کارکردنی پرۆژە ئەوەیە کە وا دەکات خوێندنگا زیاتر لە ژیانی ڕاستەقینە بچێت. کارکردنی پرۆژە لێکۆڵینەوەیەکی قوڵی بابەتێکی ژیانی ڕاستەقینەیە کە شایەنی سەرنج و هەوڵی منداڵەکان بێت”.
فێربون لەسەربنەمای پرۆژەكار و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا پەیوەندییەکی نوێ دەهێنێتە ناو ئەو سیستمی فێرکردنەوە کە ئێستا بەردەستە.
بە هێنانی نمونەی ژیانی ڕاستەقینە و تەکنەلۆجیا بۆ پرۆگرامی خوێندن لە رێگەی فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار، خوێندکاران هاندەدرێن بۆ ئەوەی ببن بە ئیشکەری سەربەخۆ، بیرمەندی ڕەخنەگر و فێرخوازی هەمیشەیی. مامۆستاکانیش دەتوانن پەیوەندیان هەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرەکاندا، بیروڕا بگۆڕنەوە لەگەڵ مامۆستایانی دیکە وشارەزایانی بوارەکاندا و پەیوەندیشیان لەگەڵ دایکان وباوکاندا هەبێت. لە هەمان کاتدا ئاستەنگە نەبینراوەکان تێکبشکێنن وەک جیاکردنەوەی پۆل، ترس لە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ناباو ونەبونی گرەنتیی سەرکەوتن.
فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار تەنها ڕێگەیەکی فێربون نییە،بەڵکو رێگەیەکی بەیەکەوە کارکردنیشە. ئەگەر خوێندکاران فێرببن کە بەرپرسیارێتی فێرکردنی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، بنەماکانی شێوازی کارکردنیان لەگەڵ کەسانی دیکە لە تەمەنی پێگەیشتنیاندا دروست دەکەن.
فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار خۆی لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینە دەگونجێنێت
هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینە وادەکات بتوانین بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو بەرەوپێشچون و گەشەکردنی منداڵێک تۆماربکەین. فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار بەجێبەجێ کردنی ئەمانەی خوارەوە هانی ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە دەدات:
- وا دەکات مامۆستا چەندین دەرفەتی هەڵسەنگاندنی خوێندکاری هەبێت.
- ڕێگە بە منداڵ دەدات کە تواناکانی خۆی بە باشی نیشانبدات لە کاتێکدا سەربەخۆ کاردەکات.
- توانای منداڵ نیشاندەدات بۆ بەکارهێنانی شارەزاییە خوازراوەکانی وەک لێکۆڵێنەوە(ڕیسێرچکردن).
- توانای منداڵ بۆ کارکردن لەگەڵ هاوەڵەکانیدا گەشەپێدەدات وشارەزاییەکانی کارکردن بە کۆمەڵ وگروپ دروست دەکات.
- ڕێگە بە مامۆستاکە دەدات کە زیاتر لەسەر خوێندکارەکە بزانێت وەکو کەسێک.
- یارمەتی مامۆستاکە دەدات کە لە چەندین بابەتدا بە چەند ڕێگەیەکی پێشکەوتوو و مانابەخش پەیوەندی لەگەڵ منداڵێک یاخود کۆمەڵێک منداڵدا هەبێت.
فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار هانی فێربونێکی درێژخایەن دەدات
لیی شۆلمەن، سەرۆکی (دامەزراوەی کارنگی بۆ بەرەوپێشبردنی وانەوتنەوە لە سەرنجێکدا دەڵێت”وانەوتنەوە چالاکییەک بووە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوەو لە نێوان دوو بەشداربوی تا ڕادەیەک هاوڕادا جێبەجێ کراوە”.
فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەكار هانی فێربونێکی درێژخایەن دەدات لەبەرئەوەى:
- فێربون لەسەر بنەمای پرۆژەو تەکنەلۆجیا وادەکات خوێندکاران، مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکانیش بتوانن لە دەرەوەی بینای خوێندنگەش هەوڵ بدەن.
- خوێندکاران دەبن بە بنیاتنەرێکی سەرقاڵی سەرچاوەی زانیاریی نوێ ودەبن بە فێرخوازێکی هەمیشەیی چالاک.
- فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە فێری منداڵان دەکات کە خۆیان کۆنترۆڵی فێربونی خۆیان بکەن، ئەمەش یەکەم هەنگاویان دەبێت بۆ بوون بە فێرخوازێکی هەمیشەیی.
لەو هەوڵدانەدا بۆ زانست وزانیاری نوێ، تەکنەلۆجیا یارمەتی خوێندکاران دەدات کە دەستیان بە لێکۆڵینەوەو شارەزایان بگات، لە سەرچاوەکانی وەک هەژماری کەسییەوە بگرە هەتاکو فیلمەکانی شەڕی ناوخۆ کە لە کۆمەڵەی (کتێبخانەی یاداشتی کۆنگرێسی ئەمریکا) دا بەردەستەو تا دەگات بە قسەکردنی ئۆنلاین لەگەڵ گەردونگەڕەکانی ئاژانسی ناساشدا.
فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە چەندین شێوازی جۆراوجۆرو جیاوازی فێربون دەخاتە بەردەست خوێندکاران
فیوچەر ۆرکس: ” ئێمە لە ئابورییەکی نوێدا دەژین کە بە تەکنەلۆجیا بەهێزدەکرێت، بە زانیاری وزەی پێدەدرێت و بە زانست بەڕێوەدەبرێت” .
زانراوە کە منداڵان چەند شێوازێکی فێربونی جۆراوجۆریان هەیە. زانیارییەکانیان لەسەر باکگراوندو ئەزمونی جۆراوجۆر بنیاتدەنێن. ئەوەش زانراوە کە سنورێکی توانای فراوانتریان هەیە وەک لەو توانایەی کە لە پۆلە ئاساییەکاندا ڕێگەیان پێدەدرێت نیشانی بدەن لەگەڵ ئەو جەختکردنەوە باوەی کە لەسەر سەرچاوە تێکستییەکان هەیە. فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە تیشک دەخاتە سەر ئەم جیاوازیانە، لەبەر ئەوەی پێویستە خوێندکاران گشت نمونەکان بەکار بهێنن لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەو وەڵامدانەوەی پرسیاردا، پاشان وەڵامەکان تاوتوێ بکەن. کاتێک منداڵان حەزیان بەو کارەیە کە دەیکەن و توانای ئەوەیان هەیە کە خاڵە بەهێزەکانیان بەکاربهێنن، ئەوا پلەیەکی بەرزتر بەدەستدەهێنن.
لێکۆڵینەوەکان پشتگیری فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە دەکەن
ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوە پشتگیری بەکارهێنانی فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە دەکەن. ڕێژەی ئامادەنەبونی خوێندکار لەو خوێندنگانەی کە تێیاندا فێربون لەسەر بنەمای پرۆژە جێبەجێدەکرێت دابەزیوە وڕێژەی شارەزاییەکانی بەیەکەوە فێربوون بەرزبۆتەوە. هەروەها دەستکەوتەکانی خوێندکارانیش باشتر بووە. کاتێک تەکنەلۆجیا بەکاردەهێنرێت بۆ گەشەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و پەیوەندی کردن، ئەم سودانە زیاتر دەبن.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه
وەرگێڕ: میرو عەزیز
هەڵەچن: دابان بەهمەن أحمد
ديزاينەرى وێنە: فێرۆپيديا