پێشەکی
فێربوونی هەرەوەزی یەکێکە لە ڕێگە نوێکانی فێرکردن و سەلمێنراوە کە ڕێگەیەکی زۆر سەرکەوتووە. بەم دواییانە، هەندێ توێژینەوەم کردووە لەسەر فێربوونی هەرەوەزی. ئەمانە هەندێ لە ستراتیژە پەسەندەکانمە کە بەکاریان دەهێنم لە پۆلدا. پێمان بڵێ، تۆ دەتوانیت کامیان بەکاربهێنیت لە پۆلەکەتدا؟
سووچەکان
مامۆستاکە کۆمەڵە وەڵامێک بە سوچەکانی پۆلەکەدا هەڵدەواسێت. کاتێک پرسیارەکان دانران، خوێندکارەکان دەڕۆن بۆ گۆشەیەک و وەڵامەکانیان تاووتوێ دەکەن لەگەڵ ئەوانەی هەمان وەڵامیان هەڵبژاردووە.
شارەزاکان
گروپەکان توێژینەوە لەسەر شتێک دەکەن ( هەموویان دەبن بە ” پسپۆڕ” لەو بابەتەی کە توێژینەوەیان لەسەر کردووە). دواتر، تێکەڵيان بکە و شارەزاكان هەموو ئەو زانیارییانەی کە فێرى بوون ئاڵوگۆڕی دەکەن.
! ؟ —
فێرخوازەکان دەقەکان دەخوێننەوە و ئەم نيشانانەى خوارەوە بە پێی حاڵەتەکە دادەنێن:
! / بۆ زانیاری نوێ
؟ / بۆ بابەتە ناڕوونەكان
— / بۆ ئەو زانيارييەى تێيگەشتوون
پاشان بە گروپ، گفتوگۆ لەبارەی زانیارییە نوێ و ناڕوونەکانەوە دەکەن.
بپرسە و بدۆزەرەوە
خوێندکارەکان لەسەر پارچە کاغەزێک ئەو پرسیارانە دەنوسن کە نایزانن لەسەر بابەتێکی دیاریکراو. پاشان، پێویستە خوێندکارەکان بسوڕێنەوە، کەسێک بدۆزنەوە کە بتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. هەروەها پێویستە هەوڵبدەن و بە هەرەوەزیش وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.
دەست خستنەڕوو
خوێندکارەکان بەشێوەی بازنەیی دادەنیشن و مامۆستاکەش پرسیاریان لێدەکات. پێویستە خویندکارەکان بە نهێنی وەڵامبدەنەوە لەسەر بۆردەکانیان، کاتێک مامۆستاکە وتی “شۆوداون” پێویستە هەموو بۆردەکان بخرێنەڕوو.
بیربکەنەوە، لەگەڵ يەك بن، بەشداریپێبکەن
دوای پرسیارێک، کات دەدرێت بە فێرخوازەکان بۆ ئەوەی بیربکەنەوە، پاشان کاتیان پێدەدرێت پێکەوە گفتوگۆ بکەن، دواتر هەموو پۆلەکە پێکەوە گفتوگۆ دەکەن.
بازنەکان
پۆلەکە دەکەین بە ٢ بازنەوە، بازنەیەکیان لەناو بازنەکەی تر دەبێت ( واتە قوتابییەکان دوو دوو ڕووبەڕووی یەک دادەنیشن). مامۆستاکە پرسیارێک دەکات، پاشان دووانەکە پێکەوە گفتوگۆی دەکەن. دواتر، ژمارەیەک بڵێ، بازنەکەی دەرەوە بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر دەڕوات بۆ لای ژمارەی ئەو خوێندکارەی کە بانگ كراوە.
چالاکی ڕاڵی ڕۆبن
دوو دوو، خوێندکارەکان گفتوگۆ دەربارەی بابەتێک دەکەن. لەیەک کاتدا- بە نۆرە قسە دەکەن. باشترە شتێکیان پێبێت بۆ ئەوەی لە یەکێکەوە بیدەنە دەست یەکێکی تر.
٣٠ چرکە ووتاردان
پێویستە خوێندکارەکان ووتارێکی ٣٠ چرکەیی ئامادە بکەن لەسەر بابەتێکی نوێ. پاشان دەکرێن بە گروپ بۆ ئەوەی زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن.
ڕێڕەوەی گەلەری
لەکۆتایی وانەیەکدا، خوێندکارەکان کارەکانیان بە کراوەیی بەجێ دەهێڵن و دەڕۆن سەیری کارەکانی ئەوانیتر دەکەن. دەتوانن کاغەزی تێبینی بەکاربهێنن و سەرنجی دروستکەر بۆ یەکدی بنووسن.
سەرچاوەی بابەت: EDTECH 4 Beginner
ئامادەکاری بابەت: لؤي حاجي
وەرگێڕ: دابان بەهمەن أحمد
هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود
دیزاینەری وێنە: فێرۆپيديا