هەموو کەس چەند ساتێک لە ژیانیدا هەیە کە تیایدا گومانی لە تواناکانی خۆی لا دروست دەبێت، لای هەندێک ئەو بیرکردنەوەیە زوو تێدەپەڕێت و دەڕوات، بەڵام ئەوانیتر وای بۆ دەچن کە
” گومانەکان ستەمکارن” و پاڵیان پێوە دەنێن بۆ دواوە تاکو نەتوانن ئەوەی بە دەستیانە بەدی بهێنن. لەمێژە گرنگی و بەهای ڕۆتینی دووبارەکردنەوەی بەجێ هێنانەکان زانراوە کە ڕێگە بە فێرخواز دەدات جەخت بکاتە سەر بابەتە گرنگەکان و یارمەتییان دەدات کە زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەرکەکانی ڕۆژانەیان بێت و بەدەستی خۆیان شیکاریان بکەن و بەهەموو توانای خۆیانەوە ئاستی خۆیان بەرز بکەنەوە.
پێشتر باسی باشترین ڕێگاکانمان کرد بۆ فراوانکردنی فێربوون لەکاتی پێداچوونەوەی وانەدا و هەروەها چۆن سترێسەکانی کاتی پێداچوونەوە کەم بکەنەوە، بەڵام ئەو ڕێنماییە سادانە چین کە فێرخواز بەیانی یان نیوەڕۆی پێش تاقی کردنەوە دەتوانێ پەیڕەوییان بکات تاکو دڵنیابێتەوە لەوەی کە ئەو چەند ساتە گرنگەی پێش تاقیکردنەوە دەتوانرێت باشترین کاریگەری و دەرئەنجامی هەبێ؟
١-خواردنی نانی بەیانی:
نانی بەیانی گرنگترین ژەمی ڕۆژەکەیە، لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە خواردنی ژەمێکی ئاسایی دانەوێڵە لە بەیانیاندا کە ڕێژەیەکی زۆر کاربۆهیدراتی تێدایە یارمەتی باشتر کردنی توانای وەبیرهاتنەوە و تەرکیزکردن دەدات لەسەر ئەو کۆرسەی کە ئەو بەیانیە خوێندوتەتەوە.
توێژەرەوەکان ئەوەشیان بۆ دەرکەوتوە ئەوانەی کە لە ژەمی بەیانیانیاندا دانەوێڵە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک هەیە “کەمتر لەڕووی هەست و سۆزەوە قەلەق دەبن و ئاستی سترێسیان نزمترە” لەچاو ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە ژەمە ناخۆن.
٢-زوو گەیشتنە قوتابخانە:
تاقی کردنەوە خۆی لە خۆیدا پڕە لە سترێس و دوودڵی بێ ئەوەی تۆ قەلەقی درەنگ کەوتنی خۆشتی بۆ زیاد بکەی. درەنگ کەوتن هەموو شتێ لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکات، ئەگەر کەسێک کەمێک سترێس و قەلەقی هەبێت ئەوا کاتێک درەنگ دەکەوێت زیاتر و زیاتر قەلەق دەبێت. لەبەرئەوە ڕاستییەکی گەورە هەیە “ئەگەر زوو نەیەیت، کەواتە تۆ درەنگ کەوتویت”. هەموو کات لەسەر ڕێگە ڕاستەکەبە و بە هێمنی و بڕوابەخۆبوونەوە دەست بە تاقیکردنەوەکان بکە.
٣-لەو کەسانە دوور بکەوە کە تووشی قەلەقیت دەکەن:
ڕاستییەک هەیە دەڵێ ” تۆ لەژێر کاریگەری پێنج لەو کەسانەدایت کە زۆرترین کاتەکانت لەگەڵیان بەسەردەبەیت”. توێژینەوەکان پێشنیار دەکەن کە مامۆستاکان بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ قسە بۆ فێرخوازەکان بکەن چونکە قسە و لێدوانی ئەوان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر فێرخواز دەبێت کە چۆن بیر بکەنەوە دەربارەی خۆیان. بەیانی ڕۆژی تاقی کردنەوە بیر بکەرەوە و بزانە ئەو کەسانە کێن کە وات لێدەکەن هێمن بیت و بڕوات بەخۆت هەبێت، بیاندۆزەرەوە. دوور بکەوەرەوە لەوەی کە ساتەکانی پێش تاقیکردنەوەت بەوە بەفیڕۆ بدەیت کە لەدەوری ئەو کەسانە کۆ بیتەوە کە نەگەتیڤانە بیردەکەنەوە و بەرەو سترێس و قەلەقیت دەبەن.
٤-هەوڵ و کۆششە سەختەکانت و خۆئامادەکردنەکانت بەبیر خۆت بهێنەوە:
ئەتوانین بڵێین ئەمە ڕێگەیەکی زۆرباشە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆبوون لەکاتێکدا بەرەو تاقیکردنەوە دەچیت. ساتێک بیرکردنەوە لەو چەندان کاتژمێرەی کە بە سەعی کردن و هەوڵدانێکی زۆرەوە بەسەرت بردوون وات لێ دەکات کە دڵنیایی بەدەست بێنی. ئەم تەکنیکە بە زۆری لەلایەن وەرزشکارانەوە بەکاردێت تاکو لە پێشبڕکێکاندا یارییەکانیان بەباشی ئەنجام بدەن. هەروەها بیرکردنەوە لە سەرکەوتنەکانی پێشوترت وات لێ دەکات کە متمانەت بەخۆت زیاتر بێت.
٥-چەند ساتێک بوەستە و هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژە:
خەڵکی کاتێک لەژێر فشاردا بن کەمتر ئەو کاتە هەڵدەسەنگێنن کە لەبەر دەستیاندایە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەلە بکەن و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی وەڵام بدەنەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەم بونەوەی نمرەکانیان. هەڵمژینی چەند هەناسەیەکی قوڵ دەتوانێت وەک هاندەرێک دەست بەجێ هێواشت بکاتەوە. فیسیۆلۆجیانە، ئەم کردارە دەتوانێت تێکڕای لێدانی دڵ و پەشۆکان کەم بکاتەوە. بەهێواش بونەوە و وەستان بۆ چەند ساتێک ڕێگە بە خۆت دەدەیت بە باشی بارودۆخەکە بخەمڵێنی و کات لەبەرچاو بگریت.
٦-ستراتیژەکانی خۆت بۆ کاتی تاقیکردنەوە بەبیر خۆت بهێنەوە:
(بیڵ واڵش)، ڕاهێنەری ئەفسانەیی تۆپی پێی ئەمریکی، کتێبێکی مەزنی نوسی بەناوی ” نمرە، خۆی ئاگاداری خۆی دەبێت” کە تێیدا بەوردی باس لە فەلسەفەی ڕاهێنەرایەتی خۆی دەکات. کارکردنی ئەو لەسەر بنەمای سەرنج خستنەسەر تەواوکردنی ستراتیژەکانی یارییەکە و نەبوونی نیگەرانی بووە دەربارەی چۆنێتی یارییەکە، ئەگەر ئەمە پەیڕەو بکەین وەک ئەو دەڵێت ئەوا ئەنجامەکە خۆی ئاگاداری خۆی دەبێت. هەمان شت بۆ کاتی تاقی کردنەوە دروستە، با کەمترین سەرنجت لەسەر ئەوە بێت کە لە تاقیکردنەوەکاندا چەند بەدەست دێنی و زۆرترین سەرنجت لەسەر تەواوکردنی ستراتیژەکان بێت، ئەمەش مانای ئەو کاتە دەگەیەنێت کە تۆ بۆ هەر پرسیارێک پێویستە تەرخانی بکەیت، سەرەتا هەموو پرسیارەکان بخوێنەوە و وەک تێبینییەک لە سوچێکدا پێنج خولەک بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارێکی دوورودرێژ بنوسە یان هەر جۆرە تەکنیکێکیتر کە پێت باش بێت. ئەگەر دوودڵ بویت لەوەی کە دەبێ تەکتیکی تاقیکردنەوەت چۆن چۆنی بێت ئەوا داوا لە مامۆستاکەت بکە، زۆرکات ئەوان ئامۆژگاری باش و یارمەتیدەریان هەیە بۆت.
بیرکردنەوەی کۆتایی: کاتێک تۆ کاتێکی زۆر بە بیر کردنەوە و سەعی کردنەوە بەسەردەبەیت بۆ تاقیکردنەوەکان، زۆر هەڵەیە کە یەک دوو سەعاتی کۆتایی بۆ چانس بەجێ بهێڵیت. هیچ شتێك ناتوانێ گرنتی سەرکەوتن بکات، بەڵام بە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێنماییانەی سەرەوە تۆ گەورەترین و باشترین چانس بە خۆت دەدەیت بۆ خستنەڕووی زانیارییەکانت هەرکاتێک پێویستت بوو.
سەرچاوەی بابەت: ئيره ببينه
سەرچاوەی وێنە: ئيره ببينه
وەرگێڕان: ئاڵا فرج حسین
هەڵەچن: خهبات رهفيق محمد
دهنگ: لانه سواره
دیزاینی وێنە: فێرۆپيديا