دەبارەى ئێمە

فێرۆپيديا

فێرۆپيديا پڕۆژەيەكى په‌روه‌رده‌يى كوردييە كە ئامانجى مامۆستايان و كەسانى پەروەردەيى و بەڕێوبەرو پلاندانەر ودايك و باوكانە بە تايبەتى. به‌گشتيش قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەيى و زانكۆو پەيمانگاكانە. بيرۆكەى پڕۆژەكە لەلايەن گروپێك لە مامۆستايانى دەرچووى زانكۆو خاوەن بڕوانامەى باڵاو توێژەرانى بوارى پەروەردە و وانە ووتنەوەو ڕاهێنەرى مامۆستايان لە ناوو و دەرەوەى كوردستان داڕێژراوە. ئەم دەستەيه‌ ئيش لەسەر وەرگێڕانى بابەت و توێژينەوە پەروەردەيى و دەركراوە ئەكاديمى و ڤيديۆ پەروەردەييەكان دەكات بۆ زمانى كوردى لە پێناو خستنەڕوويان بۆ خوێنەرانى كورد بە شێوەيەكى ئاسان و بينراو و بيستراو.

كارى ئەم ده‌سته‌يه‌ دوو جۆرە: يه‌كه‌م وەرگێڕان و ديزاين كردن و بڵاوكردنەوەى توێژينەوە پەروەردەيى و ئەكاديمى و بابەت و دەركراو و هەواڵ و ڤيديۆى تايبەت بەو لايەنانەيە.  هەڵبەت ئەمەش بە هۆى باوەڕى بەهێزمانه‌ بە  گرنگى ڕۆڵى وەرگێڕان لە بەرەوپێشچوونى سێكتەرى پەروەردە لە كوردستاندا. جۆرى دووەميان بڵاوكردنەوەى ئەو بابەتانەيە له‌ لايه‌ن ئه‌ندامانى فێرۆپيدياوه‌ هاوشان لەگەڵ كارى كەسانى پەروەردەيى و مامۆستاو توێژەرەكان لە هەموو پارچەكانى كوردستانەوە.

دامەزرێنەرى فێرۆپيديا

لوئەى سەلمان حاجى Louay Salman Haji – دامەزرێنەرى فێرۆپيديا و بەڕێوەبەرى جێبەجێكار

لوئەى حاجى (Louay Haji) هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرە لە فێركردنى زمانى ئينگليزيدا (ELT) و بڕوانامەى ڕاهێنەرى مامۆستايانى هەيە لە لايەن ئينتەرناشناڵ هاوس- لەندەن لەگەڵ ئەزموونى ٩ ساڵ وتنەوەى زمانى ئينگليزى، ڕاهێنانى مامۆستايان و دانانى پڕۆگرامە پەروەردەييەكان. ناو براو لە ئێستادا ڕاهێنەرى مامۆستايانە لە كۆلێجى نۆتينگ هيڵ- كوردستان و مامۆستاى زمانى ئينگليزيشە. هەروەها بەڕێوەبەرى ئەكاديمى و دانەرى پڕۆگرامى خوێندنى پەيمانگاى ئايدڵە. لوئەى باكگراوندێكى پەروەردەيى وانەبێژيى دەوڵەمەندى هەيە. لە زۆرێك لە دامەزراوە ئەكاديميەكان كارى كردووە لەوانە زانكۆ و سەنتەرە نێودەوڵەتييكانى زمان و ڕێكخراوە ناحكومييەكان.

لوئەى حاجى (Louay Haji) فێرۆپيدياى دامەزراند، كە پلاتفۆرمێكى پەروەردەيى پێشەنگە، وەك هەنگاوێكى گرنگ بۆ دەستەبەركردنى بيرۆكەى پڕ كواڵێتى و بەردەوام بۆ مامۆستايان و ڕاهێنەران و بەرپرسانى پەروەردەيى و دايكان و باوكان. ڕوانگەى فێرۆپيديا دەرەنجامى باوەڕى پتەوى لوئەيە بە هێزى پەروەردە و گەشەسەندنى پرۆفێشناڵانەى بەردەوام وەك ئامڕازێكى بەهێز بۆ بنياتنانى كۆمەڵگەيەكى هەردەم چالاك.

هەوڵ و ئامانجمان

بێگومان هەوڵمان بۆ بەديهێنانى جيهانێكى نوێى فێربوونە لە كوردستاندا، شوێنێك كە خوێندكارو دايك و باوك و مامۆستاو بەڕێوبەر و پلاندانەر و سوودمەندانى بوارى پەروەردە هەموويان دەسەڵاتى گۆڕينى سيستەمى پەروەردەيان هەبێت بەرەو باشتر. شوێنێك كە قوتابخانە تێيدا ڕێ و شوێنى جياوازى پەروەردەيى دەستەبەركات بۆ نمونە فێربوون لەسەر بنەماى پڕۆژەكار و فێربوونێكى پڕ سۆزى كۆمەڵايەتى و كرانەوە بە ڕووى تەكنەلۆژيا سەردەمييەكاندا. جێگەيەك كە نوێخوازى  ياسا بێت، نەوەك جياكارى. شوێنێك كە تێيدا خوێندكاران دەبنە فێرخوازى هەميشەيى و سكيڵەكانى سەدەى بيست و يەك بەرەوپێش دەبەن، وە دەتوانن:

  • زانيارى بدۆزنەوەو هەڵيسەنگێنن و بەكاريبێنن بە شێوەيەكى كاريگەرو داهێنەرانە.
  • بەشێوەيەكى هەرەوەزى و بنياتنەرانە كاربكەن.
  • لێهاتووى و تواناى خۆيان بەكاربێنن تا ببنە كەسێكى بە بەرهەم لە كۆمەڵگە و لە جيهانيشدا بە شێوەيەكى فراوان.

لە هەمانكاتدا فێرۆپيديا ئامانجى بەرەو پێشبردنى زمانى كوردييە بە خستنەڕووى سەرچاوەو كەرەستەى تايبەت بە پەروەردەو وانەبێژى و ڕاهێنانى مامۆستايان، بۆيە مامۆستاو خوێندكار هەردووكيان پێكەوە زمانى كوردى بەكاردێنن بۆ توێژينەوەو بەهێزكردنى زمانەكە نەك تەنها بۆ كاروبارى ڕۆژانە بەڵكو بۆ بوارى ئەكاديمى و پەروەردەو وانەبێژى و فێربوونيش.

 خوێنەرانى فێرۆپيديا پەروەردەكاران و دايك و باوك و كەسانى ئيدارى قوتابخانەكان و فاكەڵتى زانكۆكان و ڕێكخراوەكانى ناو كۆمەڵگە. هەموو پێكەوە ئيش دەكەن لە پێناو بنياتنانى قوتابخانەيەكى باشتر لە سەدەى بيست و يەكدا.