دوو ستراتیژی فێربوونی سەلمێنراو بە توێژینەوە

دەیان ساڵ لە توێژینەوە لە بواری دەروونناسی تایبەت بە فێربوون کۆمەکێکی زۆر گەورەی  پێشکەش بە تێگەشتنمان کردووە دەربارەی چۆنیەتی فێربوونی مرۆڤەکان.  بەداخەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوە گرنگە ڕێڕەوی گشتی پەروەردەی نەگۆڕیوە. شەش ستراتیژی دیاریکراو دەستنیشان کراون کە بە تایبەتی کاریگەرن کاتێک کە لە لایەن مامۆستاوە لە ناو پۆلدا یان خوێندکار لە کاتی خوێندنی سەربەخۆدا بەکاردەهێنرێن. هێشتاش وا دەردەکەوێت کە ئەم ستراتیژانەی فێربوون لە کتێبەکانی ڕاهێنانی مامۆستادا دەستنیشان نەکرابن.  

لە ئەنجامدا، مامۆستایان تەکنیکە بەنرخەکانی وانە ووتنەوە و خوێندکارانیش ستراتیژە کاریگەرەکانی خوێندنیان لە دەست دەچێت. لێرەدا باسی ڕاهێنانی ناو بە ناو و بەبیرهاتنەوە دەکەین کە پێمان وایە دوو لە ئامڕازە هەرە گرنگەکانی دەروونناسی تایبەت بە فێربوونن. 

لەوانەیە هەردوو ستراتیژی ڕاهێنانی ناو بە ناو و بەبیرهاتنەوە زەحمەت بن، بەڵام ستراتیژی فێربوونی ئێجگار کاریگەرن. ئەمانەی خوارەوە چۆنییەتی جێبەجێکردنیانن.

ڕاهێنانی ناو بە ناو

زۆربەی بەرنامەکانی خوێندن لە شێوەی هێڵدان: بابەتێک دەوترێتەوە، ئەرکی ماڵەوە دەربارەی بابەتەکە دەدرێت، و دواتر دەخرێتە لاوە (ڕەنگە هەتا ئەو کاتەی لە تاقیکردنەوەی دواتردا دێتەوە، کە پێویستە خوێندکار بیئاخنێتە مێشکییەوە). بەڵام ڕێگەیەکی زۆر کاریگەرتر بۆ فێربوون ئەوەیە کە دڵنیا بیت خوێندکارەکان چەندین جار ڕووبەڕووی بابەتی خوێندن دەبنەوە لەسەر هەمان بابەت بە درێژایی وەرزی خوێندنەکە. هەمان ئەو بڕە کاتەی کە بە خەریک بوون بە بابەتێکەوە لە یەک کاتدا بەسەردەبرێت فێربوونی زۆر باشتر بەرهەم دەهێنێت کاتێک بەسەر چەند کاتێکی پلان بۆ داڕێژراودا دابەش دەکرێت، وەک لەوەی فێربوونەکە هەمووی بەسەر یەکەوە لە یەک دانیشتنی خوێندندا ڕووبدات. 

 ئەم دۆزینەوەیە، لە بنەڕەتدا لە لایەن هێرمان ئێبینگهاوس لە سەدەی ١٩ دۆزراوەتەوە، ئێستا لە سەدان توێژینەوەدا دەستنیشانکراوە. ڕاهێنانی ناو بە ناو لە ڕاهێنانی بە لێشاو باشترە بۆ فێربوونی ووشە، فێربوونی ڕاستی، چارەسەرکردنی کێشە، باشترکردنی لێهاتووییەکانی جووڵە، ژەنینی ئامێرێکی مۆسیقا و زۆر بارودۆخی فێربوونی دیکە.

لەگەڵ ئەوەشدا بە دەگمەن خەڵک ئەنجامی دەدەن. کاتێک ئێمە (یانا واینستین و هاوپیشەکانی) پرسیارمان لە خوێندکارانی کۆلێژ کرد کە یاداشتێکی ڕۆژانەیان هەبێت دەربارەی ئەوەی چەندیان خوێندووە هەتا خولی کۆتایی، بۆمان دەرکەوت کە زۆربەی هەرە زۆری خوێندن ڕۆژی پێش تاقیکردنەوە و تەنانەت ڕۆژی تاقیکردنەوەکە خۆشی ڕوویداوە. لە کاتێکدا بە شێوەیەکی تەکنیکیی تێئاخنین لەوەدا سودی هەبێت کە لەوانەیە توانای دەرچوون بدات بە خوێندکار لە تاقیکردنەوەدا، ئەو زانیارییەی کە بە هۆی دانیشتنەکانی تێئاخنینەوە وەریدەگرن زۆر کاتی دەبێت. لەوانەیە ماوەدارکردنی خوێندن پلانی زیاتری بوێت، بەڵام زۆر کاراتر و کاریگەرترە بۆ مانەوەی درێژخایەن لە هزری خوێندکاردا. 

چۆن مامۆستایان ڕاهێنانی ناو بە ناو نیشان بدەن و خوێندکاران هان بدەن کە مەودا بە فێربوونی خۆیان بدەن؟

  • بە پێداچوونەوەیەکی خێرای بابەتێکی گرنگی چەند مانگێک لەوەوبەر دەست بە هەر پۆلێک بکە.  
  • ئەرکی ماڵەوە بەکاربهێنە بۆ ناساندنی ماوە دانان، لە بری پێدانی ئەرکی ماڵەوە تەنها لە وانەی ئەمڕۆدا، با ئەرکی ماڵەوە ئەو پرسیارانەش بگرێتەخۆ کە بابەتەکانی هەفتە و تەنانەت مانگەکانی ڕابردووش لەخۆدەگرێت. 
  • یارمەتی خوێندکارەکان بدە بە دانانی پلانی پێشوەختە لەگەڵیاندا، داوایان لێبکە دانیشتنی خوێندنی ماوە کورت بنووسن لە بەرنامەی خوێندنەکانیاندا، تەنانەت ئەگەر تاقیکردنەوەشیان لە پێش نەبێت. 

ڕاهێنانی  بەبیرهاتنەوە: 

لەکاتێکدا ڕاهێنانی  ناو بەناو وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چ کاتێک پێویستە فێربوون ڕووبدات،  دەداتەوە، “چۆن؟” پرسیارە گرنگەکەی ترە.  زۆربەی مامۆستایان (و خوێندکاران) تاقیکردنەوەی کورت و خيرا بە هەڵسەنگاندن دەزانن: واتە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی بزانرێت خوێندکار چەند لە بارەی بابەتێکەوە دەزانێت.  بەڵام چی ئەگەر پێمان ووتیت کە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خێرا، یاخود هەر چالاکییەکی دیکە کە ناچارت بکات زانیاری بهێنیتەوە یاد، لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی فێربوون؟  سەدان لێکۆڵینەوە لەماوەی سەدەی ڕابردوودا (بە نموونە، وەک ئەمە) دەریانخستووە کە بەبیرهاتنەوەی زانیاری لە بیرەوەرییەوە ڕێگەیەکی زۆر کاریگەرتری خوێندنە وەک لە دووبارە خوێندنەوە یاخود تەنانەت نووسینەوەی بابەتەکانی پۆل.  

چۆن مامۆستایان ئەو چالاکییانەی کە ڕاهێنانی بەبیرهاتنەوە لەخۆدەگرن بخەنە پۆلەکانیانەوە؟ 

  • دڵنیابە لەوەی کاتێک کە لە پۆلدا پرسیارەکان دەکرێن، هەموو خوێندکارەکان هەلی نووسینی وەڵامەکانیان هەبێت، وەک لە پشت بەستن بە تەنها خوێندکارێک بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە. 
  • دڵنیا بە لە بەکارهێنانی بەرنامە خۆڕاییەکانی نمرەدان بە خود، بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی خێرای بەردەوام و کارای کاتییان بدەیتێ. (لەم بەرنامانە زۆرن؛ وەک سۆکرەتڤ ، مێمرایز بۆ زمانە بیانییەکان و  گوگڵ فۆرم.)  
  • داوا لە خوێندکارەکان بکە پارچە کاغەزێک بێنن و خاڵە سەرەکییەکانی وانەی هەفتەی پێشوو بنووسن. ئەمە هەردوو ڕاهێنانی بەبیرهاتنەوە و ناو بە ناو کۆدەکاتەوە. 

ستراتیژە باشەکانی خوێندن زەحمەتن و دەکرێت هەستی ناخۆش ببەخشن 

جگە لەوەی بە سەدان توێژینەوەی زانستی پشتگیری کراون، ڕاهێنانی ناو بە ناو و ڕاهێنانی بەبیرهاتنەوە شتێکی هاوبەشی دیکەیان هەیە: لەوانەیە هەستێکی زۆر باش بە خوێندکار نەبەخشن. بۆ نموونە، کاتێک خوێندکاران دووبارە و جار لە دوای جار دەقێک دەخوێننەوە، پێشبینی ئەنجامدانی باشتر دەکەن وەک لەوەی کاتێک دەقەکە دەخەنە لاوە و هەوڵدەدەن لە یادگەوە بیریان بکەویتەوە و لە یادەوەرییەوە بینووسن (ئەمە وەسفی توێژینەوەکەیە). ئەمە لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی هەمان دەق ئاسان و ئاسانتر دەبێت، لە کاتێکدا نووسینەوەی دەقەکە بە هەوڵدان بۆ بیرهاتنەوەی، قورسە. بەڵام ئەوە ئەم هەوڵەیە کە بە “دژواریی خوازراو” ناسراوە، کە لە ڕاستیدا فێربوون بەرەو پێش دەبات. دەکرێت هەمان شت دەربارەی ڕاهێنانی بە مەوداش بووترێت. کاتێک خوێندکار دوای ماوەیەکی درێژ ڕووبەڕووی بابەتێک دەبێتەوە، هەندێکی بابەتەکەی بیر چۆتەوە و دووچاری سەختی دەبنەوە لە دووبارە سەرقاڵ بوون پێوەی. بەڵام ئەم هەوڵە زیادەیە بۆدووبارە فێربوونەوەی زانیاری کەمێک لەبیرکراو، بە تێپەڕبوونی کات فێربوون بەهێز دەکات. 

 

سەرچاوەی بابەت:    

https://www.edutopia.org/article/hurts-so-good-yana-weinstein-megan-smith

سەرچاوەی وێنە: 

https://www.edutopia.org/article/hurts-so-good-yana-weinstein-megan-smith

وەرگێڕ:  شۆخان محمد هادی 

هەڵەچن: هاوناز ئیبراهیم مەحمود

دیزاینەری وێنە:  فێرۆپیدیا

دەربارەى Tarza Nawzad

تەرزە نەوزاد ابوبکر لە دایک بووی شاری سلێمانییە. لە ئێستادا خوێندکارە لە زانکۆی ئەمریکی، بۆ پەرەپێدان و فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە باشی بەشداری چەند کۆرسێکی کردووە لەوانە پەیمانگای پاوەر، پەیمانگای IDEL. وە بڕوای وایە ئەم ژیانە چانسیکە ئەگەر بزانی بەکاری بێنی دەتوانی سەرکەوتووبیت لە هەموو کارەکانتدا.

لێرەش بگەڕێ

بەکارهێنانی ووچانەکانی مێشک بۆ گەڕاندنەوەی سەرنجی خوێندکاران

دەربارەی زانست و شیانی ئەم چالاکیە خێرایانەی فێربوون بۆ پۆل بزانە.  ووچانەکانی مێشک چین؟  بۆ …

Share via
Send this to a friend