ئایا هەڵەیە، ئەگەر فێرکردن ته‌نها له‌ پێناو تاقی کردنەوە بێت؟

زۆربەمان لەسەر ئەوە کۆکین کە “فێرکردن لەپێناو تاقی کردنەوە” دەستەواژەیەکی ناپەسەندە. من پێم وایە کە فێرکردن بۆ تاقی کردنەوە، بەو ڕاددەیەش شتێکی خراپ نەبێت. ئەگەر ئێمە بتوانین بەشێوەیەکی ڕاست و بۆ مەبەستێکی ڕاست ئەنجامی بدەین.

یەکێک لە هۆکارە دروستەکانى”فێرکردن لەپێناو تاقی کردنەوە”دا، لەبەرئەوەیە کە فێرخوازەکانت سەرکەوتوانە بتوانن زانیاری و تواناکانی خۆیان بخەنەڕوو. ئەمەی من باسی ئەکەم دیزاین کردنی وانە و مەشقەکانە، بەجۆرێک ڕاستەوخۆ کاریگەری هەبێت لەسەر بنیاتنان و دۆزینەوەی زانیاری و تواناکانی فێرخواز، لە تاقی کردنەوە، یان هەڵسەنگاندنی کۆتایی هەر بەشێکدا.

دەکرێ هەڵسەنگاندن، لەشێوەی پڕۆژەیەك، یان نوسینی وتارێک، یان تاقیکردنەوەیەکی زانستی، یان هەر ڕێگەیەکی تر بێت. بەمەرجێک فێرخوازەکان توانای ئەنجامدانی ئەو كارامه‌يى و زانيارييانه‌يان به‌ شێوه‌يه‌كى كردارى هه‌بێت، كه‌ پێشتر فێری بوون.

دەربارەی “تێگەیشتن لە ڕێگەی دیزاین کردنەوە” وتراوە، کە پێش ئەوەی ئێمە دیزاینی وانە و مەشقەکان بکەین، دەبێت سەرەتا هەڵسەنگاندن رێک بخەین.

بەداخەوە ئەمە زیاتر شتێکی خەیاڵیيەو کەمتر له‌ واقيعدا بەديدەکرێت، تەنانەت بە خۆشمەوە. زۆربەی جار من وانە دەڵێمەوە و دواتر تاقی کردنەوەی ئەوەیان دەکەم کە پێم وتونەتەوە، ئەم پڕۆسەیە لە هەموو قۆناغەکاندا زۆر باوە، هۆکارەکەشی بە گشتی ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کات و توانای پلان دانان. بەداخەوە ئەم ڕێگە باوەی فێرکردن، یارمەتی مامۆستا و فێرخواز نادات بۆ سەرنج خستنەسەر ئەوەی کە چی پێویستە بۆ فێربوون. تاقی کردنەوەی لەم شێوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە فێرخوازەکان تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی و، تەنها ئەو زانیاریانەیان بیر بمێنێ کە بۆ تاقیکردنەوە پێویستیانە، لەکاتێکدا کە لە فێربوونی قوڵدا هەرگیز ئەمە ڕوونادات.

پلانی پێچەوانە:

“فێرکردن له‌پێناو هەڵسەنگاندن”دا کە ئێمە پێشوەخت دایدەڕێژین، هەمووی بریتیە لە پێشبینی خۆمان دەربارەی ئەوەی کە فێرخواز چی فێردەبێت و چ شتێکی لەتوانادایە بیکات؟ هەروەها ئێمە چۆن بتوانین فێریان بکەین و وایان لێبکەین کە بتوانن ئەنجامی بدەن؟. لەم جۆرە تاقی کردنەوەیەدا مامۆستاکان تێڕوانینێکی گشتیان هەیە، کە ئایا تاقی کردنەوەکە چۆن بەڕێوەدەچێت، وە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ جێ بەجێ کردنی هەموو بنەماكان.

کێشەی ئەم ستراتیژە ئەوەیە کە هەندێجار ئێمە بیرمان دەچێتەوە ئەم تاقی کردنەوەیە بەشێکی زۆر کەمی تاقیکردنەوەیه‌كى ستانداردە. لەڕاستیدا تاقی کردنەوەی هەرە گرنگ ئەوەیە کە مامۆستا هەڵسەنگاندنێک بکات، کە هاوكات وەک ئامرازێکی فێرکردن خزمەت بە فێرخواز و مامۆستا بکات.

هەڵسەنگاندنی پێشوەخت زۆربەی کات شێوازێکی ڕاستە، بەڵام ئەوەندەش بە دیاریکراوی نا، کە یارمەتی مامۆستا بدات تێبگات لەوەی کە چۆن و كەى بتوانێ لە ڕێگەی ئەم تاقی کردنەوەیەوە  یارمەتی فێرخوازان بدات بۆ فێربوون.

هەڵسەنگاندنی پێشوەخت:

مه‌رجى ژمارە یەکی ئەم تاقی کردنەوەیە بريتيه‌ له‌وه‌ى کە دەبێ فێرخوازەکان بتوانن دوبارە تاقی کردنەوەکە ئەنجام بدەنەوە، تا ئەو کاتەی کە لێهاتووی و زانیاریەکانیان دەرەکەوێت. “هەڵسەنگاندنی پێشوەخت”ی ڕاستەقینە دەبێت بە ئامرازێکی فێرکردن و، پەیڕەوی سێ یاسا دەکات؛  له‌ ڕێى ئه‌م یاسایانەوه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ فێرخوازەکان دەکرێ چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکرێت لە سێ ڕێگەی جیاوازەوە بتوانن پارێزگاری لەو زانیاری و توانایانە بکەن کە هەیانە. تاقی کردنەوەی یەکەم لەوانەیە تاقی کردنەوەیەکی کورتی زارەکی بێت، دووەميان کۆمەڵێک تاقی کردنەوەی خۆئامادەکردن بێت، سێیەميش ده‌شێت تاقیکردنەوەیەکی سەرەکی نوسین بێت. باشترین نموونە بۆ ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە، ئەوانەن کە بە شێوەیەکی باو لە هونەری زمانەوانی و مێژوودا بەکاردەهێنرێن، وەک نوسینی ڕەشنووسی وتارێک.

فێرخوازەکان باشترین توانای خۆیان بەکاردێنن بۆ نوسینی وتارێک و پاشان دەیدەنە مامۆستاکە، دواتر کۆمەڵێک سەرنج و فیدباک لە مامۆستاکەیانەوە وەردەگرن، کە چۆن وتارەکەیان باشتر بکەن. وە بەهەمان وتاردا دەچنەوە و دواى ڕاستكردنه‌وه‌ى هەڵەکان، دوبارە ده‌يدەنەوە بە

مامۆستاکە.

بۆم دەرکەوت، کە پێدانی بلیتێکی سادە لە دەرگای پۆلەکەمدا ڕێگەیەکی زۆر بەهێزە بۆ فێرکردن و بۆ تاقیکردنەوە. من هەموو ڕۆژێک لەناو دەرگای پۆلەکەدا دەوەستام، لەگەڵ سڵاوکردنم بۆ هەر فێرخوازێک پرسیارێکیشم لێ دەکردن. لەدوای چەند ڕۆژێک لە وەرگرتنی هەمان پرسیار فێرخوازەکان لە هەڵەکانی خۆیانەوە فێر بوون و وردە وردە ڕاستيان دەکردنەوە، هەستیان بە باشی خۆیان دەکرد. منیش هەستم بە باشی بەرەوپێشچونیان دەکرد. له‌ هەڵسەنگاندنی پێشوەختدا دەبێت لەکاتی خۆیدا فیدباکەکان بدرێنه‌وه‌، کە ئەمەش بە دیاریکراوی بەسە بۆ فێرخوازەکانت. تاکو لە هەڵەکانیان تێبگەن و داوای یارمەتی بکەن. یاخود خۆیان هەڵەکانی خۆیان ڕاست بکەنەوە.

هەڵسەنگاندنی پێشوەخت بەشێوەیەکی دیاریکراو و لەکاتی خۆیدا دوبارە و سێ بارە ئەنجام دەدرێت و، زانیاری و توانایەکی باش دەگەیەنێت بە جیهانی زانست و زانیاری فێرخوازان.

چ ئەزموونێکی سەرکەوتنت هەیە لەگەڵ بەکارهێنانی هەڵسەنگاندنی پێشوەخت بۆ  زیادکردنی زانیاری و تواناکان؟ تکایە لە کۆمێنتا باسی بکە بۆمان.

 

سەرچاوەی بابەت:  ئيره ببينه

سەرچاوەی وێنە:  ئيره ببينه

وەرگێڕان: ئاڵا فرج

پێداچوونه‌وه‌ى: هەردى عباس

ده‌نگ: چرا به ختیار

دیزاین: فێرۆپيديا

دەربارەى Ala Faraj

ئاڵا فرج حسین دەرچوی بەشی ئینگلیزی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتییە لە زانکۆی سلێمانی. پیشەی مامۆستایە. ئەو هەم زمانی ئینگلیزی و هەم پیشەکەی زۆر خۆشدەوێت، چونکە باوەڕی وایە بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندروست بەندە لەسەر پەروەردەیەکی تەندروست. ئامانجی ئاڵا گەیاندنی خزمەتە بە کۆمەڵگاکەی بەگشتی و چینی مامۆستا بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا، وە دڵنیاشە کە لەگەڵ گروپی فێرۆپیدیادا زووتر بەو ئامانجەی دەگات.

لێرەش بگەڕێ

هەڵسەنگاندنی ئینگلیزی بۆ فێرخوازەکان

پێش ئەوەی دەست پێ بکەم، با پێکەوە هەندێ وێژەی هونەری ڕاستەوخۆ بزانین. من باسی تاقیکردنەوە …

Share via